لەناخی دڵمەوە سڵاوی گەرمم هەیە بۆتان، هیوام هەمیشە لەشساغی و سەلامەتیتە. کاتێک بەرگرینامەکانم خوێندەوە زیاتر له و ڕۆحەی کورد تێگەیشتم کە هەمیشە و ڕۆژانە لەناو جیهاندا خۆی بەیان دەکا. ئه و ڕۆحە جوامێرەی کورد کە لەناو تۆدا خۆی مانیڤێست دەکات ڕوونتر و گەشاوەتر هەروەک خۆی لای مەلا جەزیری و خانی و مەحوی خۆی بەیان کردووە بەیان دەکا.
لەناو ئێمەدا بەرێزت یەکێکی لە مانیڤێستۆی ڕۆحی کورد لە جیهاندا، لەرۆحمەوە پیرۆزیایی لە خۆراگری و جوامێری و نەبەردیە لێدەکەم.هەرروەها بەعیشقەوە بیرکردنەوە و تێڕامانەکانت لەنێو پارێزنامەکاندا دەخوێنمەوە.
بەهۆی پارێزنامەکانتەوە زۆرشت لە جیهانە ناوەکیەکەی کورد تێگەیشتم، لەوەش زیاتر تێگەیشتم بۆچی کوردبوون کێشەیە بۆ جیهان. ئێستا ڕۆحی کورد لەناوما وەک ئاگری نەورۆزە.
سەرۆک ئۆجەلان لە زوەوە دەمەوێت ئەم نامەیەت بۆ بنوسم و هەستی خۆمت لە باشورەوە بۆ دەربرم، ئێستا ڕێکەوتێکی گرنگە کە مشتومرێکی زۆر هەیە لەنێو مییدیا و کەسایەتی و خەڵکی لە جیهان سەبارەت بە ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی بەڕێزتان. ئەوە ڕۆحی ئاشتیخوازانەی ڕاستەقینەی کورد بۆ جیهان. گەلانی دنیا دەیانزانی بەدرێژای چەند سەدەیەکە کورد لەنێو زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ژیاوە و دەژی، له و ماوە درێژە سەڕەرای جوامێری و نەبەردی و سەرکەوتنەکانی بەسەر دەسەڵاندارانی ناوچەکە ئاشتخوزانە جوڵاوەتەوە و دەجوڵێتەوە.خواستی سەرەکی کورد بۆ گەلان و دەسەڵاتدارانی جیهان ئەوەیە کورد وەک خۆی بژی، وەک خۆی بڕیاری ژیانە ڕاستەقینەکەی خۆی بدا. دەسەڵاتداران لەماوەی سەدەکانی ڕابردوو جگە لە قەتڵ و عام و جینۆسایدی فیزیکی، خەریکی جینۆسایدی کولتوری کورد بوون. زۆر بەووردی لە کۆتا بەرگرینامەکەت ئه و پرۆسە درێژخایەنەت خستۆتە ڕوو، ئه و بەرگرینامانە سەبارەت بە دۆزەکەت ڕووی ڕاستەقینەی جێبەجێکردنی قانون لە ئەوروپا و جیهان بەرامبەر بە کورد بەیان دەکەن.
سەرۆک.... هەمومان دەزانین لە زیندانەوە لەناو دۆخێکی ڕۆحی قورس دەژی،سەرەڕای ئه و دۆخە قورسە، بەڵام جوانتر و قوڵتر لە زۆرێک لە نوسەران و ڕۆشنبیران و سیاسیەکانی نێو کۆشکەکان دۆخی نا ئارام و مەترسیداری ئێمە لەنێو مۆدێرنەدا دەخوێنیتەوە.ئەوەی لەم ساڵانەی دوایدا ڕوودەدا درێژکراوەی مێژووی جینۆسایدی فیزیکی و کلتوری کوردیە و گەلانی ناوچەکەیە.
بەرێزتان جگە لە پیشاندانی ئەرکی قورسی ئاشتیخوازانەت.وەڵامی ئه و عەقڵەی کوردیش دەدەیتەوە کە هەوڵی سەپاندنی کلتوری گەلانی سەردەست دەدەن. بەشێکی ڕۆشنبیران و سیاسیەکانمان به و هۆیەوە خەریکی وێرانکردنی مێژوون، بەڵام هێزی کوردبوون لەناوخۆیدایە،نەک لەدەرەوەی، لەبەر ئەوە ئەوان بێ ئەنجام دەبن.
خەون و خەباتی بەڕێزتان بەتەنها خۆی لە دەرخستنی ڕۆڵی ئاشتیخوانە لە نێو جیهان بەیان ناکات،بەڵکو دەبێت کورد لە جهاندا وەک خۆی بژی و ژیانە ڕاستەقینەکەی تاقی بکاتەوە، چونکە بەدرێژای چەندین سەدە بەهۆکاری جیاجیا ڕێگای خۆ تاقیکردنەوەی لەنێوجیهاندا نەبووە. چەند سەدەیەکە نە کورد لەناو جیهاندا بووە و نە جیهان لەناو کوردا.
کورد دوور جیهان و جیهان دوور کورد کاتی بەسەر بردووە، هەر لەبەر ئەوەشە ئەگەر سەرتاسەری کوردستان بگەرێین شتێک نابینی کە مێژوەکەی نەگەرێتەوە بۆ ئه و سەدانەی کورد لەناو جیهاندا بووە.لەم سەدانەی دوایدا هەموو ئه و شوێنەوار و ئاسەوار و بیناو باڵەخانانەی دروستکران وەک پێداویستیەکی ڕۆژانە بیناکراون،هیچ سەلیقەیەکی هونەری و ڕووناکی ڕۆحی ئێمەیان تێدانابینین.
خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە (ئەوانی دیکە) وا پیشاندانی جیهان دەدەن خۆنیشاندانی کورد وەک قوربانی وای کردووە کورد ببێت بە بار بەسەر جیهانەوە. زۆرێک له و فلیمانەی بەم دواییە بەرهەم هاتن، ئه و مۆزەخانانەی کرانەوە ئه و شوێنانەی بنیادنران، دەرخەری خەونی ئەوانی ترە بەسەر کوردەوە.کەچی بە پێچەوانەی ئه و بیرکردنەوەوە بەرودان و خەباتی مێژووی کورد لەپێناو بوون و مانەوە و دەرکەوتنی پیشانی جیهان دەدات جیهان بارە بەسەر کوردەوە نە کورد بوبێتە بار بەسەر جیهانەوە. تا چەند ساڵێک پێش ئێستا لە هەر ووڵاتێکی ئەم جیهانە بمانگوتایە ئێمە کوردین دەیانگوت کورد چیە؟ بەووردی گوێمان لەوەڵامی چەند ساڵی ڕابردووی گرتووە کە پیان دەگوتین کورد چیە؟ نەک کورد کێیە؟ کورد چیە وەک ئەوەی گیاندارێکی دیکە بێت و لەدەرەروەی گۆی زەوی هاتبێتە سەر زەوی. وەک گیاندارێکی غەریب، کاتێک پیان دەگوتین شاخاوی، ئه و ناونانە مێژوییە بۆ خۆمان پیشاندانی ڕۆحی نەبەردی و جوامێری بووە. بەڵام تێگەیشتن و تەفسیری ئەوان بۆ شاخاوی سەیرکردنی کورد بوو وەک گیاندارێکی غەریب.
ئەوە ڕاستیەکی مێژووییە خەباتی ئاشتیخوازانەی بەرێزت و هەڤاڵان و پێشمەرگەکان ووزە و توانا دەدات به و ڕۆحە پاکەی کوردکە دەیەوێت لە جیهان ئازادانە بژی، هەروەها له و جیهانە خۆش بێت کە مێژوویەکە، سەردەمێکی درێژە خەریکی زوڵمێکی بێوێنەیە بەرامبەری، جیهانێک بە چەکوشێکی ئاسنین بەسەر سەری کوردەوە بووە.
لەکۆتایدا پرسیارێک دەخەمەڕوو:
ئایا دەکرێ له و جیهانە خۆش بین کە بە چەپۆکی ئاسنین چەندین سەدەیە بەسەر سەری کوردەوەیە یان نا؟
تێبینی: ئەم نامە پوختەی نامەیەکە لە ساڵی(2013) ئامادەم کرد ئەوکات دەمویست لەڕێگای پارێزەرەکانیەوە ڕەوانەی سەرۆک ئۆجەلانی بکەم.
زانکۆی ئەرستۆ-یۆنان
هیلال ئیبراهیم
#16-02-2018#