دواڕۆژ، ڕاپۆرت - #سامان قوبادی#
دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی #کەرکووک# - موسڵ - تورکیا، بەغدا هیچ پێویستییەکی بە بۆرییەکەی هەرێم نامێنێت، ئەندامێکی لیژنەی نەوتی کەرکووکیش دەڵێت، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوشدا بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ دەرەوە زیانی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بەر عێراق کەوتووە.
لە پێنج مانگی ڕابردوودا بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ دەرەوە، زیانی دارایی بە عێراق کەوتووە و هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی قەرز لە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بکات.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ڕابردوودا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا، بەڵام له و چەند مانگەدا کە نەوتی پارێزگاکە هەناردە نەکراوە، زیانی زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلار بەر پارێزگای کەرکووک کەوتووە.
ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز، لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دواڕۆژ وتی بەغدا سەرقاڵی چاککردنەوەی ئه و بۆرییە کە پێش شەڕی داعش نەوتی لە کەرکووک بۆ موسڵ و دواتر بۆ تورکیا پێدا هەناردە دەکرد، دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە نەوتی کەرکووکی پێدا دەڕوات بۆ بێجی و دواتر بۆ موسڵ و لەوێشەوە بۆ تورکیا، بە چاککردنەوەی هێڵەکە، بەغدا پێویستییەکی ئەوتۆی بە هەرێمی کوردستان و بۆرییە نەوتەکەی نامێنێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەرێم نییە.
وتیشی لەئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک دەردەهێنرێت و دەنێردرێت بۆ پاڵاوتگەکانی ناوخۆ، بەڵام ماوەی پێنج مانگە هەناردەی نەوتی پارێزگاکە بۆ دەرەوە ڕاگیراوە، ئێستاش نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 60 دۆلار، بەمپێیە له و ماوەیەدا تائێستا زیانی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بەر عێراق کەوتووە.
عەسکەری باسی لەوەشکرد دەبوایە عێراق چارەسەری بەپەلەی بدۆزیایەتەوە و نەوتەکەی نەوەستاندایە، ئەگەر نا ئێستا نەدەپاڕایەوە لە سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی بۆ قەرزکردنی دوو ملیار دۆلار.
لەبارەی دەرکردنی یاسای کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی لە پەرلەمانی عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر پارێزگاکان، وتی یاساکە نادەستورییە و دەبێت پارێزگاکان قبوڵی نەکەن، چونکە کۆمپانیای نەوتی نشتیمانی لە سەرجەم عێراقدا دەتوانێت وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە بواری نەوت و غازدا بکات، بۆیە پارێزگاکان هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر دەرهێنانی نەوت و کۆمپانیاکەدا نابێت، تەنانەت یاساکە ڕێگە بە کۆمپانیا دەدات گرێبەست بکات یان خەڵک دەربکات، بەڵام یاسای نوێ پارەی پترۆدۆلاری زیادکردوە بۆ 5 دۆلار لە هەر بەرمیلێک.
عەسکەری، هۆکاری دواکەوتنی گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، هەر ڕێککەوتنێک-یش لەنێوان هەردوولادا کە دەکرێت، بەبێ ئاگاداری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە.
پێشتر جەبار لعێبی، وەزیری نەوت لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند پەسەندکردنی یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نشتیمانی، سەردەمێکی نوێ دەبێت بۆ پیشەسازیی نەوت و گۆڕانکارییەکی گەورە لە پیشەسازیی نەوت و غازدا دروستدەکات، لە پڕۆژە یاساکەدا هاتووە کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی گشتییە، سەرمایەکەشی 400 ملیار دینار دەبێت.
ئه و نەوتەی ئێستا لە کێڵگەکانی کەرکووک دەردەهێنرێت، بە ڕێژەی جیاواز دەنێردرێت بۆ پاڵاوتگە ناوخۆییەکانی عێراق، بەغداش کار بۆ چاککردنەوەی هێلە کۆنەکەی دەکات تا بەزوترین کات نەوتی پارێزگاکە هەناردەبکاتەوە.
بەپێی ئه و زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی ناو کۆمپانیای نەوتی باکور دەست دواڕۆژ کەوتووە، ڕۆژانە ئه و نەوتەی لە کەرکووک دەردەهێنرێت بەم شێوەیە ڕێژەکەی دابەشکراوە و دەنێردرێت بۆ پاڵاوتگەکان، 45 هەزار لیتر بۆ کەڵەک، 20 هەزار لیتر بۆ بازیان، 56 هەزار لیتر بۆ کەرکووک، هاوکات نزیکەی 55 هەزار لیتر نەوتیش دەنێردرێت بۆ بەغدا، جگەلەوەش هیچ بڕە نەوتێک لە کەرکووک هەناردەی دەرەوەی عێراق ناکرێت، سەرجەمی ئه و نەوتی دەردەهێنرێت بۆ پاڵاوتگەکانی ناوخۆ دەنێردرێت، نەناردنە دەرەوەشی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سیاسی لەنێوان بەغدا و هەولێر و ئەنکەرە.
ئه و سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد ئه و پاڵاوتگانەی بەهۆی شەڕی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق زیانیان بەرکەوت چاککراونەتەوە، کاریش بۆ ئەوە دەکرێت نەوتیان بۆ ببرێت، لەبارەی ئەوەی نەوت هەناردەی ئێران دەکرێت ڕاست نییە، ئەگەر ناردنە دەرەوەی نەوت دەستپێبکات ڕۆژانە دەتوانرێت 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک بنێردرێتە دەرەوە.[1]
#12-03-2018#