ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی، لە لیستی هاوبەش لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان..
سوپاس و پێزانین:
مامۆستایان، سەرجەم چین وتوێژەکان، هاوڵاتیانی بەهەڵوێست، دوابەداوای ڕاگەیەندراوی 24/3ی مامۆستایانی هاوبەش بە پشتگیری و بەشداریکردنی بەرچاو لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان و بە دەنگەوەهاتنی پەیامەکەمان دژی ناعەدالەتی و تاڵانی کە حکومەتی هەرێم دەرهەق بە موچەخۆران کردویەتی و بەردەوامە..، خۆمان و هەموو لایەک بەسەرکەوتوو ئەزانین بەوەی کە بەرهەمی ناڕەزایەتیەکان بەفیڕۆ نەچوو، توانرا ناڕەزایەتیەکان سنوری ترس و تۆقاندن تێکبشکێنێت و لەسنورێکی دیاریکراودا قەتیس نەبێت، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیە بوو کە ناڕەزایی و خەم و ئازارەکانمان لەهەرشوێنێکی هەرێم بێت دەرئەنجامی کارە ئابروبەرەکانی دەسەڵات و سیاسەتی حکومەتێکی شکستخواردوە..، پێداچونەوەو لابردنی بەشێکی پاشەکەوتی زۆرملێ دەرئەنجامی هەڵوێستی ئازایانەی شەقام و ترسی دەسەڵات بوو لەتوڕەیی مامۆستایان و سەرجەم توێژەکان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، وێڕای بەردەوامی و کۆڵنەدانمان لەخەباتی مەدەنی تا تەواوی پاشەکەوتی سەپێنراو هەڵدەگیرێت، ئەوا بەردەوام دەبین لەفشارەکانمان بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی ساڵانی ڕابردوو، جەختکردن لەوەی کە ناوەستین و بەردەوام ئەبین بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانمان، بۆیە بەپێویستی ئەزانین سوپاس و پێزانیمان هەبێت بۆ:
1- سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان لە هەولێر و دهۆک، سلێمانی و کۆیە و گەرمیان، ڕاپەڕین و هەڵەبجە و هەرشوێنێکی تر کە ئەم غەدرەیان قبوڵنەکرد.
2 سوپاس و پێزانینمان بۆ ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگاکان، پزیشکان و تەندروستکاران، بۆ سەرجەم فەرمانگەکان و چالاکوان و خوێندکاران و هاوڵاتیان کەڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لەسەرخستنی ناڕەزایەتیەکان.
3 دەستخۆشیمان بۆ مامۆستایانی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی تری کوردستان کە شانبەشانی ئێمە هەڵوێستیان هەبوو
4 سوپاسی هێزەکانی چالاکی مەدەنی و سەرجەم ئەو هێزە ئەمنیانە ئەکەین کە هەڵویستیان بەرامبەر خۆپیشاندەران هەڵوێستێکی نیشتیمانیانە بوو، پێچەوانەی هەندێ هێز و بەڵتەجی کە نائەخلاقیانە ڕەفتاریان کرد.
5 سوپاسمان بۆ ئەو کەسایەتی و پێشمەرگەی دێرین و پەرلەمانتارانەی پشتیوانمان بوون لە ساتەوەختی ناڕەزایەتیەکان.
6 پێزانیمان بۆ دادوەران و پارێزەران و هەرهێزێکی سیاسی و دەستە و گروپێک کە لەگەڵ خەمەکان و داواکانی ئێمەدا بوون.
7 دەستخۆشیمان بۆ ئەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن کەپیشەییانە ڕوداوەکانیان ئەگواستەوە دوور لەچەواشەکاری پێچەوانەی بەشێک لەڕاگەیاندنەکان کاریان لێدان بوو لەدەنگی ناڕەزایەتیەکان.
8 سوپاسی زۆرمان بۆ ژنان و خانمان و کچان کە پێشەنگبوون لە خۆپیشاندانەکان، تاڕادەی وەک شۆڕشی ژنان ناویان لێنرا کە دەرئەنجامی ئازایەتی ئەو شێرەژنانە بوو کەناهەقیان قبوڵنەدەکرد.
لەکۆتاییدا بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە پشومان درێژە و بەردەوام ئەبین لەخەباتی مەدەنی..، ناڕەزایی و خۆپیشاندان دژی ناعەدالەتی لەکوێ بێ ئێمەش لەوێ ئەبین، پێداگری تەواو ئەکەین لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان، دژی هەموو سزادانێکی مامۆستایان ئەوەستینەوە کەلەبەرامبەر هەڵوێستی ئازایانەیاندا بدرێن.. پێمان وایە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان بەشێکی گرنگی خەباتی مەدەنیە،بۆیە داواکارین لەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا تۆڵەی ئەم دۆخە ناهەموارە لەوهێزە سیاسیانە بکەنەوە کەهۆکاری شکستەکانن.. بەڵێن ئەدەین پشتیوان بەخوا ماندونەبین لەگەیاندن و بەدیکۆمێنت کرنی سەرجەم گرتە ڤیدۆیی و وێنە و پێشێلکارییەکان کە دەرهەق بە خۆپیشاندەران کرا لەلایەن دەسەڵات و هێزەکانی حیزب، سەرجەمیان دەگەیەنینە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێوەندە جیهانیەکان تا ڕووی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە ئاشکرابکەین..
سەرکەوتوبێت ئیرادەی بەرزی مامۆستاو فەرمانبەران... شکست بۆ دەسەڵاتێک کە بێباک و خوڵقێنەری قەیرانەکانە.
لیستی هاوبەشی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.
مامۆستایانی سەردەم(گۆڕان)
مامۆستایانی یەکگرتوو
مامۆستایانی پێشەنگ (کۆمەڵ)
مامۆستایانی سەربەخۆ
#05-04-2018#