رێکخراوی #نەتەوە یەکگرتووەکان# بودجەیەکی دیاریکردووە بۆ یارمەتیدانی 600 هەزار ئاوارە و پەنابەری نیشتەجێی هەرێمی کوردستان.
بە ئامادەبوونی کۆنسوڵی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (سێشەممە، 10-4-2018) ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکی سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران سازکرد.
رامانسان بالاکریشنان، ڕێکخەری هەماهەنگاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند لە ساڵی 2018دا لە چوارچێوەی پلانی هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانی عێراق بە بڕی 156 ملیۆن دۆلار بودجەمان بۆ زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە و پەنابەری نیشتەجێی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە.
ئەو هەروەها گوتی پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ یارمەتدانیی ئاوارەکان لە عێراق، لە مانگی سێی 2018 ئامادەکراوە، لەو پلانەدا گەڕانەوەی ئاوارەکان لە پێشینەی کارەکان دەبێت.
گوتەکانی ڕێکخەری هەماهەنگاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەکاتێکدایە، هەر لەو کۆنفرانسەدا فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد تێچوو و خەرجییەکانی پەنابەران و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەر شانی حکومەت دەکاتە: ملیارێک و 900 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆرە بۆیە پێویستمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە.[1]
#10-04-2018#