بەناوی خودای مەزنی میهرەبان
- هاووڵاتیانی کوردستان و عێراق..
- نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا..
- ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان..
- سەرجەم باڵیۆزخانه و کونسڵخانەکانی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا..
ئێمە لە پارێزگای سلێمانی، بێلایەنانه و یاساییانه و ئیدارییانه و بەرپرسانه و دەوڵەتییانە، چاوەڕوانی بەڵێن و لێدوانە ڕەسمییەکانتان بووین دەرهەق به و هەموو گومان و کەمتەرخەمیی و ساختەکارییانەی لە ئەنجامی دەنگی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی 12/5/2018کرابوون، بەڵام بەنیگەرانییەکی زۆرەوە سوربوونی خۆتان لەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامەبەراییەکان و گوێنەدان بە نووسراوە ڕەسمیی و تانه و سکاڵاکان دووپاتکردەوە، لە بری ڕەواندنەوەی گومانەکان، پانتایی گومانەکانتان زیاترکرد.
لەم بارەیەوە بەڕونیی و ڕاشکاویی پێتان ڕادەگەیەنین، کە ئەگەر ئەرکی یاسایی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەستۆی ئێوەدا بێت، ئەوا ئەرکی پاراستنی هاوڵاتیان و ئاسایش و ئارامیی و ژیان و شکۆو ماف و دەنگ و زەمینەی بەشداریکردنیان لە ئەستۆی ئێمەدایە، لەم ڕوانگەیەوە کەمتەرخەمیی و خەمساردیی و بێباکیی هەندێک لە کەسانی ناو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لەهەندێک شوێن، دۆخێکی مەترسیداریی نەخوازراویان هێناوەتەکایەوە.
بۆ ڕەواندنەوەی هەموو ئەمانە؛ داوای لێکۆڵینەوەی خێراو ڕوون و یاساییانە لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لە ئەنجامەکانی دەنگدان دەکەین و داوا دەکەین سکاڵای لایەنەکان بەهێند وەربگیرێن، بە پێچەوانەوە مانایەک بۆ دەنگی ڕەوای خەڵک و بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ سیستمی دیموکراسیی و بۆ سەروەریی یاسا نامێنێتەوه و ئەم ناوچەیە ڕوبەڕوی قەیرانگەلێکی سەخت و دژوارو ئاڵۆزتر دەبێتەوە، متمانەی خەڵک بە دامەزراوە دەستوریی و دەوڵەتییەکان نامێنێت، زەمینەی بەریەککەوتنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەهێنێتەکایەوە.
گۆڕینی دەنگی ڕەوای خەڵک و قەبارەی قەوارەکان و نوێنەرایەتیی کاندیداکان، گۆڕینی شادیی هاوڵاتیان بەشین، سەرکەوتن بە کەوتن، ئاشتیی بە شەڕ، ڕاستیی بە ساختە، تاوانگەلێکی گەورەن، ڕێ بۆ دوبارەبونەوەی هاوشێوەی پەلاماردانە ناڕەواکان بۆ سەر بارەگای سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ناڕازییەکانی تر، خۆشدەکەن.
بۆیە پێویستە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ بەخێرایی کۆتایی بە گەمەی دەنگەکان بهێنێت، یان بەدەست ئەژماریانبکاتەوە، یان کۆپیی وێنەی دەنگی دەنگدەران بداتە قەوارە بەشداربووەکان.
هەر لێکەوتەیەکی خراپ و نەخوازراو لەم پرۆسەیە بکەوێتەوە، بەر لەهەر لایەنێکی گلاو لەم لادانانە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەرپرسیارە.
لەگەڵ ڕێزدا..
د. #هەڤاڵ ئەبوبەکر#
پارێزگاری سلێمانی
#17-05-2018#