پەیامێک لە سەرۆک بارزانی بۆ ڕای گشتیی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
ئێستا کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، دۆخێکی تازە هاتووەتە ئاراوە. هیوادارم هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیەکی نوێ بە پەیوەندییەکانیاندا بکەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێکی قۆناغێکی تازە بێت بۆ هەردوولا.
هۆکاری سەرەکیی هەموو گیروگرفتەکانی پێشوو و بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی حکوومەتی بەغدا بە دەستوور و لە دیباچەی دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە کە إنّ الالتزام بهذا الدستور يحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسيادةً. ئەمە ئاماژەیەکی زۆر ڕوونە کە عێراق لە یەکێتییەکی ئارەزوومەندانە پێکهاتووە و بەم پێیە ڕیفراندۆم و مافی دیاریکردنی چارەنووس مافێکی دەستووری و سرووشتیی گەلی کوردستانە.
پێویستە دوای سەد ساڵ ئەزموونی پڕ لە کارەسات ئەو قەناعەتە لە بەغدا دروست ببێت کە چیتر دژایەتیی مافەکانی گەلی کوردستان نەکەن و لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان تێبگەن. ئێستا دەرفەتێکی باشە کە لایەنە باڵادەستەکانی عێراق بەو ڕۆح و هەڵوێستەی کە دەستووری لەسەر بنیات نراوە مامەڵە لەگەڵ ماف و داواکارییەکانی گەلی کوردستان بکەن. پێویست بوو حکوومەتی بەغدا کار بۆ قەرەبووکردنی گەلی کوردستان بکات نەک ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەکۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت. حکوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی دێهاتەکان و ئاوارەکردنی خەڵکی کوردستان بکات کە لە قۆناغەکانی پێشوودا و لەم دواییانەش لە کەرکووک و دوز و شوێنەکانی تر دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراوە.
ئێمە پێمان باشە کە بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین هەتا دەگەینە ئەنجامێک. هەرگیز بژاردەی ئێمە بژاردەی شەڕ نەبووە. بە داخەوە هەمیشە و لە هەموو قۆناغەکانی ڕابردوو ئەوە بەغدا بووە کە شەڕی هەڵبژاردووە و ئێمەیش بەرگریمان کردووە بە ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەریشەوە. کەچی هەمیشە و بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش ڕامان وا بووە گرفتەکان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکەین و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاشتیانە بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو واقعەی کە بە زۆری چەک و خۆسەپاندن لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە پێویستە کۆتایی بێت و مێژوو سەلماندوویەتی کە.. بەڵێ، ئەم خۆ ناچەمینین.. و بە زمانی چەک و زۆر لەدژی گەلەکەمان، ئیرادەی گەلی کوردستان هەرگیز نەشکاوە و ناشکێت.
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش هەندێ نیگەرانی و گومان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانیدا هەیە. بۆ نەهێشتنی گومان و ناڕەزاییەتەکان پێویستە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان و قەناعەت بۆ لایەنە ناڕازییەکان دروست بکات.
گەلی کوردستان قوربانیی بێ هەژماری داوە و ئەو دەستکەوتانەی ئێستا هەن بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە ئارا. ئێستایش کە قۆناغێکی تازە لە ئارادایە و هەڵبژاردن کراوە و، بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەکانمان بەفیڕۆ نەچێت و دەستکەوتەکان بپارێزرێن، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بەرژەوەندیی نیشتیمانی بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندیی حزبی و هەموو لایەک پێکەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەکەنە قوربانیی هەندێ دەستکەوتی کاتی و سیاسیی و حزبی. دەبێ لەوە تێبگەن کە ئەگەر کوردستان هەموو یەکدەنگ بێت دەتوانرێ دەستکەوت و مافەکان بپارێزرێن و ئەگەر پەرتەوازە بین ئەوە کوردستانیش لاواز دەبێت. هەموو ئەزموونەکان پێمان دەڵێن کە ئەگەر پێکەوە بین، کاری گەورە و دەستکەوتی گەورە دێتە دی و ئەگەریش پەرتەوازە بین دۆزی ڕەوای گەلەکەمان زیان دەبینێت و پاشەکشە دەکات و ڕەنج و قوربانیدانی گەلی کوردستان بەفیڕۆ دەچێت. هەر بۆیەش داوا دەکەم لایەنە کوردستانییەکان ئەمجارە لە بەغدا پێکەوە بن و یەکڕیز بن.
لە کۆتاییدا سوپاسی ئەندام و کادیر و لایەنگران و دۆستانی پارتی و هەموو ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەلی کوردستان دەکەم کە نەیانهێشت حەزی نەیاران و ناحەزان بهێتە دی.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکانمان
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان
#مەسعود بارزانی#
#19-05-2018#