جەماوەری خۆشەويست و تێکۆشەری پارتی،
ئەم سەرکەوتنە سەرەتا له خانەوادەی سەربەرزی شەهيدان و له پێشمەرگه قارەمانەکان، ئينجا لە هەموو ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان و تێکڕای گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم. ئەم سەرکەوتنە دیموکراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە. بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگريی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئامانجەکانی گەلی کوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی یە لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستاندا.
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، مەکتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەرکردایەتيی پارتی، ئەنجومەنەکانی سەرکردايەتيی پارتی له پارێزگاکان، مەکتەبەکانی پارتی، ڕێکخراوه جەماوەری و پيشەييەکان، هەموو ئەو هەڤاڵانەی سەرپەرشتيی کەمپینەکانی هەڵبژاردنیان دەکرد لە پارێزگاکاندا، هەموو لق و ناوچە و ڕێکخراو و بنکەکەکان، ئەوپەڕی چالاکییان نواند بۆ سەرخستنی لیستی پارتیمان. کار و خەباتی هەموويان و ئەرککێشانی هەموو دەنگدەرانی پارتی، جێگەی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینە. لە هەمان کاتدا ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتیمان و چالاکيی گەنجانی پارتی لە هەموو بوارەکان و شێوازەکانی تازەی کارکردن لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتیدا، بەرز دەنرخێنین. هەموو کاندیدەکانی لیستی 184ی پارتی و کارکردن و هەوڵ و ماندووبوونيان، جێگەی ڕێزی بەردەوامی سەرکردایەتيی پارتین.
سوپاسی تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەم که بەشدارييەکی گەورەيان لەسەر ئاستی عێراق تۆمار کرد و مافی ديموکراسيانەی خۆيان بەکار هێنا، هەروەها سوپاسی هەموو دامودەزگا حکوومييه پەيوەندارەکانی هەرێمی کوردستان، بەتايبەتی دەزگا ئەمنييەکان دەکەم که له بەڕێوەچوونی ئارام و سەرکەوتووانەی پرۆسەی هەڵبژاردندا، ڕۆڵێکی گەورەيان گێڕا.
لەو باوەڕەداین کە هەموو بەرپرس و ئۆرگانەکان و ئەندامانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە هێزوەرگرتن لەو سەرکەوتنە تازەیە، کارێکی زۆرتر دەکەن بۆ سەرکەوتنی گەورەتری پارتی. خەباتی پارتی و درێژەپێدانی ڕێبازی بارزانيی نەمر و پابەندبوونی بەردەوامی بە ئامانجە پیرۆزەکانی گەلی کوردستانەوە، هەمیشە وزەیەکی نوێی خەباتکردن دەداتە ئەندامان و جەماوەری پارتی.
نوێنەرە سەرکەوتووەکانی پارتی وەک هەمیشە پابەند دەبن بە خەونەکانی شەهیدان و ئامانجەکانمان و بەرگریکاری دڵسۆز دەبن لە بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلی کوردستان و بەرگری لە مافەکانی هەموو خەڵکی عێراق دەکەن لە پەرلەمانی عێراقدا.
کوردستانیانی خۆشەویست،
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی میللی، دوای بەخشینی شەهیدێکی زۆر و کارەساتی زۆری شەڕ و دوای ماوەیەکی کەم لە شکستپێهێنان و هەڵوەشاندنەوەی هەوڵ و هێرشەکانی نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداريی هەرێمی کوردستان، توانی بە ئارامییەکی زۆرەوە، سەرکەوتووانە پرۆسەی گەورەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدات، ئەوەش نیشانەی هۆشیاری و بەرزيی هەستی نیشتمانيی خەڵکی کوردستانە.
ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەنديی گەلی کوردستانەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین هەموو ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، ئامادە بن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی دانانی کارنامەیەکی هاوبەش لەپێناو بەشدارییەکی بەهێزی کوردستان لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا. پارتی بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ هەموو گفتوگۆ و کارێکی هاوبەش.
گەلی خۆشەویستی عێراق،
پیرۆزبایيی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقتان لێدەکەم، هیوادارین ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە ببنە مایەی دروستبوونی پەرلەمان و حکوومەتێکی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا کە دەستوور جێبەجێ بکات و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان دابین بکات و هەموو ئەو مافانەی هاووڵاتیانی عێراق کە لە دەستووردا هاتوون، دابین بکات. ئومێدەوارین ئەو هەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەک بۆ دروستکردنەوەیەکی نیشتمانیانەی هەموو دەزگا دەوڵەتی و حکوومییەکانی عێراق کە ڕەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بن.
ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆکردنێکی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستکردنی حکوومەتێکی هاوبەش کە تەوافوق و شەراکەت و پاراستنی بەرژەوەنديی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و کاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بکەین.
#نێچیرڤان بارزانی#
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
#19-05-2018#