ماڵی سوهرەوردی بۆ لێکۆڵينەوە لە ئايين و ئەفسانە و سۆفيزم، ڕێکخراوێکي ناحکوميی خۆبەخش و کەلتوورييە. (17/ 5/ 2015) بە پێي هەردوو ماددەي (10، 11) لە ياساي ژمارە (1) ي ساڵي (2011) مۆڵەتی ياسايی لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومييەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. لەو بەروارەوە، وەک ڕێکخراوێکی تايبەت بە لێکۆڵينەوە، لە بواری پسپۆڕيی خۆيدا دەستی بە کار و چالاکييەکاني کردووە. هەرەديارترين بوارەکانی کار و چالاکيي ماڵي سوهرەوەردی، وەک ناوەندێکي هزريی و کەلتووريی، لێکۆڵينەوە (نووسين و وەرگێڕان) و کۆڕ و سيمينار و ديبەيت و کۆنفرانس و کۆرسی خوێندنی تايبەت بەو بوارانەيە.
ماڵي سوهرەوەردی، بۆ ئەوە دامەزراوە کە بە زمانی کوردی، لەبوارەکانی فەلسەفەی ئايين و ئايينناسی و سۆفيزمدا گەشە بە ڕوانگەی فەلسەفی و زانستی بدات و دەرفەتێک بۆ بيرکردنەوەی فەلسەفی و زانستی لەو کايانەدا بڕەخسێنێت.
بێگومان بوارەکاني لێکۆڵينەوە لەو ناونيشانە سەرەکييانە، زۆر بابەت و کايەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن و ڕەهەندی کۆمەڵايەتی و کەلتووری و مێژووی و دواجار فەلسەفيی جۆراوجۆر و دەوڵەمەنديان هەيە. ماڵی سوهرەوەردی هەوڵێکی بنەڕەتييە بۆ تێپەڕاندنی قسەکردنی لايەنگرانە و نازانستی لەو بوارانەدا و هەوڵدانە بۆ دەرگاکردنەوە بە ڕووی ڕوانگەی فەلسەفی و ڕوانگەی زانستە کۆمەڵايەتييەکاندا، بۆ ئەوەی دواجار بتوانين تێگەيشتنی زانستی و دونيابينی فەلسەفی بۆ مامەڵەکردن لەگەلأ ئەو کايانەدا کە هەستياريی لە ڕادەبەدەر و گرنگي کەلتووری و ژياريی بنەڕەتييان هەيە بخەينەڕوو.
هەموومان ئەوە دەزانين کە مرۆڤايەتی بەگشتی و کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتی و ئيسلامييەکان بە تايبەت، کێشەی کەلتووری و شارستانی و مێژوويی تونديان لە گەلأ ژيانی ئايينی و خەياڵدانی کەلتووريی و بارودۆخی ڕۆحيی خۆياندا هەيە. لە پەيوەنديدا بە چێوەدارکردنی بيرکردنەوەی تاکەکەسی و سيستمە کۆمەڵايەتييەکان و دواجار ژيانی کەلتووری و سياسييشەوە، ئايينەکان ڕۆڵێکی گەورە و مەترسيدار دەبينن. لە مێژووی کۆن و نوێ و هاوچەرخدا، دەيان ڕەوت و بزوتنەوە و تەوژمی کۆمەڵايەتی ئايينی و دژە ئايينيش سەريان هەڵداوە تا بە هەر شێوەيەک بێت مرۆڤ و هەبوونی مێژووی و سياسيی کۆمەڵگاکان و ژيانی کەلتووری ئاراستە بکەن.
لێکۆڵينەوە لە ئايين و ئەفسانە و سۆفيزم، لە فەلسەفە و هزری مرۆيی و دواجار لە زانستە دەروونی و کۆمەڵايەتييەکاندا، بە درێژايی مێژووی خۆی لە گەلأ ئەوەی کە ڕووبەڕووی چەندين لەمپەر و کۆسپ و شێواندن و نکوڵيکردن بۆتەوە وەک يەکێک لە کايە هەرەسەرەکييەکانی هزر و چالاکيی زانستی، درێژەی بە ژيانی خۆی داوە، هەروەها لەسەر زۆر قۆناخی مێژووی هزر و بيری مرۆڤايەتي کاريگەريی يەکلاکەرەوەی هەبووە. بەڵام ئاشنايی و کارکردنی ئێمەی کورد و ڕۆشنبيريی و زانستگاکانمان لەم بوارانەدا، سەرباری ئەو گرنگييە شارستانی و ژيارييە مەزنەی، شتێکی ئەوتۆ نيە کە مايەی دڵخۆشی و ڕەزامەندی بێت. لە ديدی ئێمەوە فەرامۆشکردنی ئەم کايانەی لێکۆڵينەوە، سەرباری هۆکارە جياجياکانی، بۆ خۆيشی هۆکاري زۆر پاشکەوتن و چەقبەستن و شکست و کێشەی کۆمەڵايەتی و کەلتووری و سياسی و پەروەردەيی مەزن بووە، هۆکاري سەرهەڵدانی دەمارگيريی ئايينی و پەرتەوازەبوونی کۆمەڵگە و هاتنە کايەی گەلێ ڕەوت و بزووتنەوەی توندوتيژ و پەڕگيربووە کە ژيانی کۆمەلايەتی و سياسی و ئاسايشی مرۆڤيان ڕووبەڕووی مەترسی کردۆتەوە.
لە سۆنگەی ئەم گرنگييانەوە، ماڵي سوهرەوەردی دامەزراوە بۆ ئەوەی لە نێو ڕۆشنبيريی و کەلتووری کورديدا بە گوێرەی توانايی هەوڵیی ئامادەکردنی ئەو کايە و ڕوانگانە بدات، هەروەها ڕێخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد، بە بەرچاوڕوونيی فەلسەفی و زانستييەوە، هەڵوێستی ئايينيی خۆی هەڵببژێرێت و لە دەمارگيری و جياکاری و ڕيزپەڕی و توندڕەوی و توندوتيژی دوور بکەوێتەوە.
پێويستيی ئێمەی کورد بەم لێکۆڵينەوانە، تەنها لەو سنوورە ديرۆکييە گرنگانەشدا کورت ناکرێنەوە، لە ڕووي ئايين و ئايينزاکانەوە کۆمەڵگا و کەلتووری ئێمەي کورد، کۆمەڵگا و کەلتوورێکی فرەئايين و هەمەڕەنگ و پڕ لە دەوڵەمەندی و هەمەچەشنييە. کورد ئەگەر خاوەن نەبێت، بەشدارێکی هەرە سەرەکی و پارێزەرێکی مێژووي ئەفسانە و ئايين و تايبەتمەندييە کەلتوورييەکانی ميزۆپۆتاميا بووە، لەم پێناوەدا باجی ڕۆحی و مادديی زۆری داوە. لە لايەکی ديکەوە ئەو فرەيی و جياوازييانەش پێويستە خزمەتيان پێ بکرێت و ببنە مايەی دەوڵەمەندی و لێکبوردن و پێکەوەهەڵکردن، پاشان ڕوانگەی مرۆڤی کورد بەرەو شێوەيەکی ئەرێنی و ڕەسەنی پلوراڵيزم و سکولاريزم ببەن. دەبێت ئەمە لە نێو ژيان و کەسايەتی مرۆڤي کورددا ڕەنگبداتەوە و هەر لەم پێناوەشدا ماڵي سوهرەوەردی خۆی وەک پارێزەرێکی ژينگەی کەلتووری و فرەچەشنی لە ميزۆپۆتاميادا دەناسێنێت، ئەو پارێزگارييە لە باری ستراتيژييەوە يەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگ و بنەڕەتييەکاني ماڵی سوهرەوەردييە.
ئەوەی بۆ ماڵی سوهرەوەردی گرنگ بێت و هەميشە دووپاتی بکاتەوە، ئەوەيە کە دەرگاکانی خۆی بەڕووي توێژەر و وەرگێڕ و نووسەراني شارەزا لەو کايانەدا بکاتەوە، تا بە هەموومانەوە ميراتێکی زانستی جێبخەين و بەو توێژينەوانە کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند بکەين، دواجار بۆ وشياريی و بيرکردنەوەی فەلسەفی و زانستی و پارێزگاريکردن لەو فەرەچەشنی و ڕەسەنايەتييە زەمينەسازيی بکەين، لێکبوردن و پێکەوە هەڵکردن و ڕوانين و ڕوانگەی شارستانيی، جێگای دەمارگيريی و توندڕەويی و پەڕگيريی و بانگەشەی ئايينيی و شێواندن بگرێتەوە.
نووسەران و توێژەرانی بەڕێز، دەتوانن بە نووسين و وەرگێڕان، بە چالاکيی هزريی و کەلتووريي ديکە، بە وتار و شيکاريي و خوێندنەوەيان بۆ بەرهەمەکانی ماڵی سوهرەوەرديی، بە بەشداريي کارايان لە کۆڕ و سيمينار و کۆرسەکانی ماڵی سوهرەوەرديدا، بە خستنەڕووي بيروڕا و ڕەخنە و شيکارييەکاني خۆيان، چ لە ماڵپەڕي تيرۆژ و چ لە کايەکاني ديکە چالاکييدا، هاوکاری ڕاستەقينە ماڵي سوهرەوەردی بن و ئەو ماڵە بە ماڵي کەلتووريي و هزريی خۆيان بزانن و دڵنيابن لەوەی کە هەوڵ و بەشدارييەکانيان پێشوازيی لێدەکرێت و بەرز دەنرخێنرێت.