دواڕۆژ، #ئاوارە حەمید#
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە کە ئاماژەی بە بوونی گرتوخانەی نهێنی کردبوو لە هەرێم و ڕایدەگەیەنێت، هیچ گرتوخانەیەکی نهێنی لە هەرێمی کوردستان نییەو باس لەوەشدەکات، 2704 بەندکراوی #داعش# لە کوردستان بوونیان هەیەو 602 کەسیش ئازادکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی حوزەیرانی 2018، دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرنگی خۆی هەیە، بەڵام بەداخەوە باس لەو هەنگاوانە ناکات کە ئێمە بە پێی یاسای ساڵی 2011ی ژمارە 3، تاوەکو ئێستا 118 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
وتیشی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە باس لە بەڕێوەبردنی کەمپەکان دەکات، بەڵام ئێمە هەر هێندەمان لەتوانادایەو پێداویستی ئاوارەکانیش زۆرە، تەنها لە شاری دهۆک لە ساڵی 2016دا زیاتر لە 50 ڕێکخراوی بیانی 616 جار سەردانی کەمپەکانیان کردووە.
دەڵێت سەبارەت بە ژنان ئێمە دەڵێین کە یاسای تایبەت بە پاراستنی ژنان هەیە، هەروەها 49 داواکاری گشتی ژن و 30 دادوەر و 94 لێکۆڵەری دادی ژن بوونیان هەیە.
باسی لەوەشکرد، 2704 بەندکراوی داعش لە کوردستان بوونیان هەیە، هەروەها 602 کەسیش ئازادکراون، لە ئێستاشدا 598 بەندکراو لە بەندیخانەی دژەتیرۆر و چاکسازی گەوران و ژنان لەسەر تیرۆر دەستگیرکراون.
زێباری ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ بەندینخانەیەکی نهێنی لە کوردستان بوونی نییە، ژمارەی شەهیدانی کوردستان لە شەڕی داعش گەیشتووەتە هەزار و 814 شەهید لەگەڵ 10 هەزار و 725 بریندار و 44 دیلی پێشمەرگەش ماون.[1]
#11-06-2018#