ڕۆژی 2/ئەم مانگە حکومەتی ئێران ئاوی #زێی بچووک#ی گرتەوە و ئەمەش مەترسییەکی زۆری لەسەر ژیانی خەڵی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: لیژنەیەکی هونەری بەسەرپەشتی قائیمقامی #قەڵادزێ# و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ و پسپۆڕێکی شارەزایی بەنداوی دووکان و چاودێرێکی ئەنجومەنی پارێزگا لە قەڵادزێ، کۆنوسێکیان ئامادە کردووە و ئەمڕۆ ئاڕاستەی ئێمەی دەکەن و ئێمەش ئاڕاستەی کونسوڵی ئێرانی دەکەین لە شاری سلێمانی، ئەوانیش ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەکەین.
ئازاد حەمەئەمین وتیشی: بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین و قەڵادزێ توانیویانە ئاوی خواردنەوە بۆ سنوورەکە دابینبکەن.
باسی لەوەشکرد: گرتنەوەی ئاوەکان ڕۆژانە ڕێژەکەی جیاواز بووە، ئەو زیانانەی کە لەسەرەتای گرتنەوەی ئاوەکە هەبوو لەم ڕۆژانەی دواییدا کەمتر ببویەوە، لەبەرئەوەی ئاوەکە بەشێوەیەکی زیاتر ئاویان بەرداوەتەوە ئەمەش دیارە لە ژێر کاریگەری داواکەی ئێمە بووە لە 4ی ئەم مانگە لە کونسوڵی ئێران لە سلێمانی.
ڕاشیگەیاند: لە ڕابردوودا لە چرکەیەکدا 140مەتر سێجا ئەو هاتووە، بەڵام لە دوای گلدانەوەکەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ئێرانەوە ئاوەکە کەمیکردووە بۆ 56 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.
هەروەها دیاری عەلی، پسپۆڕی ئاو و ئاوی ژێر زەوی، بە ڕۆژنیوزی وت: 58% ئاوی زێی بچوک بە حەوز لە باشوری کوردستانە و 42% لە ئێرانەوە بۆمان دێت، ئێران ئێستا لە قەیرانی ئاودایە و بەنداوێکی زۆری دروستکردووە، بەڵام ئەو بەنداوانە هیچیان گەورە نین و سەرجەمیان 500 - 550 ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاودەگرێت، لە دوایی گرتنەوەی ئاوەکە ئەو بەنداوانە پڕ دەبن و ئێرانیش ناچار دەبێت کە ئاوەکە بەربداتەوە.
سەبارەت بە زیانی گرتنەوەی ئاوەکان، ئەو پسپۆڕەی ئاو وتی: دەبێتەهۆی زیانی کشتوکاڵی بەسەر زەوییەکانی قەڵادزێ، هەروەها بۆ پرۆژەی ئاوی تایبەت کە ئاوی لێ ڕادەکێشن بۆ شارۆچکەی قەڵادزێ، لەبەرئەوەی ئەو ترومپا(موزەخە) ئاوییانەی کە لەناو ئاوی قەڵادزێدان ئاستی ئاوەکەیان دابەزیوە و ئاو ڕاناکێشن بۆ شارۆچکەکە.
ناوبراو، وتیشی: ئەو ئاوەی کە لە بەنداوی دووکاندا هەیە، بەشی دوو ساڵی دیکەش دەکات، وە زەرەر و زیانەکانی ئەو گرتنەوەی بەنداوەکان ئەوەندە گەورە نییە کە خەڵک بترسێت.
هەبوونی بەنداو لە هەرێمی کوردستان باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی هەرکاتێک وڵاتانی دراوسێ ئاویان لەسەر کوردستان گرتەوە تووشی قەیرانی ئاو نەبین، هەر بۆیە دیاری دەڵێت: لە کۆنەوە داوای دروستکردنی بەنداوی ئاومان کردووە، وە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕازی بووە کە 250 بەنداو دروست بکات و لە قەڵادزێ 17 بەنداوی بۆ دانراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە هەرچی پرۆژەبوو ئەنجام نەدرا.
ئاماژەی بەوەشدا: بۆیە داواکاریمان دیسان لێیان هەیە کە تەواوکردنی ئەو بەنداوانەی کە بڕیار بوو بکرێت و دیزاین و ڕێوشوێنە زانستییەکانی تەواوبووە، چونکە ئەوە گومانی تێدا نییە کە ئێران لە دروستکردنی بەنداو ناوەستێت و ئاومان لێدەگرێتەوە کە خۆی پێویستی پێبێت.
دروستکردنی بەنداوێک کوردستان ڕزگار دەکات و ئەو پسپۆڕەی ئاو دەڵێت: ئەوەی کە هەرێمی کوردستان ڕزگار دەکات دروستکردنی بەنداوی بێخمەیە، کە 17 ملیار مەتر چوارگۆشە ئاو دەگرێت، کە لەسەر زێی گەورە دروست بکرێت لە ناوچەی بلە و بارزان.
هەروەها ئەکرەم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان و کۆگانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامی هەیە، وە هیچ کاریگەری لەسەر بەنداوی دووکان نەبووە، بەڵام لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کاریگەریی هەیە.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان و کۆگانی ئاو لە هەرێمی کوردستان وتیشی: حکومەتی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ ئێران کردووە، بەڵام هیچ دەرەنجامێکی نەبووە.
زێی بچووک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و باشوری کوردستان تێپەڕدەکات و دەڕژێتە ڕووباری دیجلە، درێژاییەکەی 400 کیلۆمەترە و لە بەشێکیدا سنووری ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان دیاریدەکات، لە هەرێمی کوردستان بەنداوی دوکانی لەسەر دروستکراوە و له ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەنداوی سەردەشت-ی لەسەر دروستکراوە.
ڕۆژی 24ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو-ش، بەهۆی تەواوبوونی بەنداوی کۆڵەسەی ناوچەی سەردەشت، کە لەسەر زێێ بچووک دروستکراوە، ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتەوە، دوای هەوڵدانێکی زۆر لە لایەن بەرپرسانی حکومیی و ناوچەکە، دوای 11ڕۆژ ئێران دەرچەیەک لە ئاوی بەنداوەکەی کردەوە.[1]
#12-06-2018#