بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی لە سیمینارێکدا لەبارەی زیانەکانی ئاگرکەوتنەوە لەسەر ژینگە ئاشکرایدەکات، کە بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، زیانی بە ژینگەی هەرێم گەیاندووە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی قائیمقامیەتی قەزای مەرکەزیی هەڵەبجە، لەمیانەی چالاکییەکانی ڕۆژنی جیهانید ژینگەدا، هەردوو ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێکخراوی نوێ بۆ مافەکانی مرۆڤ، سیمینارێکیان لەسەر زیانەکانی ئاگرکەوتنەوە لەسەر ژینگە بۆ دارا حەسەن، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی ڕێکخست.
دارا حەسەن، لە سەرەتای سیمینارەکەدا باسی لە زیانەکان کرد و وتی: ئەو زیانانەی کە بەهۆی ئاگرەوە بەر ژینگە دەکەوێت، لە دوو لایەنی سەرەکییدا خۆی دەبینێتەوە، کە بریتین لە ئابووریی و خاک، بەشێوەیەک دەبێتە هۆی لەناوبردنی دارستانەکان و گژوگیای لەوەڕاندن و پزیشکیی و بەهەدەردانی تووانای ماددیی و مرۆیی لە ئەنجامی کوژاندنەوەی ئاگرەکان.
هەروەها، وتیشی: مەترسییەکانی لەسەر خاکیش دەبێتە هۆی لەناوبردنی ڕووپۆشی ڕووەکیی، کە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر پێکهاتەی خاک، لەگەڵ ڕوودانی ڕاماڵین و داماڵینی خاک، کە دواتر هیچ کشتوکاڵێک ناکرێت بەبێ بوونی ئەو خاک و خۆڵە، لەگەڵ ئەوانەشدا کاریگەری لەسەر دیمەن و ئاوهەوای شوێنەکە و لەسەر گیانەوەرە جۆراوجۆرەکان و ئاوی ژێرزەوی و پیسبوونی هەوا دادەنێت.
بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو، کە وڵاتانی دراوسێمان بەتایبەت ئێران و تورکیا لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی تۆپبارانەکانیان لەناوچە سنورییەکان، زیانێکی زۆریان بە ژینگە و پووش و پاوانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی، کۆی گشتیی ڕووبەری سوتاوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2010 تا 2014 نزیکەی 400 هەزار دۆنم بووە، کە زۆرترین ڕێژە لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، کە 299 هەزار و 936 دۆنم بووە.[1]
#12-06-2018#