دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
بەرگری شارستانی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی2018دا، 701 ڕووداوی جۆراو جۆر ڕوویانداوە کە 116 ڕووداویان سوتانی ئۆتۆمبێل و 14 حاڵەتی خنکان و 17 حاڵەتی تریش مردن بووە، وتەبێژی بەرگری شارستانیش دەڵێت جگە لە حاڵەتەکانی خنکان و گیانلەدەستدان سەرجەم ڕووداوەکانی تر ڕوویان لە کەمیکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تەمموزی 2018، بێستون فەرهاد، ئەفسەری بەشی هونەری لە بەرگری شارستانی هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پلانی تایبەتیان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە و بەهۆی هۆشیاری هاووڵاتیانیشەوە ڕووداوەکان کەمتر بوونەتەوە.
وتیشی بەهۆی ئەوەی گەشتیارانیش لەم کاتەدا ڕوو لەناوچە گەشتیارییەکان دەکەن و زۆرکات بەهۆی نەشارەزایی لەکاتی مەلەکردن ڕووبەڕووی خنکان و ڕووداوی نەخوازراو دەبنەوە، لەهەمان کاتیشدا بەهۆی سوتانی فیولپەمپ و هەر هۆکارێکی تر بەداخەوە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان دەسوتێن، بەڵام تیمەکانمان بەردەوامن لەسەر خەت لە ماوەی 24 کاتژمێردا لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆنەکانی 115 و 125 کە دەتوانن هاووڵاتیان پەیوەندیی بکەن.
هاوکات بێوار زەید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی خستەڕوو و وتی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 701 ڕووداو هەبووە کە 116 ڕووداویان سوتانی ئۆتۆمبێل بووە، 14 ڕووداوی خنکان و 17 ڕووداویش مردن بووە هاوکات 35 کەسیش بریندار بوون.
وتیشی بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار ڕووداوی خنکان و مردن کەمی کردووە بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو 12 حاڵەتی خنکان و 16 حاڵەتی مردن تۆمارکراون.
بێوار زەید، ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەش مانگی یەکەمی 2018دا، 701 حاڵەتی ڕووداوی جۆراوجۆر ڕوویانداوە کە لەوانە 116 ڕووداویان سوتانی ئۆتۆمبێل بووە، ئەمەش بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار ڕووی لە کەمی کردووە بە جۆرێک کۆی ڕووداوەکان 964 ڕووداو بوون، لەوانە 122 ئۆتۆمبێل سوتابوون.
سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی خنکان و مردن وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕوونیکردەوە، زیادبوونی حاڵەتەکانی خنکان پەیوەندی بە شارەزا نەبوونی خەڵکەوە هەیە کاتێک دەڕۆنە مەلەکردن گوێ بە ڕێنماییەکانی کارمەندانی بەرگری شارستانی نادەن و لە ئاوە قوڵەکاندا مەلە دەکەن و دەخنکێن.
دەشڵێت حاڵەتەکانی ئاگر کەوتنەوە ڕوویان لە کەمی کردووە کە هۆکاری ئەمەشیان بۆ هۆشیاربوونەوەی خەڵک دەگەڕێتەوە و لە ڕابردووشدا تیمەکانی بەرگری شارستانی بەردەوام لە قوتابخانە و کۆلێژەکان ڕێنماییان بە خوێندکاران داوە تاوەکو خۆیان بە دووربگرن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بە هەڵە لەماڵەوە و شوێنە گشتییەکان ئاگر نەکەنەوە یان دەستکاری هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە نەکەن.[1]
#03-07-2018#