دواڕۆژ، سیروان حەسەن
#بەنداوی باوەنور# لە سنوری #گەرمیان# کە بەیەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی ناوچەکە دادەنرێت، ماوەی چوار ساڵە کارەکانی ڕاگیراوە، بەرپرسێکی ناوچەکەش دەڵێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەنیا لەسەدا پێنجی تەواوکراوە.
ساڵی 2013 بەردی بناغەی بەنداوی باوەنور لەسەر ڕوباری سیراوان دانرا، بەڵام لەساڵی 2014-وە بەهۆی قەیرای داراییەوە کارکردن لەپڕۆژەکە ڕاگیراوە.
عەزیز عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شارەدێی پێباز بە دواڕۆژی ڕاگەیاند پڕۆژەی بەنداوی باوەنور یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە ئه و پڕۆژەیە هەر لە سەرەتاوەو دوای تەواوبوونی لەسەدا پێنجی کارەکانی ڕاگیراوە و تاوەکو ئێستا نەخراوەتەکار.
وتیشی هەموو هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی تر بکەوێتەوەکار، چونکە پڕۆژەکە سودی دەبێت بۆ ناوچەی گەرمیان و ناحیەی باوەنور بە تایبەتی و هاوکات کاریگەری باشیشی دەبێت لە سەر شارەکانی ناوەڕاستی عێراق لە ڕووی ئاو و ئاودێرییەوە.
لەوبارەیەوە محەممەد سەعید، چالاکوان و سەرپەرشتیاری هەڵمەتی دەستپێکردنەوەی بەنداوی باوەنور بۆ دواڕۆژ ڕونیکردەوە پێویستە حکومەتی هەرێم ئەم پڕۆژەیە بخاتەوەکار و هەوڵی تەواوبوونی بدات، چونکە بە تەواوبوونی ناوچەکە دەوڵەمەند دەکات لە ئاوی شیرین و دابینکردنی وزەی کارەبا و پێداویستییەکانی هاوڵاتیانی سنورەکە دابین دەکات.
دەڵێت ئه و بەنداوە کەرتی کشتوکاڵ دەبوژێنێتەوە و گەرمیانیش دەکاتە ناوەندێکی گەشتیاری گەورە و هەلی کار دابین دەکات و سامانی ماسی و زۆرلایەنی دیکە فراوانتر و دەوڵەمەند دەکات کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی هەیە.
ئه و چالاکوانە باسی لەوەشکرد، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بتوانن فشار لەسەر حکومەتی هەرێم دروستبکەن و پڕۆژەکە بخرێتەوەکار و تەواوبکرێت.
هاوکات هەڤاڵ ئیبراهیم وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند تاوەکو ئێستا چەندینجار لەبەر گرنگی پڕۆژەکه و سودەکانی بۆ ناوچەکە، ئیدارەی گەرمیان بە نوسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجومەنی وەزیرانیش کردووە کە پڕۆژەی بەنداوی باوەنور بخرێتەوەگەڕ و کاری تێدابکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ نەنراوە و ئیدارەی گەرمیانیش لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت چونکە پڕۆژەکە گرنگی زۆری هەیە بۆ ناوچەکە.
بە پێی دیزانەکەی، بەنداوی باوەنور توانای گلدانەوەی 70 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەهۆیەوە 65 هەزار دۆنم زەوی دێمی دەکاتە بەراو، هاوکات توانای دابینکردنی 33 مێگاوات کارەبای دەبێت. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2013 بە گوژمەی 234 ملیار دینار خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیار بوو لە 25/7/2018 تەواوبکرێت.[1]
#06-08-2018#