سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ویدات حسێن عەلی ڕۆژنامەنوسی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوز، لە شاری دهۆک، لە گەڕەکی ماڵتا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو دەڕفێندرێت و پاش چەند کاتژمێرێک بەنیوە مردویی لەسەر ڕێگەی شارۆچکەی سێمێڵ – دهۆک، دەدۆزرێتەوە و لەرێگای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات. ڕۆژنامەنوس ویدات حسێن عەلی،لە 1988 لە پارێزگای دهۆک لە دایکبووەو تەمەن 28 ساڵ. ماوەی چەند مانگێکە گرێبەستی لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوزدا واژۆ کردووە. نزیکەی مانگێکە لە ئاژانسی ناوبراو لە دهۆک وەکو پەیامنێر دەستبەکاربووه، بەپێی وتەی بنەماڵەی ئەو ڕۆژنامەنوسە ویدات لەهەمان کاتدا کارمەندی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆکیش بوو. دەربەند حسێن، برای ئه و ڕۆژنامەنوسە لە لێدوانی بۆ ڕاگەیاندنەکان دەڵێ، “براکەمان لەسەر کێشەیەکی سیاسی تیرۆرکراوە”. سۆران حسێن لەناوەندی ڕۆژنیوز بەئاوینەی ڕاگەیاند “ ویداد ماوەی نزیکەی 2 مانگە بەفەرمی لەگەڵ کەناڵی ڕۆژنیوز کاردەکات، پێشترێش هاوکاری کەناڵەکەمان بوە، لەم ماوەیەدا ئاسایشی دهۆک چەندین جار بانگی کردوە و هەڕەشەی لێکردوە“. بەپێی ڕاگەیاندنێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاد لە چەند جارێک ویدات لە لایەن ئاسایشی دهۆکەوە بانگ کراوەو لێپرسینەوەی لێکراوە.
بەپێ هەواڵ و زانیاریەکان، کوشتنی ڕۆژنامەنووس ویدات حسێن عەلی کردەوەیەکی ئامانجدارانە و تیرۆری سیاسیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لە تیرۆری ئەو ڕۆژنامەنووسە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا تیرۆرکراوە. لەو دەڤەرەدا هەڕەشە و تیرۆر و گوشار خستنە سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوان و هەڵسوڕاوی سیاسی، لە ژێر سایە و دەسەڵاتی پارتی ئەو ناوچەیەی کردۆتە سێگۆشەی بەرمۆدا. کارنامەی تیرۆری دەنگە جیاوازەکان لەلایەن دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، گومان و تۆمەتی تیرۆری ویدات بەرەوڕووی ئەوانە. نەدۆزینەوەی تاوانبارانیش، گومان لەسەر خودی خۆیان دەکات بە بەڵگە و یەقین. #ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان# بۆ داکۆکی لە ئازادی بە توندی ئیدانەی کوشتنی ڕۆژنامەنوس ویدات حسین دەکات. بانگەوازی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان دەکات بە نارەزایەتی و هەڵوێستگرتنی جدی هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن.
ریسوایی و مەرگ و سەرشۆری بۆ دەسەڵاتی تیرۆر و خوینرێژی.
ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
#13-08-2016#