لە ماوەی دوو ڕۆژی جەژنی قورباندا، نزیکەی 30 هەزار گەشتیار کە زۆربەیان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون، سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای #دهۆک#یان کردووە.
نێچیرڤان حوسێن، پەیامنێری ڕووداو لە دهۆک ڕایگەیاند: لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 820 شوێنی گەشتیاری هەن، بەردەوام لە پشووەکاندا خەڵک ڕوو لەو ناوچە گەشتیارییانە دەکەن، بەتایبەتی گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دهۆک، لە هەر ڕۆژێکی جەژندا 15 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژی پێش جەژنیشدا، واتە ڕۆژانی 19و 20ی 8-2018 نزیکەی 21 هەزار گەشتیار ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردووە.
پەیامنێری ڕووداو هەروەها دەڵێ پێشبینی دەکرێت تاوەکو 28-8-2018 نزیکەی 70 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆک بکەن، یەکێک لەو شوێنانەشی کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕووی تێدەکەن، تاڤگەی سیپەیە لە #ئاکرێ# و، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ نزیکەی چوار هەزار گەشتیار سەردانی ئەو ناوچە گەشتیارییە بکەن.[1]
#23-08-2018#