بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە لە چوار ڕۆژی جەژندا لە #سلێمانی# و #هەولێر#، 40 کەس بریندار بوون و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر و وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی، ئامارەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆیان لە ڕۆژانی جەژندا ڕاگەیاند.
فازڵ حاجی حسێن، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە چوار ڕۆژی جەژندا لە هەولێر بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە، کە هەشت ڕووداو ڕوویانداوە، 18 کەس بریندار بوون.
وتیشی: تەنها دوێنێ کە چوارەم ڕۆژی جەژن بوو، پێنج ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویاندا، ڕۆژەکانی دیکەش هەر ڕۆژەی ڕووداوێک ڕوویداوە.
باسی لەوەش کرد، بە گشتی لە ڕووداوەکاندا هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە، تەنها 18 کەس بریندار بوون، هۆکاری ڕووداوەکانیش بەشێکیان بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆوە بووە.
هەروەها ڕائید کاروان محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: لە ڕۆژانی جەژندا لە سنوری پارێزگای سلێمانی 17 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە و بەهۆیانەوە 22 کەس بریندار بوون و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە.
باسی لەوەش کرد:: زیادبوونی ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی بۆنەکاندا قەرەباڵغی زۆر دروست دەبێت، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی لە لایەن ئێمەوە، بەڵام پابەندنەبوونی شۆفێران و خراپبوونی جادەوبانەکان هۆکاری ڕووداوەکانن.
ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ساڵی ڕابردوودا لە چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، 12 ڕووداوی هاتوچۆ هەبووە و 12 کەس بریندار بوون، بەڵام ئەمساڵ ڕووداوەکان زیاتر بوون.[1]
#25-08-2018#