وەک پێشتر ئاگادارمان کردوونەتەوە، بفەرموون لە گەڵ وتاری هاوبەشی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی دژی سزای لەسێدارەدان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران - ژنێڤ، پرسی گرتنی ناڕەوا و لەسێدارەدان و نەگەڕاندنەوەی تەرمی زیندانییانی سیاسیی کورد لە ئێران، لە 39هەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافەکانی مرۆڤ، کە سبەینێ پێشکەشی دەکەین.
لەگەڵ ڕێزمدا، تەیموورئەلیاسی
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران - ژنێڤ
12/9/2018
نەتەوە یەکگرتووەکان، شۆرای مافی مرۆڤ، ژنێڤ، وتاری هاوبەشی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی دژی سزای لەسێدارەدان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران - ژنێڤ، پرسی گرتنی ناڕەوا و لەسێدارەدان و نەگەڕاندنەوەی تەرمی زیندانییانی سیاسیی کورد لە ئێران، لە 39هەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافەکانی مرۆڤ.
بەڕێز سەرۆک،
ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی دژی سزای لەسێدارەدان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ،
سەرنجتان بۆ سەر گرتن و لەسێدارەدانی ناڕەوا و هەروەها نەگەڕاندنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوانی زیندانییانی سیاسیی کورد لە ئێران ڕادەکێشێ.
وەک لە دوایین ڕاپۆرتی ڕێپۆرتێری نەتەوه یەکگرتووەکاندا هاتووە، گەلی کورد تووشی گەورەترین سیاسەتی ستەم و سەرکوتە لە ئێران بە خاتری کوردبوونیانەوە. لە سەرەتای ساڵی 2018ەوە، زیاتر لە 400 هاووڵاتیی کورد گیراون و نزیکی 140 کەسیان بە تاوانی دروستکراوی ئەمنییەتی مەحکووم کراون.
تەنیا لە مانگی ژووئیەی ئەمساڵ، 25 هاووڵاتیی کورد لە سێداره دراون، کە زۆرینەیان بە تاوانی خەیاڵیی محاربە واتە دژایەتیکردنی خودا بووە.
حەوتووی ڕابردوو، سەرەڕای دژایەتی توندی ڕیپۆرتێری نەتەوه یەکگرتووەکان بۆ ئێران، کۆماری ئیسلامی 3 هاووڵاتیی کوردی بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێنپەناهی لە سێدارە دران، کە بێتاوان بوون و لە ژێر ئەشکەنجە و دادگایەکی ناڕەوادا حوکم درابوون.
نەگەڕاندنەوەی تەرمی زیندانییانی سیاسیی کورد و نەتەوەکانی دیکە کردەوەیەکی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامییە و ڕێژیم تەرمی زانیار و لوقمان و ڕامین تەحویڵی بنەماڵەکانیان ناداتەوە. ڕاگرتن و ونکردن و لەنێوبردنی تەرمی زیندانییانی سیاسیی کورد پێشێلکاری هەموو ئه و پەیمانامانیەکە کۆماری ئیسلامی پەسەندی کردوون و مایەی ئەشکەنجەی دەروونییە بۆ بنەماڵەی لەسێدارەدراوان.
لە کۆتاییدا، ئێمە داواکارین لە خاتوو میشێل باشەلێ، سەرۆکی کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤ شۆرای مافی مرۆڤ کە گوشاری پێویست بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی تەرمی زیندانییانی سیاسی و هاووڵاتییانی کورد ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکەنەوە.
ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی دژی سزای لەسێدارەدان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران - ژنێڤ
#12-09-2018#