یادەوەرییەکانی ژێر زەوی
ئارام سدیق
هەفتەی ڕابردوو هاوڕێیەکم داوای ئەوەی لی کردم کتێبێکی بۆ پێشنیار بکەم تا بیخوێنێتەوە، بێگومان ئەمە یەکێکە لە کارە سەختەکان، چونکە حەز و سەلیقەی مرۆڤەکان بۆ هەموو شت لە یەکتری جیاوازە. ڕەنگە خاڵی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام هەمیشە خاڵی جیاوازیش بەدی دەکرێت. زۆر بیرم کردەوە چی بۆ ئەو هاوڕێیە پێشنیار بکەم. پاش ماوەیەک ڕامان بیرم لەوە کردەوە کە ڕۆمانی یادەوەرییەکانی ژێر زەوی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی بۆ پێشنیار بکەم و ئەویش پێشنیارەکەی پەسەند کرد. ئەم ڕۆمانە لە چەند هەفتەی پێشوودا بە وەرگێڕانی ڕەووف بێگەرد دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 238 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردەوە.
ئەم ڕۆمانە وەکو زۆرێک لە کارەکانی دیکەی ئەم نووسەرە ڕامان و وردبوونەوەیە لە ئینسان و ڕۆچوونە بەنێو تەنگژە دەروونییەکانیدا. بە جۆرێک خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا هەست بەوە دەکات، کە نووسەر پارچە پارچە دەروونی مرۆڤێک شی دەکاتەوە. یەکێک لە جوانییەکانی ئەم ڕۆمانە دەسپێکی ڕۆمانەکەیە کە زۆر بە سادەیی و بە شێوەیەکی سەرسامکەرانە خوێنەر گیرۆدەی تێکستەکە دەکات و ڕۆمانەکە بەم ڕستەیە سەرنجڕاکێشە دەست پێدەکات: من کابرایەکی نەخۆشم... کابرایەکی بەدفەڕم... کابرایەکی نەفرەتلێکراوم. ڕەنگە تووشی نەخۆشی جگەریش هاتبم. لێ تا ئێستا نەمزانیوە بە باشی لەم نەخۆشییە تێبکەم و بزانم چییە.
چیرۆکی ئەم کابرا نەناسە نەخۆشە لە تەواوی ڕۆمانەکەدا درێژ دەبێتەوە و دۆستۆیڤسکی لە زۆر جێگەدا دەیەوێت وێنەی ئەو مرۆڤە پیشان بدات کە بەدەست ڕۆتینی ڕۆژانەوە هەراسان بووە و لە زۆر جێگەی دیکەدا دەیەوێت کوشندەیی تەنیایی بۆ خوێنەر بخاتەڕوو و لە جێگەیەکی دیکەشدا ئاواتی مەرگخواستن لە جێی ژیانێک دادەنێت کە بۆتە عەزاب بۆ زۆرێک لە مرۆڤەکان.
پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە تا کۆتایی کەس نازانێت کێیە و چونکە هەر خودی خۆی گێڕەرەوەی سەرەکی ڕۆمانەکەیە بۆیە وەکو جۆرێک لە یادداشتنامەش دەردەکەوێت هەر وەکو لە ناونیشانەکەشیەوە دیارە نووسەر خۆی مەبەستی بووە وەکو جۆرێک لە ڕۆمانەیادداشت بیخاتەڕوو ئەوەشی پەیوەندی بە ناونەهێنانی پاڵەوانەکەوە هەیە ئەوەیە کە وەکو وەرگێڕ لە پێشەکیی ئەم ڕۆمانەدا ئاماژەی بۆ کردووە دەشێت بۆ ئەوە بێت هەموو خوێنەرێک خۆی تێدا ببینێتەوە. ڕەنگە ئەمەی ئەو پەڕجووە بێت کە نووسەر دەیەوێت لە خوێنەری بکات.
لە جیگەیەکدا بێزاری و تووڕەیی پاڵەوانەکە لە ژیان دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئاوات بە مەرگ دەخوازێت. کاتێک بە بەردەم گازینۆیەکدا دەڕوات و دەبینێت لە ناوەوە شەڕە و لە قاتی سەرەوە کەسێک هەڵدەدەنە خوارەوە ئەویش دەچێتە نێو گازینۆکە بەو ئاواتەی ئەویش هەڵبدەنە خوارەوە. بەڵام ئەم حەزەی ناچێتە سەر و کەس هەقی بەسەر ئەوەوە نابێت. پاڵەوانە لە جێگەیەکدا ئازار بەوە دەچێژێت کە کەسێک لە گازینۆکەدا وەکو نەبوو حسابی بۆ کردووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان نەیبینیوە. ئەمە دەبێتە گرێی دەروونی بۆ ئەم پاڵەوانە و دەیەوێت لە جێگەی دیکە و لە کاتی دیکەدا تۆڵەی خۆی لەم کەسە بکاتەوە. بەڵام تۆڵەکردنەوەیەک لە ئارادا نییە. ژیانێک هەیە کە هەر چوارلای بە ئازار و خەم تەنراوە و مرۆڤ بە هەر لایەکدا گوزەر بکات ناتوانێ ئاسوودە بێت. ئەم ڕۆمانە چیرۆکی نووسینەوەی نائاسوودەیی تاکێکە کەلە هەموو سەرزەمین و هەموو کولتوورێکدا دووبارە دەبێتەوە. هەر ئەمەشە گرنگی تێکستی داهێنەرانە، کە زەمەن ناتوانێ زەفەری پێ ببات و ساڵ و سەدەکان دەبڕێت و بۆ هەمیشەیی دەژی.
دوای دوو ڕۆژ هاوڕێکەم ڕۆمانەکەی خوێندەوە هاتەوە و گوتی: ئەم کتێبە ڕۆمان نییە شتێکی دیکەیە؟ ئەو نەیدەتوانی ناوێکی گونجاو بۆ ناوەڕۆکی تێکستەکە بدۆزێتەوە. منیش گوتم ئەمە زیاتر لەوەی ڕۆمان بێت تێکستێکی مرۆڤناسییە. هاوڕێکەم سەیرێکی خەمبارانەی کردم و هیچی دیکەی نەگوت. ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانەکانی دیکەی دۆستۆیڤسکی بەدەر لەوەی ڕۆمان بن لە لێکۆڵینەوەی دەرووناسی و کۆمەڵناسی مرۆڤناسی دەچن. هەربۆیە خوێندنەوەی مرۆڤ بە خۆی دەناسێنێت و وشیاری کۆمەڵایەتی و دەروونی زیاتر دەکات.
دەستخۆشی بۆ ڕەووف بیگەرد و پشوودرێژی لەگەڵ کارەکانی دۆستۆیڤسکی، کە تا هەنووکە چەند کتێبێکی گرنگی ئەم نووسەرەی بە کوردییەکی ڕەوان کردووە بە کوردی.