فەلسەفە، سیاسەت، سینەمای دۆڵۆز
(ناساندێکی کورت)
ئارام سدیق
هەمیشە قەدەری کتێبە گرنگ و بەبایەخەکان وەها بووە، کە خوێنەرگەلێکی کەم لە دەورییان کۆببێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە کە ئەم جۆرە لە کتێب دڵخوازی ئەو لێشاوە لە خوێنەر نین، کە خوێندنەوە تەنها لە چێژدا دەبینێت، کە لە ڕاستیدا پرۆسەی خوێندنەوە تەنها بەشێکی کەمی بۆ چێژە، بەڵکو بەشە هەرە زۆرەکەی بۆ دەستکەوتنی زانیاریی و ڕۆشنبوونەوەی ڕێگە تاریکەکانی ژیان و تێگەیشتن لە دیاردە و ڕووداو و چەمکەکان. مرۆڤ تا نەخوێنێتەوە نە دەتوانێ لە دونیا تێبگات و نە ڕێگەی ژیانی خۆیشی دەدۆزێتەوە.
یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی لە ماوەی ڕابردوودا بڵاوبوویەوە کتێبی فەلسەفە، سیاسەت، سینەمای ژیل دۆڵۆزە، ئەم کتێبە کۆمەڵێک گوتار و چاوپێکەوتنی ئەم فەیلەسوفەی لە خۆگرتووە، کە بە دەوری هەر سێ چەمکی فەلسەفە، سیاسەت، سینەما دەخولێنەوە. بێگومان ئەوەی سەرنجی دونیای نوێ بدات هەست بەو پێکەوە گرێدانەی ئەم سیانە دەکات لەلای فەیلەسووفە نوێکان بەتایبەتیش دەشێت دۆڵۆز وەکو بناغەدانەری ئەم نەریتە تەماشا بکرێت تا دواتر فەیلەسوفێکی وەکو ژیژەک بێت و چاوی لێ بکات و هەر سێ چەمکەکە پێکەوە گرێبداتەوە.
بێگومان بەر لەم دوو فەیلەسووفە، مارکس و ئەنگڵس ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگیان هەبووە لەوەی کە فەلسەفەیان لە چالاکییەکی ئەبستراکت و نوخبەییەوە کردە چالاکییەکی گشتی، کە باسکردن لەمە ڕەنگە کات و دەرفەتی زۆری بوێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆمن گرنگە ئەوەیە کە گرێدانەوەی ئەم سێ چەمکەی لەم کتیبەدا باس کراوە لە خۆوە و بێبناغە نییە. بەو پێیەی لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە سیاسەت و سینەما وەکو دوو دیوی یەک دراویان لێهاتووە و سینەما بۆتە جۆرێک لە سیاسەتکردن و زۆرێک لە نەتەوە سەردەستەکان سەرەتا لە ڕێی سینەماوە هەیمەنەی خۆیان بەسەر جیهاندا دەسەپێنن، کە ئەمەش دیسان یەکێکی دیکەیە لەو خاڵانەی سەرمایەداری بە وردی کاری لەسەر کردووە، هەر بۆیە بۆتە جێگەی مشتومڕ و ڕامانی فەیلەسوفان.
لەم وتارە کورتەدا دەمانەوێت ناساندێک بۆ کتێبی فەلسەفە، سیاسەت، سینەمای ژیل دۆڵۆز بکەین کە هەردوو وەرگێڕ فازڵ مەحمود وەلی و کاروان ئەحمەد نامیق لە فەڕەنسییەوە کردوویانە بە کوردی و ماڵی وەفایی لە دوتوێی 222 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
بەشی یەکەمی ئەم کتێبە تەرخانکراوەبۆ فەلسەفە و سیاسەت و سەرەتاش پرسیاری فەلسەفە چییە خراوەتەڕوو؟ دۆلۆز چەند وەڵامێکی جۆراوجۆری ئەم پرسیارە دەداتەوە و لە دواتریشدا دێتە سەر چەند چەمکێکی دیکەی فەلسەفەکەی. هەر لەم بەشەدا چەند شیکردنەوە و بۆچوونێک لەسەر چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفەی فۆکۆ دەخاتەڕوو. لە دواتریشدا خوێنەر گفتوگۆیەکی نێوان فۆکۆ و دۆڵۆز دەخوێنێتەوە سەبارەت بە ڕۆشنبیران و دەسەڵات. لە گوتاری دواتردا دۆڵۆز هەڵوەستە لەبارەی ئارەزوو و چێژەوە دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی فۆکۆ، کە ئەویش کتێبی چاودێری و سزایە. لەم گوتارەدا دۆڵۆز بە وردی لەسەر چەمکەکانی ئارەزوو و چێژ دواوە و لە جێگەیەکدا دەڵێت ناتوانم هیچ بەهایەکی پۆزەتیڤ ببەخشمە چێژ. دواتریش باس لە ئارەزوو دەکات و دەڵێت ئارەزوو لە ناوەوەی یاسا و لە دەرەوەی چێژەکانە.
دواتریش چەند گوتارێکی دیکەی لەبارەی شوناسی مامۆستا و زمانی گشتییەوە تێدایە کە وەک هەمیشە ئایدیاکانی دۆڵۆز ئایدیاگەلی سەرسامکەر و گرنگن. لە دواتریشدا لەبارەی ئەدەب و ژیانەوە دەدوێت و لە جێگەیەکی ئەم گۆتارەدا دەنووسێت: ئەدەب بەبێ خەیاڵپەروەری بوونی نییە. لەدواتریشدا لەبارەی ئامانجی ئەدەبەوە دەڵێت: ئامانجی ئەدەب ڕێڕەوی ژیانە لەنێو زمانێکدا کە ئایدیاکان دروست دەکەن. لە دواتریشدا دۆڵۆز وەکو یەکێک لە نیچەناسە نوێکان فەرهەنگی کاراکتەرە سەرەکییەکانی نیچە دەخاتەڕوو کە گرنگترین کاراکتەرەکانی ئەم فەیلەسووفە بە خوێنەر دەناسێنێت.
هەرچی بەشی دووەمیشە تەرخان کراوە بۆ سینەما، وەکو یەکێک لە چەمکە گرنگ و کاریگەرەکانی دونیای مۆدێرن. ئەگەر لە یۆنان و ڕۆمای کۆندا شانۆ هونەرە کاریگەر و پڕ بینەرەکە بووبێت ئەوا لە سەردەمی ئێستادا سینەما خەریکە جێگەی شانۆ دەگرێتەوە و کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە لایەنەکانی ژیان دروست دەکات. هەر بۆیە دۆڵۆز لە جێگەیەکدا دەڵێت: سینەما بریتییە لە گۆڕانکاری و ڕێکخستن، ئەوە تەنها دەنگەکان نین، بەڵکو دەنگ و ڕووناکی و جوڵەکانیشن لە گۆڕانی هەمیشەییدان. لە دواتریشدا لەبارەی کردەی ئەفراندنەوە دەنووسێت و پێی وایە فەلسەفە بوارێکی داهێنەرانەیە. داهێنەرانەشە بەهەمان ئەندازەی بوارەکانی دیکە.
بێگومان ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها ناساندێکی کورتی ئەم کتێبەیە، دەنا دەشێت هەڵوەستەی زیاتر لەسەر هەر چەمک و تێمەیەکی دیکەی کتێبەکە بکەین، بەڵام ئەم ناساندنە کورتە لە پێناو ئەوەدایە تا خوێنەرگەلێکی زۆرتر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و لەوێشەوە هانی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بدەین کە کتێبی لەم چەشنە چاپ و بڵاوبکەنەوە، چونکە ئەوەی بتوانیت لە ڕێی خوێندنەوەوە سوودێکی زیاتر وەربگرێت ئەم جۆرە لە کتێب ڕێگەڕۆشنکەرەوەیە و دەرفەتێکە بۆ نوێبوونەوەی هزر و زمان و ئەو ڕوانینانەی پێویتیان بە نوێبوونەوەی بەردەوام هەیە.
دەستخۆشی بۆ هەردوو وەرگێڕ و ماڵی وەفایی، بەهیوای ئەوەی هەمیشە بەم جۆرە لە کتێبی گرنگ کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند بکەن.