مردن ئەڕای کۆبانێ
#ئارام سدیق#
لە چەند مانگی پێشوودا لە وتارێکدا ئاماژە بۆ ئەوە کرد کە زۆرجار دەشێت کتێب ببێتە چەکێکی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە نالەبارانەی ڕووبەڕووی ئینسان دەبنەوە، چونکە نووسەران و ڕۆژنامەنووسان تەنها وشە شک دەبەن کە بەرەنگاریی دۆخە جۆراوجۆرەکانی پێ بکەن. چەکی ئەوان وشەیە. نەک شتی دیکە، هەر بۆیە لە دۆخێکی لە چەشنی بەرخۆدانی کۆبانێ، یان کەرکووک و عەفریندا چەکی نووسەران وشەیە و بەرگرییە بە کتێب و نووسینەکانیان. من لاموایە هەموو شێوازەکانی بەرگری بەیەکەوە یەکتری تەواو دەکەن و فەزڵی هیچ کام لە شێوازەکانی بەرگریی نادەم بەسەر ئەویدیکەدا. بۆیە مرۆڤ دەبێت تا هەناسەی تێدایە لە بەرگریدا بێت، ئیدی بۆ مانەوە هەر ڕۆژەی پێویستە بەرگری لە بەهایەکی مرۆیی بکەین، کە لە لایەن هێزە تاریکەکانەوە دەخرێتە بەر هێرش و بوونی دەکەوێتە بەر مەترسی.
لەم چەند ڕۆژەدا کە تاریکی دەیەوێت عەفرینیش بە دەردی کۆبانێ بەرێت من کتێبی مردن ئەڕای کۆبانێم خوێندەوە. ئەم کتێبە دیرۆکی بەرخۆدانی کۆبانێ و بەرپەرچدانەوەی ئەو تاریکییەیە، کە ژیانویستان لە کۆبانێ دژ بە تاریکپەرستان تۆماریان کرد.
مردن ئەڕای کۆبانێ، کتێبێکی پاتریس فرانچێسکی-یە و سەڵاحەدین بایەزیدی کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس لە دوتوێی 193 لاپەڕەدا چاپ و بڵاویکردۆتەوە. پاتریس فرانچێسکی، نووسەر و فلیمساز و گەڕیدەیەکی فەرەنسییە و داکۆکیکاری مافەکانی گەلی کوردە و ساڵی 1954 لە فەرەنسا هاتۆتە دنیاوە. ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشداری ڕیزەکانی خەباتی ئەفغانستانی دژ بە سۆڤیەت کردووە و هاوکات بەردەوام پشتیوانی لە بزووتنەوەی سیاسی کورد کردووە بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. لەم کتێبەشدا ئەمە بەڕوونی دەردەکەوێت. کۆی ئەم کتێبە گەشتێکی ئەم نووسەرەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و سەردانکردنی کۆبانێ و بینینی ئەو بەرخۆدانەی لە کۆبانی کرا. لە کتێبەکەوە خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە نووسەر لەو کەسانەیە کە شارەزاییەکی زۆری لەسەر مێژوو و شۆڕشەکانی گەلی کورد هەیە و هەتا ئاگاداری لانی کەمی مێژووی پەنجا بۆ شەست ساڵی ڕابردووی ئەم نەتەوەیەیە، کە هیچ پەناگەیەکی ئارامی لەسەر ئەم گۆی زەوییە پێ ڕەوا نەبینراوە.
لە جێگەیەکدا نووسەر باس لە یەکەم سەیرکردنی خۆی دەکات بۆ داعش، کە لە دووربینەوە ئاڵاکەی بینیوون و دەستبەجێ خەیاڵی چووە بۆ ئەو ئاڵایانەی بەسەر کەشتی چەتەکانی دەریاوە هەبووە کە لەکۆندا باو بووە. لەم یەکەم بینینەوە نووسەر داعش وەکو چەتەیەک دەبینێ، بەڵام کوردەکان وەکو قارەمان و شۆڕشگێڕێک وێنا دەکات و باس لەوەش دەکات، کە ڕزگارکردنی کۆبانێ لەلایەن کوردەکانەوە بەبێ بوونی چەکی پێویست لە خەون و خەیاڵ دەچێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەس لە کۆبانێ هیوابڕاو نییە و مرۆڤ کە لە پێناو دۆزێکدا شەڕ بکات ئیدی هەرگیز بێ هیوا نابێت و ئەگەری سەرکەوتنیش نزیکە.
بێگومان ئێمە لێرەدا ناتوانین تەواوی کتێبەکە بگێرینەوە. بەڵام ئەم کتێبە دەخوازێک وێنەیەکی ئەو بەرخۆدانەی کۆبانێ بگوێزێتەوە کە ڕیشەیەکی مێژووی لەنێو مێژووی گەلی کورددا هەیە. بەڵام لە پێشوودا هەمیشە بە شکست کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەمجارە کورد سەردەکەوێت و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەو نەوە شۆڕشگێڕەی ئێستا دەیانەوێت مێژوو دووبارە نەکەنەوە، بەڵکو دەیانەوێت تێیپەڕێنن و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو و شکستەکان، سەرکەوتنی نوێ تۆمار بکەن. پاتریس لە جێگەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئیسلامییەکان لە هەموو شت زیاتر لەوە دەترسن کە لەلایەن ژنێکەوە بکوژرێن و لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەمە سەرشۆڕییەکی گەورەیە. دەشێت ئەم ئاماژەدانەی نووسەر بەم نموونەیە بمانپەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەردوو ڕەگەز پێکەوە و لە پێناو ژیاندا شەڕیان کرد. شەڕ لە کۆبانێ لە پێناو ژیاندا و شەڕی تەنیا ڕەگەزێک نەبوو، بەڵکو شەڕی ڕزگارکردنی ژیان بوو لە دەست تاریکی، هەر بۆیە سەرکەوت.
یەکێکی دیکە لە وەڵامەکانی هۆکاری سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ ئەوەیە، کە ئامانجێکی دیاریکراو هەیە کە شەرڤانان شەڕیان بۆ دەکرد، ئەویش ڕزگارکردنی ژیان بوو. نووسەر وەڵامی یەکێک لە شەرڤانەکان لەبارەی سەرکەوتنی کۆبانێوە دەگوێزێتەوە کە دەڵێت: ئێمە دەزانین بۆچی شەڕ دەکەین؟ بێگومان دیاریکردنی ئەم ئامانجە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کۆبانێ.
ئێستا و لەم دۆخەی کە عەفرینی تیدایە و کەوتۆتە مەترسیەوە، خوێندنەوەی ئەم کتێبە کۆمەکێکی گەورەمان پێ دەکات بۆ تێگەیشتن لە پەلاماردانی عەفرین و ئەو بەرخۆدانەشی کە شەرڤانان لە عەفرین دەیکەن.
ئەم کتێبە ئەگەرچی ناوی مردن ئەڕای کۆبانی بێت و دیمەنی مرنەکانمان لە پێناو کۆبانیدا بۆ بگوازێتەوە، بەڵام هەموو مردنێک لە کۆبانێ لەپێناو ژیاندایە. ئەو مردن و شەهیدبوونانەی کوردەکان لە کۆبانێ تۆماریان کرد لەپێناو مردندا نەبوون، لە پیناو دونیایەکی دیکەدا نەبوو، بەڵکو لە پێناو هێشتنەوەی ژیان و زیندوو ڕاگرتنی بەهای مرۆیی مرۆڤدا بوو. هەر بۆیە کۆبانێ سەرکەوت، چونکە هێزی ژیاندۆستی سەرکەدەوێت. سەرکەوتنی کۆبانی سەرکەوتنی ئینساندۆسی و ژیانویستییە، نەک مەرگویستی. خوێندنەوەی ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ئاشنابوونی خوێنەر بە ئەزموونی بەرخۆدانی کۆبانی لە زاری نووسەرێکەوە کە خۆی لە نزیکەوە لەنێو ڕووداوەکاندا ژیاوە و کەمسی سەرجەم ڕووداوەکانی کردووە.
دەستخۆشی بۆ سەلاحەدین بایەزیدی و ئەم کارە نایابە و بەهیوای بەردەوامی و بینینی بەردەوامی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی.