جان لویی فۆیرنییە و ڕۆمانی بۆ کوێ دەڕۆین، باوکە؟
ئارام سدیق
زۆرجار ئەوەی ئەدەب دەتوانێت گوزارشتی لێ بکات هیچ شتێکی دیکە ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات و وەکو خۆی بیخاتەڕوو. ئەوە هێزی ئەدەبە دەتوانێت من لەگەڵ پاڵەوانی نێو ڕۆمانێکی مارکیز، یان ساراماگۆ، یان دای سیجی و مویاندا کۆ بکاتەوە. ئەدەب ئەو هێزەی هەیە سنوورەکان تێکدەشکێنێت و بەبێ گوزەرنامە هەموو سەرزەمینەکان دەپشکنێت و دەیانکاتە ماڵی خۆی.
ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دوو کورتە ڕۆمانی نووسەری فەرەنسی جان لویی فۆیرنییەم خوێندەوە، کە تاڕادەیەکی زۆر سەرسامیان کردم. سەرسامییەک کە ماوەیەکی زۆرە کەم ڕۆمانی کورت هەیە ئەوەندە سەرسامی کردبێتم. سەرسامی بە سادەیی گێڕانەوە و قووڵی بینینی نووسەر. هەڵبژاردنی بابەت و ئەو هەموو ڕووداوە سەیر و سەرنجڕاکێش و پەنهانە کە ڕۆژانە بەریان دەکەوین بەبێ ئەوەی هەستیان پێ بکەین.
ئەم دوو ڕۆمانەی جان لویی فۆیرنییە لە دوو توێی کتێبێکدا بەناونیشانی بۆ کوێ دەڕۆین، باوکە؟ چاپ و بڵاوکراوەتەوە و کە یەکەمیان هەمان ناویشانی کتێبەکەی هەیە و دووەمیشیان بەناوی باوکم هەرگیز کەسی نەکوشتووەیە، کە سەڵاح حەسەن پاڵەوان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی توێژینەوەی ئەدەبی عەبدولڕەحمان زەبیحی لە دوتوێی 296 لاپەڕەدا چاپ و بڵاویکردوونەتەوە. لەم نووسینەدا تەنها هەڵوەستە لەسەر ڕۆمانی یەکەم دەکەم کە ناوی بۆ کوێ دەڕۆین، باوکە؟یە و قسەکردن لەسەر ڕۆمانی دووەم بۆ دەرفەتی دیکە هەڵدەگرم.
بۆ کوێ دەڕۆین، باوکە؟، چیرۆکی باوکێک دەگێڕێتەوە کە دوو منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەتی هەیە بە ناوەکانی ماتیۆ و تۆماس. نووسەر لە ڕێی گێڕانەوەیەکی سادەوە و بە کەسی یەکەم دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو باوکە دەکات، کە گیرۆدەی دەستی منداڵە خاوەنپێداویستییە تایبەتەکانییەتی. ئەو باوکە سەرەتا یەک منداڵی خاوەنپێدوایستی تایبەتی هەیە و هاوڕێ و دۆستەکانی داوای لێدەکەن بەختی خۆی تاقیبکاتەوە و منداڵێکی دیکە بهێنێتەوە بوونەوە بەشکم ئەو بەو شێوەیە خاوەنپێداویستی تایبەت نەبێت، بەڵام لە بەختی ئەم باوکە کڵۆڵە ئەویش هەر خاوەنپێداویستی تایبەت دەبێت. باوکەکە خاوەنی ئارامی و سەبرێکی زۆرە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت بۆ ئەوەی منداڵەکانی بەباشی پەروەردە بکات، بەڵام زۆرجاریش ئیدی تەواو لە ژیان بێزار دەبێت و نازانێت ڕوو لە کوێ بکات. بۆیە منداڵەکانی دەخاتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی و بە شاردا دەیانگێرێت. لەم کاتانەدا یەکێک لە منداڵەکان لە باوکی دەپرسێت: بۆ کوێ دەڕۆین، باوکە؟ ئەویش هیچ وەڵامێکی ئەوتۆی پێ نییە بیداتەوە.
لە لاپەڕەکانی سەرەتادا نووسەر کە دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم باوکە بەدبەختە دەکات لە جێگەیەکدا ئاماژە بە ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش دەکات، کە باوکەکە دەڵێت: دروستکردنی منداڵ کارێکی ترسناکە، گەمەیەکی پڕوپووچە، هەمووکاتێک تێیدا سەرکەوتوو نابیت. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە منداڵخستنەوە هونەر نییە، بەڵکو پەروەردەکردنی منداڵ هونەرە. ئەوەی ژمارەیەکی زۆر منداڵ بخەیتەوە هونەر نییە، بەڵام پەروەردەکرن و ئامادەکرنیان بۆ نێو کۆمەڵگە و کردنیان بە مرۆڤی بەرهەمدار گرنگە. ئەوەی پەروەردەکردنی منداڵی لە هەرێمی کوردستاندا سەختتر کردووە، ئەو سیستمە پەروەردە سەقەت و ئەو کولتوورە پاشکەوتووەیە کە بە زەحمەت دەتوانرێت منداڵ لە لێکەوتە خراپەکانی ڕزگار بکرێت.
وەک نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات ئەگەر لە دایکبوونی منداڵێک پەرجوویەک بێت ئەوا لە دایکبوونی منداڵێک ناتەواو پەرجووترە بەمانایەکی پێچەوانەوە. دەشێت لێرەدا نووسەر مەبەستی لەوە بێت کە ئەگەر بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ و ئامادەکردنی بۆ نێو کۆمەڵگە و کردنی بە کاراکتەرێکی سوودمەند و چالاک لە کۆمەڵگەدا لە پەرجوویەک بچێت، ئەوا هاوکێشەکە بۆ منداڵێکی ناتەواوی خاوەنپێداویستی تایبەت دوو هێندە سەختە و پەڕجووترە.
باوکە بە سەبرەکە لەگەڵ ماتیۆ و تۆماسی جگەرگۆشەی تا دوا ڕادە بە سەبرە و بەردەوامە لە خزمەتکردنیان و ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی بۆیان، بەڵام دایکیان لەبەر سەختی دۆخی بەرگەی ئەو عەزابە ناگرێت کە ڕۆژانە منداڵەکانی بە بەرچاوییەوە دەچێژن و ناچارانە بەجێیان دێڵێت تا ئیتر ئەو دۆخە نەبینێت، چونکە توانای بەرگەگرتنی ئەوانی نەماوە. هەڵهاتنی دایکی ماتیۆ و تۆماس و بە جێهێشتیان بە تەنها پێدەچێت بۆ پیشاندانی ئەو زەجر و زەحمەتە بێت کە نووسەر بیەوێت ئەوە بچەسپێنێت کە تەحەمولکردنی منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەت زۆر قورسە و دایک چەند میهرەبان و دڵگەورە بێت، بەڵام جێگەیەک هەیە ناچار دەبێت لەو دۆخ و ژیانە هەڵبێت کە منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەتی تێدایە.
باوکی تۆماس و ماتیۆ هەر لەسەرەتاوە بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو عەزابەی دوو منداڵە خاوەنپێداویستییە تایبەتەکە دەیچێژن هۆکارەکەی خۆیەتی چونکە ئەوە ئەوە ئەوانی هێناوەتە دونیاوە و ئەگەر ئەو نەبوایە ئەوان بەو دۆخەوە نەدەهاتنە نێو ژیانەوە. بۆیە لە جێگەیەکدا دەڵێت دەمەویت داوای لێبوردنیان لێ بکەم. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە وەکو نووسەری ئەم ڕۆمانە دەیڵێت ئایا ئەو باوک و دایکانەی منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەتیان هەیە خۆیان چ تاوانێکیان هەیە؟ ئایا ئەوان لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدان؟ ئەمانە و دەشێت چەندین پرسیاری دیکە بکەین. بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارگەلە ئاسان نییە، بەڵام مەرج نییە ئینسان وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دەست بکەوێت، بەم مرۆڤ مەحکومە بەوەی بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا بگەڕێت.
رۆمانەکە لە بەش و ڕستەی کورت پێکهاتووە، بەڵام چەندە کورتە ئەوەندە کاریگەر و جوان و سەرسامکەرانە نووسراوە، کە دۆخی ئەو باوک و دایکە ئازارچەشتووە بە دەست منداڵەکانیانەوە دەخاتەڕوو. خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە دونیایەکمان پێ دەناسێنێت کە لە نزیکمانەوەیە، بەڵام هەستمان پێ نەکردووە. بۆیە گرنگی ئەم جۆرە لە ڕۆمان دەشێت دەروازەیەک بێت بۆ ڕێنمایکردنی ئەو دایک و باوکانەی کە خاوەنی منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەت تا بتوانن بە شێوەیەکی باشتر و بە ئارامی زیاترەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. دەستخۆشی بۆ کاک سەلاح حەسەن پاڵەوان و وەرگێڕانی ئەم تێکستە گرنگ و پێویستە بۆ کتێبخانەی کوردی و هیوای بەردەوامیش بۆ ناوەندی تویژینەوەی عەبدولڕەحمانی زەبیحی.