خانووەکەی مزگەوتێ
ئارام سدیق
بەهۆی ئەو نزیکییەمەوە لە ئەدەبیات ناوە ناوە ڕۆمانێک دەخوێنمەوە. زۆرجار حەز بە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانانە دەکەم، کە باس لە یەکێک لە وڵاتانی ئاسیا دەکەن، یان ئەو ڕۆمانانەی باس لە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە زۆرجار ئەوەی ڕۆماننووس لە ڕۆمانێکدا دەینووسێت و بۆ خوێنەری دەخاتەڕوو مێژوونووسان ناتوانن ئەو کارە بکەن. ڕۆمان دەست دەخاتە سەر ئەو جێگایانە، کە مێژوو پەییان پێ نابان، یان ناتوانێت پەییان پێ ببات. هەموو ڕۆمانێکی جوان هەرچەند هەوڵی نزیکبوونەوە لە واقیعیش بدات. بەڵام واقیعێکی شاراوە دەخاتەڕوو. وەکو ئەوەی ڕۆمانی خانووەکەی مزگەوتێی قادر عەبدوڵڵا دەیکات.
خانووەکەی مزگەوێ، یەکێک بوو لەو ڕۆمانانەی لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا خوێندمەوە. ئەم ڕۆمانە لە نووسینی قادر عەبدوڵڵایە، کە بە هۆڵەندی نووسیویەتی و شەفیقی حاجی خدر بە کوردییەکی جوان کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئاوێر لە دوتوێی 472 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. بەر لەوەی بچمە سەر نێوەڕۆکی ڕۆمانەکە پێویستە کەمێک لەسەر ژیانی نووسەر هەڵوەستە بکەین.
قادر عەبدوڵڵا، لە بنەڕەتدا ناوی حسێن سجادی فراهانیە، دوای شەهیدبوونی دووبرادەری نزیکی، کە هەردووکیان چەپن و کوردن، کە یەکێکیان ناوی قادر و ئەوی دیکەیان ناوی عەبدوڵڵا دەبێ، ت ئیتر ناوی ئەم دووبرادەرەی دەکاتە پاشناوی خۆی و ئیدی بەناوی قادر عەبدوڵڵا بابەتەکانی بڵاودەکاتەوە و نووسەر لە 12/12/1954 لە ئەراک لە ئێران هاتۆتە دنیاوە و لە خانەوادەیەکی دینداردا گەورە بووە و ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتی هۆڵەندا دەژی. خانووەکەی مزگەوێ، یەکەم ڕۆمانی نووسەرە بە زمانی کوردی و ئەوەندەی من ئاگادار بم بڕیارە چەند کارێکی دیکە هەمان نووسەر بکرێتە کوردی.
خانووەکەی مزگەوێ، لەو ڕۆمانانەیە کە تەنها هەڵوەستە لەسەر یەک چیرۆک و یەک ڕووداوی دیاریکراو ناکات، بەڵکو دەیەوێت لەڕێی چیرۆکی خێزانێک، کە خانووی مزگەوتێدان، چیرۆکی ساڵانێکی پڕ ڕووداوی سیستمێکی سیاسی و دینی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێرانی بۆ خوێنەر بخاتەڕوو. یەکێک لەو شتانەی لە ڕۆمانەکەدا کاری لەسەر کراوە، کارکردنە لەسەر ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران لەسەردەمی شاری ئێران و ئەو ڕێوشوێنانەی ئەو سیستمە پەیڕەوی دەکرد و پاشان لاچوونی ئەو سیستمە و هاتنی خومەینی و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئایەتوڵاکانەوە. ڕۆمانووس لەڕێی ئەو ڕۆمانەوە زۆرجار ویستوویەتی دیوێکی نادیار و شاراوەی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتدا پیشان بدات. واتە ئەگەرچی ئەو ویستوویەتی لەسەر سیاسەتی شای ئێران و ئایەتوڵاکان کاربکات. بەڵام ئەگەر سەیری وێنە گەورەکە بکەین دەبینین، کە نووسەر دەیەوێت ساسەتکردن لە ڕۆژهەڵاتدا بەگشتی و بەتایبەتتر لە وڵاتانی ئیسلامیدا پیشان بدات.
لەبەشێکی دیکەی ئەم ڕۆمانەدا خوێنەر بەر ڕۆڵی دین دەکەوێت لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و کۆمەڵگەی ئێرانی بەتایبەتی. لە جێگەیەکدا ڕۆمانووس دەیەوێت ڕۆڵی دین و کاریگەریی گوتاربێژان لەسەر تاک بخاتەڕوو، کە چۆن دەتوانن تاک لەرێی میمبەری مزگەوتەکانەوە چۆنیان بوێت ئاڕاستە بکەن. لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت باس لەو ڕۆڵەی گوتاربێژان بکات کە خۆشیان لەو خەوشە کۆمەڵایەتییانە بەدەر نین، کە زۆرجار بەهۆی کولتووری پاشکەوتووی کۆمەڵگەوە لەنێو تاکدا دەچێنرێت. نووسەر لە ڕێی چیرۆکی مەلایەکی بانگبێژەوە لە پەیوەند بە ژنی مەلایەکی دیکەوە ئەو دیوە کەپتکراوە سێکسییە پیشان دەدات، کە دین ناتوانێت بە ڕێگرییە زۆرەکانی تاکەکان بخاتە نێو چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە کە دین بۆی دیاری کردووە.
ئەم ڕۆمانە هەر تەنها هەڵوەستەیەکی ڕاگوزەر نییە لەسەر دین و کاریگەرییەکانی، بەڵکو نووسەر لەرێی چەندین ئایەتی قورئانەوە هەوڵی پیشاندان و پراکتیککردنی ئایینی داوە، واتە ئەو بە بەڵگەی قورئانی ئەوەی خستۆتەڕوو کە لەنێو کۆمەڵگەکاندا چی دەگوزەرێت مەلاکان چۆن دین بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دێنن. کارکردنی ڕۆمانووس کارکردنێکی ورد و بە سەرنجە، کە بەداخەوە لە نووسینێکی لەم چەشنەدا ناتوانین هەڵوەستەی لەسەر بکەین. تەنها ئەوەی گرنگە لێرەدا بیخەینەڕوو ئەوەیە کە خانووەکەی مزگەوێ. لەو ڕۆمانانەیە کە دیوێکی نەبینراوەی کۆمەڵگەی ئێرانی پیشان دەدات کە لای زۆرێکمان شاراوەیە و هاوکات لای زۆرێک لە مێژوونووسانیش ونە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت کە ئەم ڕۆمانە لە ساڵی 2007دا بە یەکێک لە دە ڕۆمانە هەرە باشەکەی هۆڵەندا دانراوە.
دەستخۆشی بۆ شەفیقی حاجی خدر و ناوەندی ئاوێر بۆ لەچاپدانی ئەم کتێبە.