شەهیدی نەمر : بەهائەدین تەق تەقی
ئەو ڕۆژگارەی توێژێکی خوێن گەرم سەرقافلەی ڕێکخستنەکان و پێشەنگ لە خۆپیشاندانەکانی دژی سەدام و ڕژێمەکەی، خوێندکارانی #هەولێر#و دەوروبەری دەسەلاتی ئەوکاتیان هەراسان کردبوو، بەلام بەداخەوە ئەم دەسەلاتە بۆگەنە باوەری بەمافی مرۆڤ و خۆشیەکانی ژیان نەبوو بۆ میللەتی کورد.لەم قۆناغە هەستیارانەی سالانی هەشتاکان زۆرینەی کوردپەروەران هاوکارو پشتیوان بوون بۆ لێدانی پیاوانی ڕژێم و هەراسان کردنیان تا دان بنێ بە مافە سەرەتاکانی میللەتێک کە هەمیشە لەلایەن وولاتانی داگیرکەر غەدری لێ کراوە.. یەکێک لەو خوێندکارو گەنجە ڕۆشنبیرانەی ئەوێ ڕۆژێ لە تەق تەق بەوپەری شانازیەوە، بەوپەری چاو نەترسیەوە هاتە کۆری خەبات سەرەتا لە ڕێکخستنەکانەوە، دواتر لە شۆرش و خەباتی چەکداریەوە بەشداربوو ئەویش شەهیدی جوان و باڵا بەرز (بەهائەدین تەق تەقی) بوو. ناوبراو کەسێکی لێهاتوو، ڕۆشنبیر، بە ئەمەک و وەفادار بۆ کوردایەتی، لە ڕیزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، خەرمانێکی پر بەرهەم بوو. لەناو پێشمەرگەو کۆمەلانی خەلکی ناوچەکە شایستەو ڕێز لێ گیراو بوو، کادیرێکی بە سەلیقەو دوور بین بوو بۆکاری ڕێکخراوەیەیی. بەلام بەداخەوە دلسۆزیەکەی پێوەرنەدەکرا و هەلپەی زۆری کرد تا زۆرترین دلسۆزی بنوێنی بۆیە لە قۆناغێکی تایبەتی کاری ڕێکخراوەیی دا دەستگیرکراو دواتر لەگەڵ ژمارەیەک هەڤاڵی تر لە سێدارە دران کە لە خوارەوە ئاماژەم بە ناوەکانیان کردووە لەگەل بەلگە نامەی لە سێدارە دانیان. ڕوحت شاد کورە جوان و خۆشەویستەکەی تیپی 93ی کۆیە.
ناوی تەواو : بەهائەدین ئەحمەد ئەمین عەلی
ناسراو بە : بەهائەدین تەق تەقی
سالی لەدایک بوون : 1958
شوێنی لە دایک بوون : شارەدێی تەق تەق / پارێزگای هەولێر
عە شیرەت : ڕوبیعی
ئاستی خوێندن : ئامادەیی کشتوکاڵی تەق تەق
باری خێزانی : خێزاندار
ناوی هاوسەری شەهید : کابان حەوێز
ناوی مندالەکانی شەهید : کوێستان /هەرێم / ڕێژنە / هەلدێر
ساڵی پەیوەندی بە ڕێکخستن لە شۆرشی نوێ : 1979 لە کەرتی شەهید (ئاودێر)
ئۆرگان : کۆمەلەی ڕەنجدەرانی کوردستان
ساڵی پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە : 1983
ئۆرگان : تیپی (99) ی بیتوێن
دواتر گواسترایتەوە تیپی (93) ی کۆیە.
ڕۆژو مانگ و ساڵی شەهید بوون : 27-06-1988
شوێنی شەهید بوون : بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر(ئەمنی اربیل)
شەهید بەهائەدین لەگەڵ (9) هەڤالی تری لە سێدارە دران. بەناوەکانی (تاریق تاهیر عەلی / سالار سالح عەلی / محەمەد خدر معروف/ سالم عەزیز تۆفیق/ خدر یوسف باپیر/ شاکر فتاح ئەحمەد/ خدر محەمەد دەروێش/ لەعلی عەزیز مستەفا/ سلێمان خدر محەمەد...
لە 16/ 9/ 1991 شوێنی لە سێدارەدانیان دۆزراوەتەوە بەڵام هیچ ئاسان کاریەک نەکراوە تا تەرمەکان لێک جیابکرێنەوەو بیان گەڕێنەوەوە بۆ زێدی خۆیان بەداخەوە تا ئێستاش ئەم شەهیدە گۆڕی نییە.