لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە ئیدارەی #گەرمیان#، بەراورد بە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زیادیانکردووە، ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکانی ژنان هۆکاری سەرەکیی حاڵەتەکان دەگەڕێنەوە بۆ دابونەریت و هێنانی ژنی دووەم و هاوسەرگیریی پێشوەختە.
بە پێی ئاماری فەرمیی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سنوورەکە، دوو حاڵەتی کوشتن و سێ حاڵەتی خۆکوشتن و نۆ حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندنی ژنان هەبووە، بە بەراورد بە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی پێشوو، دوو حاڵەتی کوشتن و یەک حاڵەتی خۆکوشتن زیادیکردووە.
تەنها لەمانگی ڕابردووشدا لە گەرمیان دوو حاڵەتی خۆکوشتن و یەک حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراون.
لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژی لە دژی ژنان لە گەرمیان، جگە لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان 'ڕژاک' هیچ ڕێکخراوێکی دیکەی ژنان نارەزایەتییان نیشان نەدا و نەکرایە ڕۆژەڤ، 'ڕژاک' لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە کوشتن و لێدان و سوتاندنی ژنان ڕەوا و مافداردەکرێت.
سەبارەت بەو بابەتە، بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان و بەشێک لە چالاکوان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و قسە لەسەر هۆکارەکان و چارەسەر دەکەن.
$هاوسەرگیری پێشوەخت و هێنانی ژنی دووەم لە زیادبووندایە$
لەمیعە محەمەد بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، هۆکاری کوشتنی ژنان بۆ هێنانی ژنی دووەم و چەند هۆکاریکی دیکە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: هۆکاری سەرەکیی کوشتنی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، هێنانی ژنی دووەم لە لایەن پیاوەوە و ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیریی پێش تەمەنی 18ساڵ، هەندێک جاریش بارودۆخی ئابووریی.
لەمیعە سەبارەت بە پلان و کاری بەڕێوبەرایەتییەکەیان بۆ کۆتایی پێهێنانی توندوتیژییەکان وتی: جگە لەوەی ڕۆژانە هەڵمەتێکی بەرفراوانمان هەیە بۆ ڕێگرتن لەم توندوتیژیانە، پلانمان داناوە بۆ سەردانیکردنی خوێندنگاکان و ئاگادارکردنەوەی منداڵان لە کێشەکان و پێدانی هۆشیاریی بۆ دوورکەوتنەوەیان لە توندوتیژیی، بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی دوور لە توندوتیژی.
$کاریگەریی دابونەریت لە زیادبوونی توندوتیژی$
هێشوو عەبدوڵا، چالاکوانی بواری ژنان باسی لەوەکرد، کە ژنان بەهۆی دابوونەریتە کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگاوە، وەکو مرۆڤێک ناتوانن بەرجەستەی مافەکانی خۆیان بکەن و وتی: ئەگەر ئاین و یاساش ڕێگەیان پێبدات، کۆمەڵگا پاڵەپەستۆ و توندوتیژیی بەهەموو جۆرەکانییانەوە دەکەنە سەر ژن، تا ڕادەی ناچارکردنی بە لەناوبردنی خۆی.
هەروەها، ژینۆ خەلیل، ئەندامی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، ئاماژەی بەوەدا، کە بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارمان هەیە و ژنان پاڵپشتیان نییە، بەتایبەتی پاڵپشتی خێزانی، ژنان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا بێهیوا دەبن، هەروەها لە ژێر ناوی ئاین و کلتور و دابونەریتدا مافی ژنان دەخورێت، بە پێویستیشی زانی، کە ژنان باوەڕ و ئومێدیان بە خۆیان هەبێت، خۆیان بەهێزبکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕاستییە، تا بتوانن لەم دابونەریتانە دەربچن.[1]
#18-10-2018#