#وەزارەتی پەروەردە#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوە و چارەسەری گرفتی قوتابخانەکانی سنووری #هەولێر#، #سلێمانی# و #دهۆک# تەرخانکرد.
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، سێ ملیار دیناریان بۆ نۆژەنکردنەوە و چارەسەری گرفتی قوتابخانەکانی سنووری هەولێر، سلێمانی و دهۆک تەرخانکردووە. هاوکات 200 ملیۆن دیناریش بۆ قوتابخانەکانی #هەڵەبجە# و 200 ملیۆنی دیکەش بۆ قوتابخانەکانی #کەرکووک# تەرخانکراون.
پشتیوان سادق گوتیشی لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران #نێچیرڤان بارزانی# لە داهاتوودا مانگانە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی باڵەخانەی ئەو قوتابخانانەی تەواونەکراون خەرجدەکرێت، کە لەبەر قەیرانی دارایی چەن ساڵێکە کارکردن لەو پڕۆژانە وەستاون.
ئەمڕۆ بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی ڕووداو لەبارەی گرفتی قوتابخانەی ژیاری بنەڕەتی بوو لە گەڕەکی کانیشینکەی سلێمانی، 150 قوتابی لە سێ ژووری گڵدا دەخوێنن.
مامۆستایانی قوتابخانەکە دەڵێن، لەترسی ڕووخانی قوتابخانەکە ناچاربوون لە دەرەوە وانەکان بخوێنن. جگە لەوەش چەندین گرفتی دیکەشی هەیە.[1]
#18-10-2018#