هەرمۆتە، گوندێکی دێرینی کریستیانیەکانە و دەکەوێتە ڕۆژاوای #کۆیە#وە، ئەم گوندە چەندین کەسایەتی گەورە و ئەستێرەی درەوشاوەی لە مێژووی کوردستاندا بەرهەمهێناوە.
گوندی هەرمۆتە، (3 کم) لە شاری کۆیەوە دوورە، هەرچەندە ئێستا بەهۆی فراوانبوونی شارەوە تەنیا چەمێک سنوورەکەی جیا دەکاتەوە لە شاری کۆیە.
کریستیانیەکانی هەرمۆتە بەشێکن لەدێرینترین کریستیانیەکانی کوردستان، کە لێرەوە باشترین و ناودارترین کەسایەتییە گەورەکانی مێژوی کوردستانیان بەرهەمهێناوە.
سەرچاوە مێژوییەکان باس لەوە دەکەن بوونی ئایینی کریستیان لەم گوندەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئایینی کریستیان و پێش هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2018/159210/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=هەرمۆتە=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2018/159210/0001.JPG=KTML_Photo_End=
لەقۆناغە جیاجیاکاندا بەشێک لەدانیشتووانە کریستیانییەکەی هەرمۆتە بەهۆکاری جیاواز بەرەو شارەکانی #سلێمانی# و #هەولێر# و #کەرکووک# و بەغدا و موسڵ کۆچیان کردووە و لەم شارانەشدا کەسایەتی ناوداریان تێدا هەڵکەوتووە.
بەپێی سەرژمێرییەکی دانیشتووانی گوندی هەرمۆتە کە هەشت ساڵ لەمەوبەر 2022 ئەنجامدراوە، ئەم گوندە لە (99) ماڵی کریستیان و (27) ماڵی موسڵمان پێکهاتووە، ژمارەی کریستیانیەکان (437) کەسە، ژمارەی موسڵمانەکان (127) کەسە، تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی گوندی هەرمۆتە بەکریستیان و موسڵمانەکان (564) کەسە. تێکڕای ماڵەکانی هەرمۆتەش (126) ماڵەو کریستیانیەکان زۆر بەخۆشی لەگەڵ موسڵمانەکان پێکەوە دەژین.
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=159210&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بینینی ڕاپۆرتێکی کەناڵی کوردستان 24 لەسەر گوندی هەرمۆتە و ئایینی کریستیان=KTML_Link_External_End=
کریستیانیەکانی هەرمۆتە کلدانی و سەر بەئایینزای کاسۆلیکن، ئەم کریستیانیانە لە کاتێکدا کە بە زمانی سریانی دەدوێن، هاوکات زمانی کوردیشیان وەک کورد پاراوە و هەمان ئەو جلوبەرگەش دەپۆشن کە کورد دەیپۆشێت، پیاوەکان ڕانکوچۆغە لەبەر دەکەن و ژنەکانیش جلی ژنانەی کوردی.
لەڕووی کلتورو داب و نەریتەوەش کریستیانیەکانی هەرمۆتە ئاوێتە بەکولتووری کوردەواری بوون، لە ڕێوڕەسمی ژنخواستنەوە بگرە تا دەگات بەپرسەدانان و لە چەندین نەریتی دیکەشدا هاوبەشن.
پەیوەندی نێوان کریستیانیەکانی هەرمۆتە و موسڵمانە کوردەکان بەئەندازەیەک تەباو کۆک بووە کە کریستیانیەکان لە سەرجەم شۆڕشەکانی کورددا بەشداربوون و شەهیدیشیان داوە.
لە بەرانبەریشدا، کوردیش هەمیشە بەچاوی ڕێز و خۆشەویستییەوە لەوانیان ڕوانیوە و هەرگیز جودایی ئایین بەلایانەوە جێی بایەخ نەبووە و لەبۆنە ئایینیەکاندا سەردانی کریستیانەکانیان کردووە و ئەوانیش لەبۆنە ئایینیەکان و کۆمەڵایەتییەکانی کوردا بەشداریان کردووە.
تەنانەت مەرقەدێک هەیە لەدێڕێکی هەرمۆتەدا کە لای موسڵمان و کریستیانیەکانیش پیرۆزە، ئەویش مەرقەدی مەربێن قەدیشەیە کە لای موسڵمانەکان بەشێخ محەمەد ناسراوە، کریستیان و موسڵمانیش وەک مەرقەدێکی پیرۆز سەردانی دەکەن و تا ئێستاش هێمای هاوبەشی پێکەوەژیانیانە.
سەرنجڕاکێشترین لایەنی هەرمۆتە، هەڵکەوتنی چەندین سیمای گەش و دیاری کلتوری و سیاسی و هونەرییە کە هەرمۆتە زێدی ڕەسەنی خۆیان یان باووباپیرانیان بووە. وەک سێوەی هونەرمەند کە شەماسی کڵێسا بووە و مەقامە خۆشەکانی بەناوەرۆکێکی جوان و هەستێکی بەرزەوە دەربڕیوە و توانیویەتی کەڵک لەئاوازەکانی کڵێساش وەربگرێت و ئاوێتەی بکات بەمەقامەکانی. هەرچەندە سێوە پەیوەست بووە بەکڵێسا و کریستیانییەتیش، بەڵام لەگەڵ مەلا ئەسعەد پێکەوە گۆرانی و مەقامیان وتوە و زۆر ڕێزی یەکتریشیان گرتووە.
کەسایەتییەکی دیاری دیکەش ئەندراوس خەمۆ باکوورییە، کە لە ساڵی 1957 تیپی مۆسیقای باواجی لە شاری کۆیە دامەزراندوە و پەرەی پێداوە و خاوەنی چەندین ئاواز و گۆرانی جوانی کوردییە.
هەروەها قەشە یوسف پەری کە قەشەی کڵێسەی کلدان لە سلێمانی بووە و تێکەڵ بەکاری سیاسی و کوردایەتی بووە و پاش ئەوەی لەتاو جەور و ستەمی ڕژێمی بەعس کۆچ دەکات بۆ فەرەنسا، وەک دیبلۆماتکارێک درێژە بە خەباتی خۆی دەدات و لە دوای ڕاپەڕینیش وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم لەڤاتیکان دەست بەکار بووە.
کەسایەتییەکی گەورەی دیکەش #کەریمی ئەلەکە#یە کە لە حکومەتەکەی شێخ مەحمودی نەمر وەزیر بووە و ڕۆڵێکی زۆرباشی هەبووە لە کاری خێرخوازیی و تەنانەت مووچەی وەزیرییەکەشی وەرنەگرتووە و خۆبەخشانە کاری کردووە، کەریمی ئەلەکە کە نموونەی جوامێریی و پیاوچاکی بووە، زێدی ڕەسەنی بنەماڵەکەیان هەرمۆتە بووە. [1]