دوای تۆمەتبارکردنی هێزە ئەمنیەکانی پۆلیسی #سلێمانی# بەداڵدەدانی تاوانباران لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی #هەولێر#ەوە، وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنین ئەگەر پۆلیسی هەولێر نوسراومان ئاراستە بکەن، هەر تۆمەتبارێکیان هەیە دەستگیری دەکەین و ڕادەستیان دەکەین.
هەروەها چەندین کەس هەن کە تاوان لەشوێنێک ئەنجامدەدەن و ڕوو لەشوێنێکی دیکە دەکەن، بەڵام ئەگەر پۆلیسی هەولێرو بەڕێز لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەرکەسێک داوادەکەن کە تۆمەتبارەو لەسلێمانیە، ئەوا با نوسراومان ئاڕاستە بکەن دەستگیریان دەکەین و ڕادەستیان دەکەینەوە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردودا چەند هاوڵاتیەکی بەڕەگەز عەرەب کە چەندین تاوانیان ئەنجامداوە لەشوێنی دیکە دەستگیرمان کردونەتەوەو ڕادەستی شوێنەکانی خۆیانمان کردۆتەوە، جگەلەوەش دوو هاوڵاتی بەڕەگەز عەرەب ئۆتۆمبێلی جۆری لاندکرۆزیان پێبووە کە تابلۆی ژمارە سلێمانی بوەو لەدیالە هێرشیانکردۆتەسەر هاوڵاتیانی شارەکە، ئێمە دوای ئەوەی زانیاریمان دەستکەوت، تاوانبارەکانمان دەستگیرکردو ڕادەستمان کردونەتەوە.
ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هەمئاهەنگییەکی باشمان هەیە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە هەرێمی کوردستان و خواروی عیراقیش، بۆیە هەر تۆمەتبارێک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبێت و بگاتە دەست پۆلیسی سلێمانی ئەوا دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بەدواچوونی تەواو دەکرێت و فەرمانی گرتنەکە جێبەجێدەکرێت و کەسی داواکراو ڕادەستی شوێنی داواکردنەکەی دەکرێتەوە.
#15-11-2018#