لە ساڵرۆژی تیرۆرکردنیان، نمایشکردنی فلمی ساکینە جانسز قەدەخە دەکرێت!
گرتنەبەری ئەو کارانە دەبێت لەترسی چی بێت؟؟ دەبێت بۆ خزمەتی کێ بێت؟!
بۆ ڕای گشتی و تەواوی گەلەکەمان
ئەگەرچی لەم هەرێمە بەناو نیمچە ئازادە، کە ئەویش بەری ڕەنج و تێکۆشانی تەواوی گەلەکەمانە و بەرلە هەمووشمان خوێنی شەهیدان، بەڵام زۆر بەداخەوە هەموو دەسکەوتەکان بەحزبی کراوە و لەوەش ناشیرینتر ئەوەندەی ئەم هەرێمە خراوەتە خزمەتی داگیرکارانی کوردستان و ئەوان لێ سودمەندن، ئەوەندە گەلەکەمان سودمەند نەبووە، ئەوەندەی داهات و سەروەت و سامانی ژێرخان و سەرخان و بەها پیرۆزەکانی ئەم گەلە پێشکەش بە داگیرکاران و بەتایبەت دەوڵەتی فاشیستی تورک کراوە ئەوەندە خزمەت بەم گەلە ستەمدیدەیە نەکراوە و پێشکەشی نەکراوە.
بە ڕادەیەک تا دەچێت سنورەکانی ئازادی تەنگ دەکرێتەوە و ناتوانرێت بەئازادی لەم هەرێمەدا ژیان بکرێت. لەهەرێمی کوردستان هەر ڕۆژ زیاتر مەودای ئازادی بەرتەسک دەکرێتەوەو ئازادیەکان بن پێ دەخرێن، مافی دەربڕینی حزب بوون و ڕێکخراو بوون و دەربڕینی ئازادیە تاکەکەسیەکان ئاستەنگ دەکرێت.
ماوەیەکە بەبیانوی بێ بنەما و بێ یاسایی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کراوەتە ئامانجی هێرشی هێزەکانی ئاسایش و دادەخرێن، هەر بەداخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیەوە نەوەستان بارەگای ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان و ڕێکخراوەکانی چاندو هونەر کە مۆڵەتیان لای خۆیان پێ درابوو کرانە ئامانجء داخران!
جیاواز لەوەش مافی خۆپیشاندان و گربوونەوەش قەدەغە دەکرێت. خاوەنداری کردن لە ڕێبەرو تێکۆشەرانی ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوە قەدەغە دەکرێت! بە تاوانی خاوەنداریکردن لە ڕێبەری دیموکراتی گەلان ڕێبەر ئۆجالان، کە گەنجانی ووڵاتپارێز دەیانخواست چالاکی خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام بدەن دژی گۆشەگیری سەر بەرێزیان، بەڵام 100 گەنج دەستگیر دەکرێن و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن!
لە هەمووی ئابڕوبەرانەتر بۆ ئەم دەسەڵاتە لەسەر فرۆشتنی پەرتوکەکانی ڕێبەر ئۆجالان ئەوە دووڕۆژە هێرش دەکەنە سەر فرۆشیاران و ڕاوەدوو دەنرێت و دەستگیر و زیندانیان دەکەن و پێیان دەڵین فرۆشتنی پەرتوکی ئۆجالان قەدەغەیە!
لەسەر ئامادەکاری بۆ نمایش کردنی فلیمی بەشێک لە ژیان و تێکۆشانی ژنە شۆڕشگێڕی گەلەکەمان ساکینەجانسز سینەما سالم دادەخرێت! ئەوە لەکاتێکدایە بارەگای دەزگا سیخوڕیەکانی داگیرکەرانی کوردستان و هێزو سوپاکانیان ئازادن لەهەرشوێنێکی هەرێمی کوردستان کاربکەن و بنکە و بارەگا دابنێن وێرای ئەوەی ئاسایشیشیان پارێزراوە.
پەخش و نمایشکردنی درامای تورکی کە بەشێوەیەکی مەترسیدار ئەخلاق و دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی ڕووبەرووی هەڵوەشان و لێکترازان کردووەتەوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ژیانی گەلەکەمان، وێرای ئەوەی چەندین جار داوای وەستاندنیان کراوە بە بێ سانسۆر بەردەوامن. داگیرکردنی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورک لە ڕووی سەربازی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، کلتوریەوە بەڵام تا دەچێت زیاتر و زیاتر دەپارێزرێن!
وەک تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان وێڕای بە توندی شەرمەزارکردن و ئیدانەکردنی هەموو ئەوکارە نەشیاوانە، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە دەستبەرداری ئەو کارانە بێت، لەجێی ئەوە خزمەتی شوڕشگێڕان و کلتوری گەلەکەمان بکات، نەک خزمەتی داگیرکەران.
هەروەها تەواوی گەلەکەمان و ڕای گشتی لە و هێرش و پەلامارانە ئاگادار دەکەینەوە بێ دەنگ نەبن و ڕێگری بکرێت لەو جۆرە کارە دزێوانە و نەهێڵین زیاتر تەشەنە بکات، ئەوە جگە لەوەی بەزیانی گەورە دەشکێتەوە بۆ سەر گەلەکەمان، لەهەمان کاتدا ئەزموون و مێژووی گەلەکەشمان ڕەش و لەکەدار دەکات. لە کۆتاییدا جارێکی تر هەموو ئەو هێرشانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان شەرمەزار و ڕسوا دەکەین و دەپرسین گرتنەبەری ئەو کارانە دەبێت لەترسی چی بێت؟ دەبێت بۆ خزمەتی کێ بێت؟!
#09-01-2019#