یەکە تایبەتەکانی #یەپەگە# تاوەکو ئێستا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە باکووری سوریا زیاتر لە 2 هەزار و 700 چەتەی #داعش#یان دەستگیرکردووە و لە ئێستادا ئەو چەتانە لە زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕادەگیرێن. زیاتر لە 800 کەس لەو چەتانە خەڵکی وڵاتانی بیانین و هاووڵاتیی 46 وڵاتی جۆراوجۆرن. بەڕێوبەریی ڕۆژئاوا ماوەیەکە بانگی لە ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کردووە، کە بۆ دادگایکردنی داعشە دیلکراوەکان دەستبەکار ببن و وەریان بگرنەوە.
#ساڵح موسلیم# بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ناوداری نەمسادا ڕایگەیاند، دەبێت ئەو داعشە بیانیانەی لە دەستی ئەواندان لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەربگیرێنەوە و دادگایی بکرێن.
راشیگەیاند، مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کاتێک دەوڵەتی تورک هێرش بکاتە سەر باکووری سوریا داعشە زیندانیکراوەکان هەوڵی هەڵهاتن بدەن.
ساڵح موسلیم ئەوەشی ڕاگەیاندووە ئەو چەتە بیانیانەی کە لە دەستماندان لە هەر چوار لای جیهانەوە هاتوون و هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر خاکی کوردان ئەنجامداوە. لە تێکۆشانی دژ بەو چەتانەدا ئێمە باجێکی زۆر قورسمان داوە و هەندێک لەو چەتانەکانمان دیلکردووە، پێویستە وڵاتەکانیان ئەوان وەربگرنەوە و دادگاییان بکەن.
دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چەتە داعشە زیندانیکراوەکان دەست بە جموجوڵ بکات
بەپێی ئەو زانیارییەی ساڵح موسلیم خستوویەتییەڕوو، تاوەکو ئێستا ئەندۆنیزیا، ڕووسیا، مەغریب و سودان داوای وەرگرتنەوەی ئەو چەتە دیلکراوانەیان لە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، کە خەڵکی وڵاتەکانی ئەوانن.
موسلیم سەرنجی خستەسەر ئەوە، لە ناوی ئەو وڵاتانە کە داوای وەرگرتنەوەی چەتە دیلکراوەکانی داعشیان کردووە و ڕایگەیاند، هیچ یەک لەو وڵاتانە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا نین، بۆیە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ بابەتی چەتە دیلکراوەکان و وەرگرتنەوەیان لەلایەن وڵاتەکانی خۆیانەوە دەست بە جموجوڵ بکات.
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی گەردەولولی جزیردا لە شارۆچکەی هەجینی دێرەزۆر 8 چەتەی داعشی خەڵکی وڵاتانی، ئۆزبەکستان، تاجیکستان، کازاخستان، ئوکرانیا، ڕووسیا و ئەڵمانیایان دیلکردووە.
میدیای ئەڵمانیا بە بەرفراوانی باسی لوکاس گلاس، ئەو چەتە داعشە ئەڵمانییەیان کردبوو، کە لەلایەن یەپەگەوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا دیلکراوە و ڕایانگەیاندبوو، لوکاس گلاس لە ساڵی 2016ەوە لەلایەن دەزگای ئاسایشی ئەڵمانیایەوە بە تۆمەتی 'ئەندامبوون لە ڕێکخستنی تیرۆردا' دەستیان بە لێکۆڵینەوەکردن لەبارەیەوە کردبوو. جگە لە لوکاس گلاس 14 هاووڵاتیی تری ئەڵمانی، کە چەتەی داعش بوون و لە دەستی یەپەگەدان، لەلایەن داواکاری گشتیی فیدراڵ لە ئەڵمانیا بڕیاری لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیان دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا داوای ئەو هاووڵاتییە داعشانەی خۆی نەکردووەتەوە بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دادگایکردنیان.
جێگای سەرنجە تاوەکو ئێستا داوای ئەو داعشانە لە بەڕیوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان نەکراوە. بەشێک لە چەتە دەستگیرکراوەکانیش ماوەیەکە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا و مێرکلی ڕاوێژکار دەکەن، کە وەریان بگرنەوە، لە بەرامبەردا بەڕێوەبەریی بەرلین تەنها ڕایگەیاندبوو، بە دوای ڕێگاچارەیەکدان بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە داعشانەی ئەڵمانیا.[1]
#19-01-2019#