دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
لە دوای چوار ساڵ قەیرانی دارايی، دووبارە ژمارەیەکی زۆر لە کارگەی جۆراوجۆر لە ساڵی 2018 کەوتوونەتەوە کار، بەپێی ئامارەکانی #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی ئێستا کارگەکانی هەرێم زیاتر لە 40 هەزار هەلی کاریان ڕەخساندووه و بەشێک له و بەرهەمانەشی له و کارگانە بەرهەمدەهێنرێت دەتوانن پێداویستی ناوخۆ پڕبکەنەوە.
بەپێی ئامارەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە پێنج هەزار کارگە و 21 هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 ژمارەی ئه و کارگانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە بریتیی بووە لە 37 کارگە، بەڵام لە ماوەی ساڵی 2018دا هەفتانه (4 بۆ 5) کارگە تۆمارکراون و لەئێستاشدا ژمارەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە زیاتر لە 5 هەزار کارگە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2016 و 2017 دوو بەرامبەر زیادیکردووە، واتا لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 114 کارگە لە بواری بیناسازی و خۆراک و کیمیایی و پلاستیک و ڕستن و چنین و فلز و مۆبیلیات و سلیلۆز دامەزراون.
ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی دەریدەخەن ژمارەی ئه و کارگانەی کە لەلایەن بیانییەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن، بریتین لە 15 کارگەی جۆراوجۆر، له و 600 کارگەیەشی کە لە ساڵەکانی (2015 و 2016 و 2017) بەهۆی قەیرانی دارایی داخرابوون لە ئێستا 60% کەوتوونەتەوە کار.
دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: زۆربەی کارگەکان خۆماڵین و خەڵکی کورد ئیدارەیان دەکات و پشکی وڵاتان لەو کۆمپانیایە ڕێژەیەکی کەمەو پێویستە وا لە کۆمپانیا سەرمایەگوزارەکانی دەوروبەرو جیهان بکەین لە هەرێمدا پەرە بە کاری پیشەسازی و وەبەرهێنان بدەن.
ئەوەشی خستەڕوو: سیاسەتی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر کەرتی پیشەسازی سیاسەتێکی بازاڕی ئازادە، چونکە زیاتر هاوبەش و هەماهەنگی پەرەپێدانە بە کەرتی پیشەسازی.
هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی، کارگەکانی شیش و چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان 70% پێداویستی ناوخۆی عێراق پڕدەکەنەوە، بەجۆرێک ساڵانە کارگەکانی هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 15 ملیۆن تەن چیمەنتۆیان هەیە، له و ڕێژەیەش پێنج ملیۆن بۆ پێداویستی ناوخۆیه و بڕەکەی دیکە دەنێردرێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ئامارەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەش دەخەنەڕوو: کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشێکی زۆری پێداویستی ناوخۆ پربکەنەوە، لەوانە بواری خۆراک و کەرەستەی بیناسازی و پاککەرەوە، لە ئێستاشدا زیاتر لە 150 بەرهەم لە کارگەکان دەتوانن پێداویستی 50% ناوخۆ هەرێم دابینبکەن.
لای خۆیەوە تەیب کەژۆ، بەرێوبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: زیاتر لە 40 هەزار کرێکار و کارمەند لەسەرجەم کارگە بچووک و مامناوەندی و گەورەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
وتیشی: کارگەکانی بواری بەرهەمهێنانی بیناسازی توانیویانە زۆربەی پێداویستییە ناوخۆییەکان پڕبکەنەوە، بەڵام کارگەکانی بواری بەرهەمهێنانی خۆراک نەیانتوانیوە بە تەواوی پێداویستی ناوخۆ پڕبکەنەوە.
ئه و بەڕێوبەرە گشتییە، ئەوەش دەخاتەڕوو: وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پلانی هەیە پشتیوانی بەرهەمە ناوخۆییەکان بکات تاوەکو کارگە داخراوەکانیش سەرلەنوێ بخرێنەوەگەڕ.
ئاماژەش بەوەدەکات: تاوەکو ئێستاش وەزارەتی شارەوانی مۆڵەتی بە زیاتر لە چوار هەزار زەوی پیشەسازی داوه و له و ژمارەیە شەش سەد تاوەکو حەوت سەدیان مۆڵەتیان وەرگرتووه و کاریان نەکردوە.
راشیگەیاندووە: کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە توانایاندایە زیاتر لە 250 جۆری پلاستێک بەرهەمبهێنن و وەزارەتی بازرگانیش چەند ئاسانکارییەکی پێشکەشی بازرگانان کردووە، بەمەبەستی دامەزراندنی کارگەی نوێ، لەوانە لە باج بەخشین و کەمکردنەوەی ڕسومات و ئاسانکاری بۆ هێنانی مادەی خاو و یەدەگ لەدەرەوە.
لای خۆیەوە نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ژمارەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار کارگەیە، لەگەڵ هاتنی قەیرانی دارایی ژمارەیەک له و کارگانە داخران، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکان بەگەڕخراونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەپێی یاسای ژمارە 25ی ساڵی 1992، زەوی به و کەسانە دەدات کە لە بواری پیشەسازی کاردەکەن، لەگەڵ پێدانی قەرزیش برگەیەکی دیکەی یارمەتیدانی کەرتی پیشەسازییە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی دارای-یەوە ئەو قەرزە وەستێنراوە.
وتیشی: خاوەن کارگەکان لە لێخۆشبوون لەگومرگ و کەرەستەی خام و کەلوپەلەکانیش هاوکاری دەکرێن.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]
#21-01-2019#