دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
بەپێی داتاو ئامارەکانی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەم مانگەدا ڕۆژانە زیاتر لە 418 هەزار بەرمیل کە دەکاتە زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیل لەماوەی مانگێکدا، هەناردەکراوە.
بەپێی ئه و داتا و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە، لەسەرچاوەیەک لە کەرتی نەوت و وزەی هەرێم، لە مانگی کانونی دووەمی 2019 (ڕابردوو) هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بە تێکڕا 411 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەوپێیەش لە ماوەی مانگی ڕابردوو هەرێمی کوردستان تەنها لە کێڵگەکانی ناوخۆ 12 ملیۆن و 741 هەزار بەرمیلی هەناردە کردووە، کە ئەمەش بە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان دادەنرێت بە بەروارد بە مانگەکانی ڕابڕدوو.
بەپێی ئامارەکە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی #کەرکووک# لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان چوار ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت بووە، لە کاتێکدا بەر لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ڕۆژانە 565 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.
هەرچەندە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لەمانگی شوبات لە جیهاندا لە نێوان 60 بۆ 62 دۆلاری ئەمەریکی بووە، بەڵام حکومەتی عێراق بەرمیلێک نەوتی خاوی بە 53 دۆلار فرۆشتووە.[1]
#03-02-2019#