نووسەر کوردۆ شابان
ئەو کتێبە جەخت لە بایەخدان بە گومان دەکاتەوەه لەسەر هەموو بەهایەتی دەرەوەی زانست، بڕوا و ئایینیش بە لۆژیک و غەریزەیەکی ناخ و گەڵاڵەی فەلسەفی دەپێورێ، هەر شتێکیش لە دەرەوەی هاوکێشە زانستییەکانەوە بێت، جێی گومانە. گومانکردن لەسەر هەر چەمکێک، ئایین بێت یان هەر شتێکی تر، بریاردان لە نەبوون یان بوونی نییە، بەڵکوو خۆ یەکلایینەکردنەوەیە. لە کتێبەکەدا، جیاوازی لە نێوان بڕوادار، ئاییندا و بێبڕوا کراوە. مەرج نییە هەموو بڕوادارێک ئاییندار بێت. زۆربەی هەڵگرانی هەموو ئایینەکان، بۆ ئەوەی خەڵک دوور بخەنەوە لەوەی تەنیا بڕوایان بە خوا هەبێ و بڕوایان بە مەراسیمەکانی خۆیان نەبێ، وا بانگەشە دەکەن، ئەوەی بڕوای بە ئایین نەبێ، بێبڕوایە. سارتەر و بیرمەندانی تر، چارەسەری ئەمەیان کردووە. ئەم کتێبە جیا لە گفتوگۆی ئەو بابەتانە، کۆمەڵێ ڕەخنەشی لەسەر چەند چەمکێکی ناو ئیسلام کردووە، بۆ نموونە دووفاقەیی بەرانبەر مامەڵەکردن لەگەڵ ژن و بە گەیشتن بە دەسەڵات وەک ئامانجێکی سەرەکی.
کتێبەکە 210 لاپەڕەی قەبارە ناوەندە، ماڵی وەفایی چاپی کردووە.
کوردۆ شابان، نووسەری کتێبەکە کە خۆی پسپۆڕی بواری ئایینناسییە و چەندان وتار و شیکاریی جۆراوجۆری لەو بوارە هەیە، لەسەر کتێبەکەی ئاوا دەڵێ:
من لەم کتێبەدا بڕیارم تێدا نەداوە، بەڵکوو گومانەکانی خۆم و گومانی پسپۆڕانی ئایینناسیم هێناوە و کۆم کردوونەتەوە، چونکە بڕوام وایە، کاتێک مرۆڤ فێری گومان دەبێت، فێری ئەوەیش دەبێت کوێرانە شوێنی هیچ ڕێگەیەک نەکەوێت. تۆ لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا، کەتەلۆگی هەنگاوەکانی بەرەو بێبڕواییت دەست ناکەوێ، بەڵکوو بریتییە لە زەقکردنەوەی ئەو پرسیارانەی لە مێشکتدا لەسەر ئایین دروست بوون، یان گەشەپێکردن و دەوڵەمەندکردنێتی، یاخوود پێشتر بۆت دروست نەبووە و لە ڕێی ئەم کتێبەوە، تۆیش فێر دەبیت بیکەیت. سەرەنجام ئەگەر ئەم کتێبە وای کرد، وازت لە ئایین هێنا، یان وای کرد کە زیاتر بڕوات بە ئایینەکەت پتەو بێت، ئەوە هەمووی بۆ خۆت دەگەڕێتەوە و من هیچ یەکێ لەو دوو بڕیارەم پێ نەگوتووی. کتێبی ئێمان و گومان، وەڵامە کۆن و نوێیەکانی لەسەر ئەگەری بوونی خوا و میتافیزیک، ڕاستی و مێژووی ئایینەکان و سەرەتای سەرهەڵدانیان دەخاتە ڕوو، چەند بابەتێکی ناو ئایینی ئیسلامیش وەک ئایینی زۆرینەی کوردستان بە زمانێکی ڕەخنەییانە تێدایە.