بەیادی ژیانی جارانی کۆیە
محەمەد داریاس
لەزۆربەی ماڵەکان مریشک و کەڵەشێر بەخێودەکران، بۆیە زۆر پێویستیان بە کڕینی هێلکەو مریشک نەبوو// یەک نەخۆشخانەو یەک دکتۆر هەبوو، کە ئەویش بۆ هەموو جۆرە دەردو نەخۆشی و چارەسەرێک بوو، تاقیگەو پشکنین و تیشک نەبوو، دەرمانەکانیش زۆر تاڵ و ناخۆش بون، زۆربەی خەڵکی نەیاندەخوارد// خەڵک پیازیان نەدەکری بۆ زستان، تا گەلاوێژ هەڵدەهات، دەیانگوت ئەوکاتە باشە بۆ هەڵگرتن، چونکە ناڕزی// لەبەرئەوەی خەڵک لە گرانی ترسابوون، بۆیە ساڵانە زادو زەخیرەیان دادەنا، بەتایبەتی گەنم و جۆو هەرشتەو ساوارو نیسک و نۆک و داندۆک و گەنمەکوتا// هەموو پایزان زۆربەی ماڵەکان قاورمەیان دەکرد// نەوت بە تەنەکەو شوشە دەفرۆشرا// لە زستانان جار هەبووە بەیەک شەو سێ جار بانیان لە بەفر ماریوەتەوە// شەوچەرەی زستانان بریتیبوو لە مێوژو قەسپ و گوێز، پرتەقاڵ و سێو زۆر کەم بوو، لە نەخۆشخانە وەک دەرمان دەدرا بە نەخۆش// دنکە هەناریان دەگەڕاند لە کۆڵانان و بە نان دەفرۆشرا// لە زستانان کەسانێک هەبون بیورەکیان لەسەرشانی دەنا، هاواریان دەکرد کێ دارم پێدەشکێنی، واتا بە پارە داری دەشکاند بۆ سۆبە، پێیان دەگوترا (دارشکێن)// ڕەژوو چیلکەو دار بەبار بوو، خەڵک دەیکڕی بۆ چێشت و چا لێنان، وە بۆ خۆ گەرم کردنەوەو جل شوشتن و خۆشوشتن//شەوگوێت لە دەنگی وەڕەی سەگ و فیت فیتەی پۆلیس و زەڕڕەی کەرو قوقەی کەڵەشیر دەبوو// هەندێک ماڵ گندۆرەی گەورەیان بە بنمیچی ژوورێکەوە دەکرد، لە زستانان دەگەیی و دەیانخوارد// لەبەرئەوەی هیچ ڕاگەیاندنێک نەبوو، بۆیە حکومەت هەرکاتێک بڵاوکراوەیەکی هەبووایە، لەلایەن کەسێکەوە پەیامەکەی بڵاودەکردەوەو ئەویش بە دەنگی بەرز هاواری دەکردو سەرەتاش بەوە دەستی پێدەکردو دەیگوت: (بابە ئەهلی مەملەکەت)// خواردنە بەناوبانگەکانی کۆیە بریتیبون لە: کەبابی کاوەیس، چێشتخانەی ڕینگە، زرۆبی ماڵی جەمەی وەسمانی، کوببەی ماڵی فەقێ عوسمانی، نانی ماڵی حەمە گرانی، جگەری وەستا عەلی و محەمەدی جگەرچی// ژنە بۆری و بڵباس لە کۆڵانان دەگەڕان، بانگیان دەکرد های گوێز، های پەنیر، های ماست، های گێوژ، های کوارگ، های گەسک، زۆربەشیان بە زەخیرەیان دەدا وەک ساوارو هەرشتەو گەنمە کوتاو نیسک و نۆک// زبڵی ماڵان بە کەرو شەڵتە دەگوازرانەوە بۆ دەرەوەی شار.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,503 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!