#پەیکار عوسمان#
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، ئەوەیە کە نەیەڵین مناڵەکەی ناومان بمرێ، ئاخر دنیا بەگشتی و دنیای مناڵیش بەتایبەت، لەوێوە وێران ئەبێ، کە مناڵەکەی ناو ناخی گەورەکان ئەمرێ!
یەعنی پرۆسەی گەورەبوون نابێ لەسەر حسابی مناڵەکەی ناو ناخمان بێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەرکی سەرەکی ئێمە لە پرۆسەی گەورەبووندا، پاراستنی ئەو مناڵەیە لە فەوتان و ونبوون!
لەڕاستیدا بێ ئەو مناڵەی ناوەوەمان گەورەبوونێک لە ئارادانیە، بچوکبوونەوەیەک لەئارادایە، بۆیە دنیا پڕە لە مرۆڤی گرگن!
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، ئەوەیە کە چیتر مناڵبوون تەنیا نەتیجەی سێکس و زەواج نەبێت، بەڵکو بەرهەمی پلان و بیرکردنەوەو ئامادەیی مادی و مەعنەوی و مەعریفی دایکان و باوکان بێت.
یەعنی ئێوە، ئەگەر لە ساڵی پێنجەمی زەواجدا ئامادەی پێشوازی لە مناڵن، با لە ساڵی پێنجەمدا مناڵتان ببێ، نەک نۆ مانگ دوای شەوی گواستنەوە.
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، کەمکردنەوەی ڕێژەی مناڵبوون و ژمارەی مناڵە، ئاخر کاتێ توانای دایک و باوکێک لەڕووە مادی و مەعریفییەکەوە بەشی دوو مناڵەو چوار ئەخەنەوە، ئیتر ئەو مناڵانە ژیانێکی تەواو ناژین، چونکە یەکی نیو ژیانیان بەرئەکەوێ!
کاتێ هەموو ماڵەکەت سێ ژوورەو پێنج مناڵت هەیە، ئیتر نەهامەتییەکانی ژیانت هەر خەتای دوژمنی بێگانەو دەسەڵاتی خۆماڵی نیە، خەتای بێعەقڵی خۆشتە چونکە ماڵەکەت شوێنی یەک مناڵە نەک پێنج.
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، ئەوەیە کە دایک و باوک هەمیشە خوازیارو خەباتکاری دروستکردنی سیستەمێکی باشبن، چونکە سیستەم دایکو باوکی دووەمی مناڵە!
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، دەرهێنانی فیعلی ئەمرە لە زمان، ئاخر مناڵی ئێمە لە فیعلی ئەمرو وامەکەو وابکەو دانیشەو وسبە..وە، لەکەسایەتی ئەدرێ و ئامادەئەکرێ بۆ کۆیلایەتی!
فیعلی ئەمر حیوارکوژەو قسەو گوێگرتن و پرسیارو جوابی بەدوادا نایەت، کەسایەتی مناڵیش لەوێوە دروست ئەبێ کە حیواری لەگەڵ بکەیت.
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، ڕاهێنانیەتی لەسەر خواردنی تەندروست و وەرزش.
تۆ کە هێشتا گەنجیت و زەخت و دڵ و شەکرەت هەیە، تۆ کە بە گەورەیی بیری قاعەو وەرزشت کەوتۆتەوە.. هی ئەوەیە کە لە مناڵییەوە خواردنی تەندروست و وەرزش نەکراوە بە بەشێک لە ژیانت.
خێزانێک کە خواردنی تەندروستت لاخۆشەویست نەکاو مەکتەبێت کە وەرزشت لا خۆشەویست نەکا، هەردوکیان دوژمنی تەندروستی تۆن!
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، ئەوەیە کە دەرزی ئایدۆلۆژی و دینی لێنەدەین و گرێ ی و عوقدەکانی خۆمانی بەشنەدەین!
تەنیا لەسەر ئەخلاقی جوانی ئینسانیی پەروەردەی بکەین و تەواو، دواتر ئەو خۆی هەر ڕێگەیەک بگرێ بە ئەخلاقەوە ئەیگرێ و هەر ئەونەش بەسە.
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، پەروەردەی ڕۆحیی مناڵە، پەروەردەی ڕۆحیی مناڵیش پێویستی بە کۆرسی هونەرە نەک بە کۆرسی قورئان لەبەرکردن!
قورئان بۆ تێگەیشتنی گەورەکانە، لێگەڕێ مناڵ ڕۆحێکی تەڕی جوانی هەبێ و بیکە بە هاوڕێ ی هونەرو ئاژەڵ و سروشت، ئیتر خۆی کە گەورەبوو بە تەڕی و بە جوانی لە قورئان و شتەکان تێئەگا!
ئاژەڵ باشترین هاوڕێ و مامۆستایە بۆ مناڵ، چونکە دەمێک یاری لەگەڵ ئەکاو کەیفخۆشی ئەکات، دەمێک هەست ئەکا پێویستە ئاگای لە ئاژەڵەکەبێ و لەمەوە فێری بەرپرسیارێتێ ئەبێت، لە هەمووشی گرنگتر، فێری خۆشەویستی ئەکات!!
ئاخر تۆ ئاژەلێکت هەبێ، هەمیشە خۆشەویستی بێ بەرامبەرت ئەداتێ و ئەیدەیتێ، ئەمەش ئیجابیترین کەشی ڕۆحییە بۆ تۆ!
جا لەبری ئەوەی مناڵەکەت بنێریت بۆ پەرستگا، فێری بکەن سەگ گڵاوە، سەگێکی بۆ بکڕە، سەگەکە فێری ئەکات کە (ڕق) گڵاوە!!
پشیلەیەک لە حەوشەکەتدابێ، باشترین شتە بۆ ئەوەی مناڵەکەت لە دین تێبگات، چونکە لەو پشیلەیەوە فێری خۆشەوستی ئەبێ، پەیامی ڕاستەقینەی دینیش ئەو خۆشەویستییەیە، نەک ئەو ڕقەی کە کەهەنەو سەڵاتین ئەیڕێژن!
مناڵ کە فێرتکرد کولانە بۆ سەگێک دروست بکات، ئیتر کە گەورەبوو ماڵی کەس وێران ناکات! کە فێری پێکەوەژیانبوو لەگەڵ ئاژەڵێکا، دواتر پێکەوەژیان لەگەڵ مرۆڤا بۆی قورس نابێت!
ئەوەی بە دین دەرەوە وێران ئەکات، ئەوەیە کە بە دین ناوەوەی وێران کراوە!
ئەوەی بە مناڵی دنیای لا جوان نەکرابێ، بە گەورەیی ناشرینی ئەکات.
- باشترین شت بۆ مناڵی بکەین، تێگەیشتنە لە دنیای مناڵ، کاتێکیش تۆ ئەتەوێ مناڵەکەت کەم بڵێ و کەم بجوڵێ و شت نەشکێنێ و جلەکانی پیس نەکا.. ئیتر تۆ لە دنیای مناڵ تێنەگەیشتوویت، چونکە شتانێکی لێ داوائەکەیت کە سەربە دنیای گەورەکانە!
- باشترین شت کە بۆ مناڵی بکەین، ئەوەیە کە وانەی مناڵناسی بۆ خوێندنی زانکۆ ئیزافەبکەین.
ئاخر پرۆسەی خوێندن پڕە لەو شتە زیادانەی کە لەگەڵ تەخەڕوجدا فڕێیانئەدەین و لەگەڵمان بەردەوام نابن، ئەم شتانە پێویستە پاشەکشێیان پێبکرێ لە بەرژەوەندی شتانێک کە لەگەڵمان ئەمێننەوەو دێنە ژیانمانەوە!
- دواجار باشترین شت کە بۆ مناڵی بکەیت، ئەوەیە کە هەمیشە ماڵەکەت حەبی مەنع و کۆندۆمی
تێدابێت[1].