لە خراپترین دۆخیشدا، هێشتا هەموو شتەکان هەڵەنین، هێشتا بەشێکی شتەکان هەر ڕاستن، لەو تۆزە ڕاستەشەوە ئەکرێ دەستی یەک بگرین و شتەکان چاکبکەینەوەو هەستینەوە!
بەڵام لە دۆخی یەکترقبوڵنەکردن و لە سەقافەتی یەکترسڕینەوەدا، ئیتر (هەموو شتەکان هەڵەن) ئیتر خاڵێکیش نیە لێوەی دەستی یەکبگرین و شتێک چاکبکەین، ئیتر قەتیش هەڵناسینەوە.
ئیتر تۆ کۆبیتەوە هەڵەیە، کۆشنەبیتەوە هەر هەڵەیە. بەشداری بکەیت هەڵەیە، بایکۆتیش بکەیت هەر هەڵەیە. بەڵێ بکەیت هەڵەیە، نەخێریش بکەیت هەڵەیە. قسەبکەیت هەڵەیە، بێدەنگیشبیت هەڵەیە. بچی بۆ بەغدا هەڵەیە، نەشچی هەر هەڵەیە. بچیتە حکومەت هەڵەیە، نەشچی هەر هەڵەیە..
ئیتر تۆ هەرچی و هەرچۆن بکەیت بە نیسبەت منەوە هەر هەڵەیەت و هیچ لە مەسەلە ناگۆڕێ، چونکە من پێشوەخت و پێش چی و چۆنەکە، خۆتم ڕەتکردۆتەوە!
نەوشیروان لە ڕێگەی پێشوازی بەردەوام لە وەفدەکانی یەکێتی و پارتی و سەردانەکانی بۆ سەری ڕەش و دەباشان، ئەیویست پێمانبڵێ، دوای ململانێ و هەموو شتێک دواجار کارەکان پێکەوە ئەکرێن، بەڵام ئێمە ئەومان وەکو گرندایزەر ئەویست! ئەومان بۆ ئەوە نەبوو بە ناتوندوتیژی و لەگەڵ ئەوانیتردا پێکەوە دنیاکە باشتر بکەن، ئەومان بۆئەوەبوو لە شوێنێکا توڕەبێ و دنیاکە ژێرەوژوورکاو شتەکە بە توندوتیژی یەکلابکاتەوە. بۆچی؟
ئێمە پارتیمان وا ئەوێت ئەوانیتر قووت بداو یەکێتیمان وا ئەوێت وەکو هەشتاکان گونی گوندار دەربێنێ و #پەکەکە#شمان وا ئەوێت لە هەر چوار پارچە تەواوی هێزەکانی تر مەحف بکاتەوە. بۆچی؟
سەیرکە جگە لە یەکگرتووەکان کەس موعجیب نیە بە سەڵاحەدین بەهادین، کەچی خەڵکێکی زۆر ئیسلامییش نین و موعجیبن بە مەلا کرێکار. بۆچی؟
یەکێتییەکان زیاتر کەیفیان بە پاڤێڵ دێ وەک لە قوباد، پارتییەکانیش زیاتر هیوایان بە مەسرورە تا نێچیر. بۆ؟ یان لاهور ڕەنگە بەکەڵکی ئەندام کۆمیتەییش نەیەت، کەچی ڕەقەمێکی گەورەیە. بۆ؟
عومری سەی عەلیش خۆ قەزیەکە هەر کێشەی ناوخۆی حیزب و پاشەکشێ گۆڕان نیە کە کابرا مەرغوب نیە، ئەوانەش نەبێ ئەو فەقیرە هەر مەرغوب نیە. بۆ؟
چونکە سەقافەتی باوی ئێمە، سەقافەتی یەکترسڕینەوەیەو یەکترسڕینەوەش عەنتەرو شەقاوەی ئەوێ، نەک نەرمونیانی و پشوودرێژیی.
چونکە سەقافەتی باوی ئێمە سەقافەتی خێڵەو خێڵیش پاڵەوانی ئەوحەدی ئەوێ، نەک تیم و کاری پێکەوەیی.
سەیرکە پارتی و گۆڕان کۆئەبنەوەو خاڵی هاوبەشیان هەیە، شتەکە بووە بە کێشە، لەکاتێکا ئەوە حاڵەتە نۆرماڵەکەیەو ئەگەر وانەبێ کێشەیە!
یان یەکگرتوو موعارەزەیەو لەگەڵ بارزانیش کۆئەبێتەوە، ئەمە بووە بە عەیبە، لەکاتێکا ئەوە ئاڕاستە دروستەکەیەو ئێمە لە موعارەزەییشدا هەر تەواوکاری ئەوانیترین نەک دوژمن.
گرنگە نەوەی نوێش تێبگات کە سیاسەت ڕەش و سپی و شەیتان و فریشتەو دابەشکردنی دنیا نیە، نە کۆبونەوەو بەشداری ئەوانیتر ئەکات بە شەیتان. نە کۆنەبوونەوەو موعارەزەییش نەوەی نوێ ئەکات بە فریشتە.
هەموومان لە یەک دنیاداین و هەمووشمان لە باش و خراپدا پشکمان هەیە.
پارتی و یەکێتی بەو هەموو فەسادو فەزاحەتەوە، هێشتا بڕێک لە ڕاستییان لایەو هیچیش بەبێ ئەوان ناکرێ!
ئەوانیتریش بەو هەموو بێدەسەڵاتییەوە، هێشتا بڕێک پۆخڵەوات و بەرپرسیارێتی دۆخەکەیان بەر ئەکەوێ.
ئێمە ئەبێ پاساو بدۆزینەوە بۆ دانیشتن و کۆبونەوەو بە زەڕەبین بۆ هاوبەشی بگەڕێین، نەک ئەوەی دانەنیشتن و کۆنەبوونەوەو نەبوونی هاوبەشی بکەین بە ئینجازی سیاسیی!
ئەگەر کارێک بکرێ بە هەمووان ئەکرێ و هەمووانیش لە هاوبەشییەکانەوە ئەتوانین دەستی یەک بگرین، نەک ئەوەی هەموو شت بە هاوبەشییەکانیشەوە ڕەتبکەینەوە کە ئیتر هیچ ناکرێ، ئەم هیچەش وەکو کردەیەکی سیاسی گەورە بفرۆشینەوە!!
ئێوەی بە تەبیعەت موعارەزە، هاوشێوەی پشتیوانی پێشترتان بۆ گۆڕان، بۆ پشتیوانی نەوەی نوێ ناکەن، کە ئێستا موعارەزەیە؟؟ ئەم پرسیارەم زیاد لە جارێک بۆ هاتووە، پێوابێ جوابدانەوەی لەگەڵ ئەم نوسینەدا دێتەوە!
زۆر بە سادەیی، چونکە من پشتیوانی مۆدێلێکی تری موعارەزەم، مۆدێلی گۆڕان و حەڤدەی شوبات، بۆ کاتی خۆی گرنگبوو، بۆ ئێستا بابەتی تێپەڕاندنە. نەوەی نوێش لە مۆدێلی گۆڕاندا لە خودی گۆرانی بردۆتەوە، بەس کێشەکە ئەوەیە ئەو مۆدێلە بەسەرچووەو وەکو وایە ئەسپێکی دۆڕاوی بردبێتەوە!
گۆڕان کە هات بە موزایەدەو پۆپۆلیزم و کۆنە گەندەڵ و داروبەردەوە قبوڵمانبوو، چونکە شتەکە تازەبوو، بەڵام سونەتی حەیات وایە، کە ئەمە بەس بۆ یەکەمجار وایە، بۆ جارەکانی تر ئیتر بە مەرج و مواسەفات موعارەزەمان ئەوێ نەک بە گۆترە. نەوەی نوێش ئەبێ سەعییەکی باشتر بکاو بە هەمان جوابەکانی دە ساڵ لەمەو پێشی گۆڕانەوە لە ئیمتیحانی ئێستا دەرناچێ.
وەکچۆن بەشداری گۆڕان و هەر حیزبێک، ئەبێ بۆ جێکردنەوەی بڕێک لە پاکیج و بەرنامەکانی بێت، نەک تەنیا بۆ پشک و پۆست..
بەشداری نەکردنی نەوەی نوێ و یەکگرتووش ئەبێ بۆ شێوازێکی ترو ئەخلاقێکی تری موعارەزەیی بێت، نەک بۆ زەڕبلێدانی هەموو شتێک و موزایەدەو پۆپۆلیزم، کە بە ئەندازەی هەموو خراپەکارییەکانی پارتی و یەکێتی خەڵکی ئێمەی نائومێدو ماندوکرد!
بۆ تێپەڕاندنی ستەمکاریی، ئێمە پێویستمان بە سڕینەوەی پارتی و یەکێتی نیە کە ئەسڵەن ناشتوانین، چونکە ستەمکاری هەمووی لای پارتی و یەکێتی نیە، بەڵکو لای هەموو کۆمەڵگایە لە ڕێگەی کولتوری یەکترسڕینەوەوە!
(بۆ تێپەڕاندنی ستەمکاریی، ئێمە پێویستمان بەوەیە سەقافەتی یەکترقبوڵکردن بخەینە شوێن سەقافەتی یەکتر ڕەشکردن.) ئەمە قسە گەورەکەیەو ئیتر دەسەڵاتی یان موعارەزە، ئەوەیان قسە بچوکەکەیە[1].