بەیانی زوو بوو، تازە شەبەقی دابوو. بەڵام هەورە تاڵەکە ڕێگەی نەدەدا خۆر سەردەربێنێت. کزەیەکی ساردی دەهات. لەگەڵ هاوڕێیەکم بۆ نانخواردنی بەیانی چووینە یەکێک لە ڕێستۆرانتە هەرە کۆنەکانی ڤانکوڤەر. چێشتخانەکە لەسەر یەکتربڕی دوو شەقامی سەرەکییە. لەساڵی 1996ەوە چۆن دروستکراوە، ئێستاش هەروایە، تەنانەت نرخی خواردنەکانیش نەگۆڕاوە، هەنوکە چی داوادەکەیت بە سێ دۆلارە، هەر ئەمەش هۆکاری قەرەباڵغیەکەیەتی. پەنجەرەیەکی کلاسیکی سێگۆشە و دەرگایەکی ئاسنی بۆ چونەژوورەوە هەیە. بەخەتێکی گەورەش لەسەر تەختی ناوچەوانی چێشتخانەکە نوسراوە: ماڵێک بۆ باشترین نانی بەیانیان لەشارەکەدا.
وەک شارەمێرولە، پێنج کەس دەهاتنەدەر و پێنجی تر دەچوونەژوور، سەرە بە ناونوسین بوو، نیو کاژێر بەپێوە وەستاین تا بانگیانکردین بۆ دانیشتن. ناوەوەی چێشتخانەکە لەکامپێکی دەستبەسەری دەچێت کە بۆ ماوەی پەنجا ساڵێک کۆمەڵێک خەڵکی تێدا زیندانیکرابێت، هەرکەسەش بەویستی خۆی شتێکی لەسەر دیوارەکە نوسیبێت، بەجۆرێک لەکۆی دیوارێکی 200 مەتری، شوێنێکی خاڵی نادۆزیتەوە بۆئەوەی دوو پیت بنوسیت. تەنانەت دەسکی دەرگا، لێواری مێز، قاچی کورسیەکان و بنمیچەکانیش پڕکراونەتەوە.
گارسۆنەکە داواکارییەکانی ئێمەی بۆ خواردن وەرگرت و ڕۆیشت. من نوسراوەکانی سەر دیوارەکەم دەخوێندەوە، شتی عەنتیکەی تێدابوو، وەک:
- ئەمڕۆ هەموومان لێرە نانی بەیانیمان خوارد، خێزانی براهام، ئابی 2006.
- عەشقی تۆ، دەرمانی هۆشبەرە بۆ من.
- ئەمە هەموو ڕۆژێک ڕونادات.
هێندە لەو شەڕە پشیلەم ڕوانی ئیدی چاوم هیلاک بوو، چاویلکەکەم لە چاوم کردەوە، بۆ خولەکێک لەگەڵ هاوڕێکەم باسی درەنگکەوتنی خواردنەکەمان کرد. دیسانەوە چاوم خستەوەسەر دیوارەکەی لاتەنیشتم، لەپڕ سێ پیتی (PKK)ەکم بینی، هەستامەسەرپێ و نزیک لێمڕوانی، بینیم بەلاتینی نووسرابوو: بژی #پەکەکە#.
نازانم کەی و کێ ئەمەی نووسیوە، هەرکەسێک کردویەتی سوپاسێکی گەورەی قەرزدارم. چونکە بۆ ساتێک هەستێکی خۆش دایگرتم کە لەوپەڕی دونیا و لەچێشتخانەیەکی لاچەپەکدا و لەسەر دیوارێکی تەونکراو، دوو وشەی کوردی بدۆزیتەوە، وەک ئەوە وایە پەلی منداڵێکت بەدەستەوەیە و لەقەرەباڵغیەکدا لێت وندەبێت، پاش نیو سەعات گەڕان، لەپڕ دێتەوە بەردەمت و باوەشت پێدادەکاتەوە[1].