پاش کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکان و یەکلابونەوەی، ئەمەریکاییەکان ئێستاکە دەتوانن پشوویەک وەربگرن و هەناسەیەک بکێشن. دیارە ئەوەندە ئەمەریکاییەکان بەم هەڵبژاردنەوە سەرقاڵ بوون، جیهانیش هەر وەها. ئاخۆ کورد لەسەر کام لەم کاندیدانە گرەوی دانابوو؟
سالار مەحمود ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی ڕێکخراوەکانی سڤیل لە پەرلەمان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەلێت لە ڕاستیدا ئەمەریکا وڵاتێکی ئاسایی نییە، چونکە ئەمرۆ ئەمەریکا بە پۆلیسی جیهان ناوزەد دەکرێ، چەن کاریگەری بۆ ناوخۆێ ئەو وڵاتە هەیە وەکو وڵاتێکی فەرە نەتەوە و شوناس هەر وەها بۆ نەتەوە و وڵاتانی تریش، ئەمەریکا بە حوکمی ناوەندیەتی وە کاریگەریەتی لەسەر ئاستی جیهان لە ڕووێ ئابوری و سیاسیەوە، جێگای سەرنجی هەموو ناوەند و نەتەوە و وڵاتان بوو.
کاک سالار هەر وەها دەڵێت کورد بەداخەوە ئەمجارەش بەشی زۆری ناوەندە سیاسی و ڕاگەیاندنەکانی، ئەوەی کە پێشبینیان دەکرد لەسەرکەوتنی یەکێک لە کاندیدەکاندا وورد نەبوون، چونکە دەرکەوت ئەوە ترامپە کە بە شێوازێکی جیاواز لە هەموو کاندیدەکانی پارتەکەی خۆێ و پارتە ڕەکابەرەکانی هاتە پێشەوە، وە ئەمرۆ ئەمەریکاییەکان دەریان خست کە هەندێ پرس و بابەت هەیە، پێویستی بە دیدگایەکی تازە هەیە وە پێویستی بە کارکتەرێکی نوێ هەیە، ئەو کارەکتەرەش خۆێ لە کەسایەتی ترامپ دا بینیەوە.
کاک سالار دەشڵێت بە پێی ئەو پێشبینیانەی کە لە هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنی کوردستانەوە ئاراستە دەکرا، هەرە زۆرینەیان بە ئاراستەی سەرکەوتنی هیلری کلینتن دا بوو، بە پێچەوانەکەی خەڵکی ئەمەریکا وەڵای ئەو بۆچوونەی دایەوە.