فێستیڤاڵتان باش..
بەخێربێن بەسەرچاو، میوانان، دۆستان، خەڵکی شارە حەیاتەکەو کوردستان..
بەدڵخۆشی نەیاران و بەئازادکردنی گەردنی نەیارانی فێستیڤاڵ، وا فێستیڤاڵمان گەیاندە، چوارهەمین فێستیڤاڵ..!
هەموو ساڵێک جۆرێک لەگرفت بۆ فێستیڤاڵ دروستدەکرێ، ئەمساڵ بەجۆرێک، ویسترا پیشان بدرێ کە کێشەی یاسایی هەیە، ئەویشمان تیپەڕاند بە بێئەوەی هیچ و کەس و دەزگایەکیش لەخۆمان بتۆرێنین. ئێستاش دەیڵێین: ئێوە بێباک بن و ئێمەش بێباکین، ئەوە هەموو ئەرشیفی فێستیڤاڵ لەبەردەستاندایە. ئێمە باوەشمان بۆ هەمووتان کراوەیە.
ئامادەبوان..
ئێمە وتمان تا شەشەمین فێستیڤاڵ لەگەڵ ئەم فێستیڤاڵە دەبین، بەندە دوو فێستیڤاڵی تر قەرزارم کە لەگەڵیاندا بم. دڵنیابن دەیگەیەنینە شەشەمین فێستیڤاڵ و لەشەشەمین فێستیڤاڵدا، فێستیڤاڵ لەخەمدەڕەخسێ و ئیتر هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک ناتوانێ، ڕایبگرێت. بەڵکو دەروازەکانی جیهانیشی بۆ دەکرێتەوە.
دەوترێ، فیلممان نییە، فێستیڤاڵمان بۆ چییە؟! ئەی ئەم هەموو پێشانگەی ئۆتۆمبێلەمان بۆچییە کە ناتوانین پایسکیلێکیش دروستبکەین. ئەی ئەم هەموو پێشانگەیەمان بۆ چییە بۆ گیرفان! لەکاتێکدا فێستیڤاڵ بۆ ویژدانە. ئەمیش تێدەپەڕێنین.
سینەما شوناسێکی جیهانی هەیە، کولتوری جیهانییە، سینەما ڕۆشنگەرییە، سینەما شارستانیەتە، نە ڕۆشنگەریی و نە شارستانی قۆرغ ناکرێ و تەلبەند ناکرێ بە ئەقڵە دواکەوتووەکان. فێستیڤاڵ بەردەوام دەبێت و مێژووی سینەمای کوردیش دەوڵەمەند دەکات، بەمێژوییەکی دەوڵەمەندتر و نەمریش دەبێ. سینەماسازان و هونەرمەندانی کوردستان، نەمرن.
ئامادەبوان، تەمەنی دەسەڵات، سیاسەت، دوو هەزار ساڵ پتر پێش زاینە، بەڵام تەمەنی سینەما بۆ سەدو پەنجا ساڵێک دەڕوا، با بزانین ملیۆنەها سیاسەتمەدارو دەسەڵاتداری ملهور لەمێژوودا نەمرن، یا هونەرمەندەکان لەمێژوودا نەمرن؟ کامیان نەمرن!
ئێمە ئومێدەوارین، بەهاتنی ئەم میوانە ئازیزانە، لەئێران، لەوڵاتانی ڕۆژئاوا، لەوڵاتانی عەرەبی، دراوسێکانمان، هزری هونەری سینەمازانی کوردستانیش موتوربە بکەن و توانای داهێنانیان بگەشێننەوە. ڕۆژگاریش یارمەتیدەرمانە، ئەگەر خۆمان یارمەتیدەری خۆمان بین. هەلومەرجی جیهانی، تەکنیک و تەکنەلۆجیای جیهانی، نەمانی سنورەکان وەکو بەربەست لەبەردەمماندا، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرمانن کە ئێمە لەسەردەمی جیهانگیریدا، قەرەبوی سەردەمە تاریکەکانی ڕابردوو بکەینەوەو ببین بەخاوەن سینەماو فێستیڤاڵی باشتر لەمە.
خۆشحاڵین بەئامادەبوونتان، میوانانی بەڕێز..
بێڕادەش سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین، کە تائێستا بودجەی فێستیڤاڵ سەرف نەکراوە، بەڵام نەیانهێشت فێستیڤاڵ پەکی بکەوێ. بە پەکنەخستنی فێستیڤاڵ، لەلایەن ئاسیا سێڵ و جەنابی کاک فاروق و هەموو ئەو جەنابانەی یارمەتیانداوین کە دوای باس دەکرێن، جارێکی تر سەلمێنرایەوە: ئەم شارە، هەر شاری هەڵمەت و قوربانی نییە، هەر بەڕاستی شاری داهێنان و پایتەختی ڕووناکبیرییە.
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبونتان، نامەوێ کاتتان لەم فێستیڤاڵەدا بەقسەی تر بکوژم، بەڵام تەنها ئەوەندە دەڵێم:
ئەگەر ئێوە لەمن ڕادەبینن، بەردەوام بم، ئەوا دڵنیابن لەخزمەتی هەموو بوارەکانی هونەردا دەبم، هەر سەربەرز بن[1].
#01-10-2019#