پەیسەر پرێس
جەنگێک قوتابی لەناو پۆلی قوتابخانەکەی دەهێنایە دەرەوەو ڕەوانەی بەرەکانی جەنگی دەکرد، کاتێک دەگەڕایەوە لەبری قەڵەم و کتێب و جانتاکەی چەک و فیشەکی پێبوو، لەناو بازاڕەکاندا گەنجێک ڕەشبگیر دەکراو و ئێوارنێک تەرمەکەیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکەوە دەهێنایەوە بەردەرگا، ژنێک لە چاوەڕوانی هاتنەوەی هاوسەرەکەیدا شەوڕۆژی دەخستە سەریەک و تا ئێستەش نەگەڕاوەتەوە، هەبوو لەناو ئاوی دەریادا کوژراو بوو بە خۆراکی ماسی، هەشبوو لەناو کێڵگەی میندا بەجێماو تا (ئێسک)ەکانیشی نەپورتوکا کەس نەیوێرا بچێت و بیهێنێتەوە..
چیرۆکەکانی جەنگ ئەوەندە زۆرن کۆتاییان نایەت، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە لەناو جەنگدا شتێک نامێنێتەوە ناوی مرۆڤ و بەهاکانی بێت، شتێک نیە ناوی زەردەخەنەو خۆشیەکانی ژیان بێت، هەموو جێگەیەک تارمایی مردن و هەڕەشەکانی لەناوچوون وەکو سێبەر بە شوێنتەوەیە.
جەنگە هەشت ساڵیەکەی نێوان عێراق و ئێران 1980/1988 لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جەنگی یەکەمی کەنداو ناسراوە، عێراقیش پێی دەگوت -قادسیەی سەدام- و ئێرانیش ناوی نابوو -شەڕی بەرگریی پیرۆز-. شەڕێک بوو لە دوای شەڕی ڤێتنام لە دژی ئەمەریکا لەسەدەی بیستەمدا بە دووەم درێژترین شەڕ تۆمارکراوە.
ئەگەر دوور نەکەوینەوە بۆ ناکۆکیەکانی نێوان عێراق و ئێران لەسەرەتای ناکۆکیەکانی سەفەوی و عوسمانیەکاندا ئەوا لە مێژووی نزیکدا بەرلەوەی ئەو شەڕە دەستپێبکات عێراق و ئێران ناکۆکیی درێژخایەنیان هەبوو لە سەر سنوورەکانی نێوانیان بە تایبەتی ئاوی شەتولعەرەب، هۆکاری تەقینەوەشی لەوکاتەدا تۆمەتبارکردنی ئێران بوو لەلایەن عێراقەوە بە هەوڵدان بۆ هەناردەکرنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ عێراق و وڵاتانی دیکە، کە تەنها ساڵێک بوو ئەو شۆڕشە حوکمی تارانی گرتبووە دەست.
بەرپرسێکی باڵای عەرەبستانی سعودیە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: هەموومان دەزانین کە سەددام بە مانای وشە فەرمانڕەوایەکی تاوانبار و خوێنڕێژ بوو، بەڵام ئەوە خومەینی بوو، کە لە وتارێکدا ڕایگەیاند، یەکەم جار عێراق ئازاد دەکات، دوای ئەوە ڕوو دەکاتە وڵاتانی کەنداو و بە زەبری هێز ڕزگاریان دەکات.
هۆکارەکانی جەنگەکە:
1-پێش لە جەنگەکە ناکۆکی کەسێتی لە نێوان سەدام حسین سەرۆک کۆماری عێراق و ئایەتوڵاخومەینی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ئارادا هەبوو، کە هەندێک بۆ ئەوەی دەگەڕێننەوە کە سەدام حسین چەند مانگێک دەبوو لە جێگری سەرۆک کۆمارییەوەی ببوە سەرۆک کۆماری عێراق و لەناخی خۆشیدا دەیویست ڕۆڵی جەمال عەبدولناصری سەرۆکی پێشووتری میسر بگێڕێتەوە کە وەک باوکی ڕۆحی عەرەبەکان وابوو، ئەو بانگەشەی بۆ ئومەی عەرەبی دەکردو خۆی وانیشان دەدا کە خەمی هەموو وڵاتانی عەرەب وەک یەک دەخوات. سەدام حسین یش دەیویست خۆی بە براگەورەی هەموو وڵاتانی عەرەب دابنێت، بەڵام دوای چەند مانگێک لە سەرۆک کۆمارییەکەی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ڕویدا و هێندەی پێینەچوو بە هۆی ئەو شەڕەوە ئەو خەونە لەبارچوو. لە کاتێکدا کە خومەینی لە وتارێکدا سەدام حسیەنی بە مەترسی لە سەر ناوچەکە دەزانی.
2-جیاوازی ئایدۆلۆژی و بیروڕیان لەسەر کۆمەلێک کێشەی وەک (سنوەرکانیان کە پاشخانی مێژوویی هەبوو هەر لەو پێناوەشدا چەندین ڕێکەوتنیان واژۆکردبوو کە دیارترینیان ڕێکەوتنی 1975-03-06ی جەزائیرە لە نێوان ئەو دوووڵاتەدا) دوای ئەوەش تێڕوانینیان بۆ ئیسلام دوو تێڕوانینی جیاوازبوو، سەدام دەیوست ئیسلام وەک کەلتوورێکی عەرەبی بۆ خۆی بەکاربهێنێت و خومەینیش دەیویست ڕابەرایەتی موسڵمانانی جیهان بەدەستەوە بگرێت. سەدام سونە مەزهەب و خومەینیش شێعە مەزهەب، بێگومان ناکۆکی نێوان ئەو دوو مەزهەبەش سەدان ساڵە درێژەی هەیەو تا ئێستەش بەردەوامەو کاریگەریی خۆی هەیە.
3-ئاڵۆزی ناوچەکە یەکێکی تر بوو لەو هۆکارانە کە سەدام لەوە دەترسا عێراقیش بگرێتەوە، لەوانەش کودەتاکەی کەنعان ئیڤرین لە تورکیا، شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران سەرجەم وڵاتی گرتبوویەوەو جۆرێکی لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی دروست کردبوو. ئەمانەش مەترسی گەورەیان لەسەر سنورەکان بۆ عێراق دروست دەکرد، بەتایبەتی ئێران کە خومەینی لە بیری ئەوەدا بوو ئەو شۆڕشە لە سنورەکانی خۆی بباتە دەرەوەو یەکەم وڵاتی دراوسێشی عێراق بوو، ئەو لەوە دەترسا کە دەست لەگەڵ شێعەکانی عێراق تێکەڵ بکات و بەڕەکەی لەبنپێ دەربهێنن. لە هەمان کاتیشدا لە ڕۆژئاوای عێراقیشەوە وڵاتی سوریا هەبوو کە پشتیوانی تەواوەتی لە ئێران و شۆڕشەکەی دەکرد و هاوپەیمانی تەواوەتی ئێران بوو بۆئەوەی فشاریش لە سەر ئەو وڵاتەش دروست بکات، هەربۆیە پێشبینی عێراق ڕاست دەرچوو لە ساڵی 1982 یەکێک لە بۆرییە نەوتیەکانی عێراقی داخست کە لە سوریاوە تێپەڕیدەکرد. ناردنە دەرەوەی شۆڕش دروشمێکی دیاری شۆڕشی ئێران بوو کە لە هەمان کاتدا لەناو لوبنان و یەمەن و هەندێک وڵاتی دیکەی عەرەبیدا ڕەنگی دابوویەوە بەتایبەتی لیبیاکەی موعەمەر قەزافی، کە ئەویش خۆی بە جێگرەوەی جەمال عەبدولناصری لە مێشکدا هەبوو. هەرەوەها زۆرێک لە بزوتنەوەی ئیسلامیەکان چوونە ژێر ئەو کاریگەرییەو ئەمەش ئەوەندەی تر ترسی لای سەدام حسین دروستکرد هەربۆیە بیری لەوە کردەوە ڕایبگرێت.
4-وڵاتانی عەرەبی دنەی سەدام حسین و ڕژێمەکەیان دەدا تا ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەو شۆڕشەدا، بەتایبەتی عەرەبستانی سعودیەو کوەیت، ئەوان بە هەموو جۆرێک هاوکاری سەدامیان دەکرد و سەدامیش وڵاتەکەی ناونابوو (دەرگای ڕۆژهەڵاتی وڵاتانی عەرەب) سەدام هەموو جارێک دەیگوت ئەگەر عێراق بکەوێت دەرگای ڕۆژهەڵاتی عەرەب دەشکێت.
5-هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ڕێکەوتنەکانی نێوان –شای ئێران- و ئەمەریکاو ئیسرائل و ناوهێنانیان بە شەیتانی گەورە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لە لایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لە عێراق بکرێت و ڕێگە بۆ ئەو شەڕە خۆشبکرێت. بارەگا فەرمی ئیسرائیلی دایە نوێنەری فەلەستینیەکان و بە ئەمەریکاشی دەگوت شەیتانی گەورەو دەیگوت دەبێت ئیسرائیل لەسەر لاپەڕەکانی ڕۆژگار بسڕینەوە.
6-هەردولا بە شێوەی کرداریی کاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتن نامەی جەزائیری 1975-03-06 دەکرد، لەڕێگەی ئێرانەوە هانی هێزە کوردیەکانیان دەدا گەشە بکەن و بچنەوە ناو خاکی عێراق و چالاکی ئەنجام بدەن، لەلایەکی دیکەشەوە عێراقیش هێزەکانی موجاهیدینی خەلقی ئێرانی پڕچەک دەکرد و میدیای زەبەلاحی بۆ دادەمەزراندن و دەیناردنەوە بۆ ناو خاکی ئێران و لە هەمان کاتیشدا هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیشی پرچەک دەکرد و لەڕێگەی ئەوانەوە چەندین کاری سەربازی دەکرا.
شەڕەکە چاوەڕێی تەقاندنی فیشەکێک بوو:
هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵگیرسانی شەڕەکە پێگەشتبوو، وەک دەگوترێت شەڕ گەشتوبووە بەردەرگای هەردولا، هەردوکیشیان ئامادەکارییە هەمە لایەنەکانیان خستبووە گەڕ، لەگەڵ یەکەم کڵپەی شەڕەکە، عێراق ئێرانی بەوە تاوانبار دەکرد کە لە 4 ی ئەیلولی 1980 دا هێرشی کردوەتە سەر ناوچەکانی #خانەقین# و مەندەلی، هەروەها عێراق هەوڵی تیرۆرکردنی تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی دایە پاڵ ئێرانیەکان لە ساڵی 1980دا، هەبۆیە لە 1980-09-17 سەدام حسین بە فەرمی و یەکلایەنە ڕێکەوتنی جەزائیری1975 ی هەڵوەشاندەوە کە بە(ڕێکەوتنی دراوسێی چاک) ناسرابوو. یەکێک لە خاڵەکانی ئەو ڕێکەوتن نامەیەش لەسەر (شەتولعەرەب)و دورگەکانی (تونبی گەورە) و (تونبی بچووک)ە کە خاوەندارێتیەکەیان بدرێتە ئێران، لەبەرامبەر ئەوەدا ئێران پشت لە شۆڕشی کورد بکات و نەهێڵێت لە سنورەکانی باکووری عێراقەوە کێشەی بۆ دروست بکەن، هەربۆیە لەو ڕۆژەدا سەدام حسین بە ئاشکرا گوتی : شەتولعەرەب مافی وڵاتی عێراقە، ئەگەر لە قۆناغێکدا دانمان پێدا نابێت بدرێتە ئێران ئەوا لە ئەمڕۆوە ڕایدەگەیەنین کە خاکی عێراقە. ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی ئێرانیەکان و ڕەتیان کردەوە کە شەتولعەرەب خاکی عێراق بێت.
لە دووکەڵەوە بۆ ئاگری شەڕ:
هەربۆیە دوو ڕۆژ دوای ئەو بڕیارەی سەدام حسین تۆپخانەکانی ئێران کەوتنە بۆردومانکردنی سنورەکانی عێراق لە شەتولعەرەب و سەرجەم دامەزراوە ئابوریەکانی کردە ئامانج. سێ ڕۆژ دوای ئەوە عێراق کەوتە پەلاماردانی زەمینی و لەبەرەی ناوەڕاستەوە (قەسری شیربن و مەهران و موسیان) و لەباشوریشەوە هێزە پیادەکانیان ڕوباری(کارون)یان تێپەڕاند و بەرەو ئابادان ملیاننا. جەنگەکان قوربانی گەورەیان لێدەکەوتەوەو تا دەهات ئاگری جەنگ زیاتر کڵپەی دەسەند تا لە 1980-10-24 دا شاری خوڕەمشەهریان کۆنترۆڵکرد. کاتێک عێراق دەستی بەسەر ناوچەیەکی زۆری ئێراندا گرتبوو، بەشێکی زۆری کانەنەوتەکانی ئێرانی کەوتبووە دەست، داوای ئاگربەستی کرد، لە لایەک بۆ ئەوەی هۆشێکی زیاتر بەسەر سوپاکەیدا بێتەوەو لە لایەکی دیکەشەوە، لەناوچەدا جێگیر ببێت. بەڵام کاتێک سوپای عێراق لە شاری (دیزفول)ی ئێرانی تێکشکان و زیانی گەورەیان بەرکەوت، ئەم شکستە وایکرد لە ساڵی 1982 و بە چەند قۆناغێک هێزەکانی عێراق پاشەکشەیان کردەوە بۆ ناوخاکی عێراق، لێرەوە قۆناغی دووەمی جەنگەکە دەست پێدەکات کە دەبوو عێراق بچێتە قۆناغی بەرگریکردن لە سنورەکانی خۆی، چوون لە لایەک ئێران هۆشێکی هاتبویەوە بە بەردا و زیاتر خۆی ڕێکخستبویەوەو لە لایەکی دیکەشەوە توانیبووی هەستی مەزهەبی و ئاینی زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکەی بجوڵێنێت و بیانباتە بەرەکانی جەنگ، هەروەها عێراقیش گەشتبوویە ئەو بڕوایەی ئێران ئەو تیکە چەورەش نیە کە بتوانێت بە یەکجار قووتی بدات.
ئەمەریکا دژایەتی ڕاگەیاند:
گەرچی کێشەی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی شۆڕشی ئێران و دواجاریش لە 1981 دا بە کێشەی بارمتەگیراوەکانی ناو کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە تاران زیاتر ئاڵۆزی کەوتە نێوانیان بەڵام لە سەرەتای ساڵی 1983 ئەمەریکا بڕیاریدا خۆی و هەموو هاوپەیمانەکانی چەک بە ئێران نەفرۆشن و بە پێچەوانەوە هاوکاری عێراق بکەن تا پێیان دەکرێت. لەبەر ئەوەی کە ئێران بە تەواوی کەوتبوویە دژایەتیکردنی ئەمەریکیەکان و گەوەرترین هاوپەیمانی لەناوچەکەدا کە خۆی لە ئیسرائیل دا دەبینییەوە.
لە وشکانییەوە بەرەو دەریا:
یەکێکی دیکە لە قۆناغەکانی ئەو جەنگە گواستنەوەیەتی لە وشکانیەوە بۆ قوڵاییەکانی دەریا، هەربۆیە لە ساڵی 1984 ەوە جەنگی کەشتیگەلی دەریایی دەستیانپێکرد، دەستپێکردنی ئەو جەنگە کە سنورەکانی دەکەوتنە ئاوەکانی کەنداوی(عەرەبی) یان (فارسی)و ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی بازرگانی نەوت و بابەتەکانی دیکەیان لەو ناوچەیەدا دەکرد، هەربۆیە ناچار بوون سنورێک بۆ جەنگەکە دابنێن و هەندێکجاریش چاو سوور بکەنەوەو هەڕەشە بکەن. لە نێوان ساڵانی 1985/1986 زۆرینەی فشاری جەنگەکە لەسەر کەنداو و ڕووبەرە ئاویەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بوو، بۆیە نەتەوە یەکگرتوەکان لە ژێر فشاری وڵاتە هەمیشەییەکانی ئەندامدا ناچار بوون سنوو بۆ ئەو جۆرە جەنگە دابنێن.
موشەک و شەڕی شارەکان:
لە دوا پێشکەوتنی شەڕەکە بەکارهێنانی مووشەکی زەبەلاح و دوور هاوێژ بوو کە یەکەمجار لە لایەن عێراقەوە دەستیپێکرد و یەکەم ئەزموونی مووشەکەی (سکۆد B) بوو کە عێراق خۆی بەگەورەیی لێی نوسیبوو (صاروخ الحسین) و ئاڕاستەی شارە گەورەکانی دەکرد و دانیشتوان و خەڵکی سڤیلی لە ناوەندی پارێزگاکاندا دەکردە ئامانج، لەناوئەو هێرشانەدا موشەکی (زەمین بە زەمین)ی ئاڕاستەی هەردوو گەورە شاری (قوم و تاران)یش کرد کە ژمارەی موشەکە بەکارهاتوەکانی عێراق بریتی بوون لە 519. لە بەرامبەر ئەوەدا ئێران جەنگی زەمینی لە باشووری وڵاتەوە گواستەوە بۆ باکووری ڕۆژئاوای و لە مانگی 3-1988 دا شاری #هەڵەبجە# و دەوروبەری کۆنترۆڵکرد.
ئەوهێزانەی لە ساڵی 1980 بەشدارییان لە جەنگەکەدا کردبوو لەم وێنەیەدا ڕوون کراوەتەوە.
عێراق کە خاوەنی 37 ملیارد دۆلار پارەی یەدەک بوو، کە لە جەنگەکە هاتەدەر لە 50 بۆ 80 ملیارد دۆلار قەرزدار بوو بوو.حاڵی ئێرانیش هیچ لەوە باشتر نەبوو.
بە پێی ئامارە فەرمیەکانی ئێران زیانەکانی وڵاتەکەیان بەم شێویەبووە:
172056 چەکداری جۆراوجۆر لەبەرەکانی جەنگ کوژراون، لە کاتێکدا 15959 کەس خەڵکی سڤیل لەناو گوند و شارەکانداو لەکاتی کاری ڕۆژانەیاندا کوژراون. 3828 مامۆستای قوتابخانە، 36167 قوتابی لە قۆناغەجیاوازەکانی خوێندن دا و ئەرتەشیەکان 48 هەزار کەس و بەسیجیەکانیش 85222 یان کوژراون. 44% ی کوژراوەکانی ئێران تەمەنیان لە نێون 16 بۆ 22 ساڵیدا بووە، هەر بەپێی ئامارەکانی ئێران 4363 ژنی پەرستارو پزیشک کوژراون کە زۆرینەیان لە بۆمبارانی شارەکاندا کوژراون. 320 هەزار کەس کەم ئەندام بوون و لەگەڵ ئەوەشدا 100 هەزار برینداری چەکی کیمیاوی هەبوون کە 8 هەزاریان حاڵیان زۆر خراپ بووەو ژمارەیەکیشیان تا ئێستەش ماون و چارەسەر وەردەگرن. چوون ئەو میدیا فەرمیەکانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن کە سوپای عێراق 3500 جار بە ئەندازەی جۆراوجۆر گازی کیمیاوی لە دژی سوپا و خەڵکی وڵاتەکەی بەکارهێناوە تەنها لە ڕۆژئاوای پارێزگای #ئیلام# لەناوچەی (هەلالە و نەی) نزیکەی 100 هەزار قوربانی لێکەوتوەتەوە لە نێوان بریندار و کوژراودا.
کورد لە هاوکێشەی شەڕەکەدا:
ئێران لە سەرەتای شۆڕشەوە 1979 پەیمانی زۆری بە کوردەکانی وڵاتەکەی دا کە کێشەیان چارەسەربکات و بە هاوبەشی لە حکومەتی نوێدا بمێننەوە، بەڵام ساڵێکی پێنەچوو هەموو شتێک پێچەوانە بوویەوەو ئەوەی کە حساب بێت بۆ کوردەکانیان نەدەکرد. عێراقیش لەدەیان دانوستان و گفتوگۆی چارەسەری کێشەی باشووردا شکستی هێنابوو، بۆیە کێشەی کورد لە هەردوو وڵاتدا بە کێشەیەکی زیندووی بەردەوام دەهاتە ئەژمار.
کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان:
کوردستان کە بەشی ڕۆژهەڵاتی بەر وڵاتی ئێران و باشوورەکەشی بەر وڵاتی عێراق دەکەوێت، سنووری ئەو دووڵاتە بە ئەندازەی سنووری نێوان هەردوو پارچەی کوردستانە کە لەڕووی عێراقەوە لە (مەندەلی)یەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتەوە کۆتا سنورەکانی کوردستان لە باکووری ڕۆژئاوای #ورمێ#.. هەربۆیە زیانێکی گەورەی بەر هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشوور کەوت، چ لەڕووی مرۆیی یان ژینگەیی و لەبەر یەکهەڵوەشانی ژێرخانی ئابووری و ئەو ژمارە دامەزراوەیەی کەلە کوردستان هەبوون.
کوژرانی ڕۆڵەی کورد:
لە هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیانێکی زۆر لەکورد کەوت، چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ڕوویاندا تاڕادەیەکی زۆر گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی دەسەڵات بوو بۆ هەردولایان، جیا لەوەش وێرانکردن و سوتاندنی هەزاران گوند و گیان لەدەستدانی هەزاران سەربازی کورد کە لەریزەکانی هەر دوو سوپای عێراق وئێراندابوو زیانی ڕاستەوخۆی ئەو جەنگەبوو.
کیمیابارانی #سەردەشت# و هەڵەبجە:
لە هەمووی جەرگبڕتر کیمیابارانکردنی هەردووشاری سەردەشت وهەڵەبجە بوو لەلایەن عێراقەوە. بەهۆی ئەم جەنگەوە ئابووریی هەردوو وڵات زیانێکی زۆریان بەرکەوت، لەو شەڕەدا نزیکەی نیو ملیۆن سەربازی هەردوولا کوژران و نزیکەی هەمان ژمارەش لە هاووڵاتیانی مەدەنی کوژران. بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن فڕۆکەکانی عێراقەوە لە 28/6/1987 لە دژی هاوڵاتیانی سەردەشت و گوندی (ڕەشە هەرمێیان)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا بووە هۆی شەهید بوونی 130 هاوڵاتی سڤیل و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کورد و پاشان لە 16/3/1988 ی شاری هەڵەبجەو خورماڵ و دەورو بەر بەر هێرشی فڕۆکەکانی عێراق کەوتن و بووەهۆی شەهیدبوونی نزیکەی 5 هەزار هاوڵاتی و بریندار بوونی سەدان کەسی دیکە، کە تا ئێستەش ژمارەیەکیان بەدەست ئێش و ئازارەوە گوزەرانیان تاڵ بووە.
وێرانبوونی شارە کوردستانیەکان:
وێرانبوونی شارە سنوریەکانی هەردوولا لە ڕۆژهەڵات لە شارەکانی قەسری شیرینەوە بیگرە تا دەگاتەوە #پیرانشار#و لە باشووری کوردستانیش لە مەندەلی و خانەقینەوە بیگرە تا دەگاتەوە سنورەکانی حاجی هۆمەران هەموو شارو گوندی سنورەکان وێران بوون و بەشێک لەو شارانەش تەخت بوون لەنمونەکانی شاری #مەریوان# و سەردەشت لەرۆژهەڵات و سەیدسادەق و #قەڵادزێ#ش لە باشوور کە بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 50 شارو شارۆچکە وێران بوون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
شاربەدەرکردنی کوردانی فەیلی:
لە ناو تەپوتۆزی ئەم جەنگەدا کورد زیانی گیانی و ماڵی گەورەی بەرکەوت، هەرلەسەرەتاوە کوردانی فەیلی بەر پەلامار کەوتن و کۆمەڵکوژو وڵات بەدەرکران وهەموو موڵک وسامانیان دەستی بەسەرداگیرا، بەپێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمی نزیکەی 200 دوسەهەزار بوونەتە قوربانی.
ئەنفال و...
لەساڵی 1983 بارزانیەکان کەوتنە بەرپەلامارو بەبیانوی ئەوەی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بەسەرۆکایەتی #مەسعود بارزانی# بەشداری بەرەی جەنگی حاجی ئۆمەران- گردەمەندی کردووە لە پەنای سوپای ئێراندا دژ بە سوپای عێراق، 8000 هەشت هەزار پیاوی بارزانی لەتەمەنی 12 ساڵیەوە بۆ 70 ساڵی دەستگیر و ئەنفالکران و دواتر سەدام حوسین لە شاشەی تەلەفزیون لەبارەی چارەنوسیانەوە بەراشکاوی گوتی خیانەتیان کردووەو ناردمانن بۆدوزەخ، ئەمەش پەیامێکی ڕونی کوشتنیان بوو، لەدوای ڕوخاندنی حکومەتی بەعسیەکاندا لەبەلگەنامەکانی حزب ودەوڵەتدا دەرکەوت هەموویان لە بیابانەکانی خواروی عێراق گوللەباران کراون نزیکەی 503 کەسیان لە شەترەو شەنافیە دۆزرانەوە. 16ی نیسانی ساڵی 1987 هەردوو گوندی بالیسان و شێخ وەسانان پێکەوەو لەیەککاتدا لە لایەن سوپای عێراقەوە پەلاماردران و بەچەکی کیمیایی لێیان دراو بەهۆی گازەوە کۆمەڵکوژی وبرینداری لێکەوتەوەو دواتریش بریندارەکان بێ سەروشوێنکران ونزیکەی 25 پیاوو منداڵ لەدوای ڕاپەرینی ساڵی 1991 لە نزیکەی کارگەی قیری شاری #هەولێر# ڕوفاتەکانیان دۆزرانەوەو پێنج کەسێکیشیان لە نزیک کارگەی قیری شارۆچکەی خەلیفان دۆزرانەوەو ئەوانەی ترهەتا ئێستا بێ سەروشوێنن.
سەرەڕای پەلاماردانی ناوچەکانی سەرگەڵو، کەناروێ، قەرەداغ و #گەرمیان# بەشێوەیەکی گشتی وئەنجامدانی چەند قۆناغێکی ئەنفالی کوردان.
دوژمنێکی بەردوام:
مین یەکێکی دیکەیە لەو کێشە گەورانەی کە لەئەنجامی ئەو جەنگەوە بۆ کوردستان جێماوە، بەپێی ئاماری لایەنە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مین (3149) کێڵگەی بە مین چێنراو لەدوای تەواو بوونی جەنگ لە کوردستان بوونیان هەبووە، کە مەزەندە کراوە نزیکەی 10 ملێۆن مین لە سەر سنوەرکانی نێوان هەردوو بەشی کوردستان بەجێ مابن و لە دوای تەواو بوونی ئەو جەنگەو بەتایبەتی لە دوای ڕاپەڕینی 1991 ەوە تا ئێستەش خەڵک دەبنە قوربانی و بەسەدان کەس لە هاوڵاتیانی کوردی هەردوو پارچەکەی کوردستانی شەهید کردووەو بەهەزاران هاوڵاتی دیکەشی کەم ئەندام کردووەو لە هەندێک ناوچە دوای ڕاوەستانی جەنگ کە 31 ساڵ تێدەپەڕێت، هێشتا مەترسی مین لەسەر هاوڵاتیانی هەندێک ناوچەی کوردستان هەرماوە.
کۆچ و گواستنەوەی بەزۆر:
لەئەنجامی ئەو جەنگەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کوردی هەردوولا ناچار بە کۆچکردن بوون، هەروەها دروستکردنی ناوچەی قەدەغەکراوی جەنگی زیانی گەورەی بەر هەردوو پارچەی کوردستان گەیاندووە، بەتایبەتی لەباشووری کوردستان بە دروستکردنی ئۆردوگا زۆرەملێ، سەرانسەری کوردستان زیانی گەورەی بە کورد لە هەموو ڕوویەکەوە گەیاندووە کە دیارترینیان لە قاڵبدانی چالاکیەکانی پێشمەرگەبوو.
کارەساتی دەروونی جەنگ:
لە ڕووی دەرونییەوە جەنگی هەشت ساڵە کێشەی گەورەی بۆ کوردستانیان و ناوچەکە دروستکردووە، چوون جەنگەکە بووە هۆی تێکدانی باری ئاسایشی ژیان و ئاسایشی خۆراک و هەڕەشەی مردنی ڕۆژانە، هەتیوو کەوتن و بێوەژن کەوتنی دەیان هەزار کەس، دڵنیا نەبوونی هیچ کەس لەژیان و مان و مردنی خۆی. جگە لەکەمئەندامیەکی زۆر و بێ لانەو خانووی هەزاران هاوڵاتی کوردستان.
زیانەکانی ژینگە:
کوردستان ناوچەیەکی شاخاوی ڕازاوە بە دارستان و ڕووبەری زۆری سەوزاییە، ژینگەیەکی لەبارو جوانی ئەوتۆی هەبووە کە سەدام حسین لە سەری ڕەش و لەو شوێنەی کە ئێستە بارەگای مەسعودبارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێیە، کۆشکی هاوینەی سەرۆکایەتی خۆی لێ بونیاد بنێت و بەکوردستان بڵێت (بەهەشتی خودا لەسەر زەوی)، بەڵام بە هۆی ئەو جەنگەوە بەهەزاران هێکتار باخ و دارستانی سروشتی سوتان و لەناوچوون، سەدان کانی و سەرچاوەی ئاوی کوێرکرانەوە، بەشێکیان لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە بەکۆنکرێت داپۆشران و بەشێکی تریشی پڕکرانەوەو هەندێکیشیان دەرمان و ژەهری کوشندەیان تێکرا. زۆرینەی ڕەهای ئاژەڵە کێویەکان لەناوچوون، یان ناچار بە (ڕەو)کران بۆ ناوچە هەرە دوورەکان، ئەم زیانە گەورەیە لە ژینگەی کوردستان دوای 31 ساڵ لەکۆتایی جەنگەکە تائێستەش نەهاتووەتەوە سەر خۆی.
خیانەت و دروستبوونی جاش:
دەرکەوتنی جاش و موستەشاروخەڵکی سیخوڕ لەهەردوو بەری کوردستان، یەکێک بوو لە گۆڕانکارییی خراپەکان کە تا ئێستەش کاریگەری ماوەو بووەتە هۆکاری سەرەکی ڕوداوە ناخۆشەکان، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە سیخوڕو دارودەستەی هەردوو دسەڵاتداری داگیرکەر زۆر ببن و نەک هەر شەرم نەکەن و هەست بەتاوان و خیانەت نەکەن، بەڵکو خۆیانی پێوە بابدەن و بە شێوەیەک لە شێوەکان بە شانازیشی بزانن. هەرچەندە بەبڕیاری (بەرەی کوردستانی) جاش و موستەشارەکانی باشوور ل 1991 بەر لێبوردن کەوتن، بەڵام دیاردەی جاش تا 2003 ش هەر مابوویەوەو کاری خۆیان هەردەکردو لە خزمەتی ڕژێمی پێشووی عێراقدا بوون، دوای 31 ساڵ لە کۆتایی هاتنی ئەو جەنگە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاردەی جاشایەتی بەردەوامەو بگرە لە برەویشدایەو بەشێک لە هۆکارەکانی کێشەی حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات چ لەناوەو چ لە دەرەوەش دەگەڕێتەوە بۆ جاش و سیخوڕەکانی کۆماری ئیسلامی.
دیوێکی دیکەی جەنگ:
سەرەڕای هەموو ئەو خراپیانەی کەلەئەنجامی شەڕەکە کەوتەوە ئەو جەنگە سوودی گەورەی هەبووە بۆ کوردستان، بەڵام بەشێوەیەکی ستراتیژی و گرنگ:-
1-هەڵوەشاندنەوەو کارپێنەکردنی ڕێکەوتن نامەی جەزائیری 1975-03-06 بوو کەتەوەری سەرەکی ئەو ڕێکەوتنە بریتی بوو لەتوانەوەو نەهێشتنی شۆڕشی کورد، لەئەنجامی ئەو ڕێکەوتنە شۆڕشی ئەیلوول شکستی هێناو بەشێک لەکورد بە(نسکۆ) و بەشەکەی دیکەی بە (ئاشبەتاڵ)ناوی دەبەن. دوای ڕاوەستانی ئەو جەنگە کوردستان لە هەردوو دیوەکەیەوە بەرەو بوژانەوەیەکی باش ڕۆشت و حاڵی لەسەردەمی جەنگ زۆر باشتر بوو.
2-هەروڵاتێکیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پشتیوانی زۆریان لە حیزبە کوردیەکانی وڵاتی بەرامبەر دەکرد، هەربۆ نموونە عێراق پشتیوانی زۆری لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و خەبات و چەند حیزبێکی دیکە دەکردو ئێرانیش پشتیوانی لە هێزە کوردیەکانی وەک (پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق) و (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و (بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان- عێراق)و (حیزبی سۆسیالست)و چەندین حیزبی دیکە دەکرد، هەردوولایان بۆ مەرامی خۆیان (زۆر و کەم) بەکاریان دەهێنان، وەک شارەزایان باسی دەکەن سەرەڕای دیوە نەرێنی و خراپەکانی ئەوەش هەلێک بوو بۆ مانەوەی کوردو تەجاوەزکردنی ئەو دۆخە نالەبارە کەلەدەسەڵاتی کورددا نەبوو، چوون لەناو ئەو هەموو ئاگربارانەدا کورد توانییان بمێننەوەو درێژە بە خەبات بدەن.
3-جەنگی عێراق - ئێران زۆر هاوکێشەی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕی و یەکێک لەهۆکارە گرنگەکان بوو بۆ ڕوودانی جەنگی دووەمی کەنداو 1991 کەبە (گەردەلوولی بیابان) ناسراوەو بووەتە هۆی لە قاڵبدان و سنووردارکردنی تواناکانی سوپای عێراق و نەمانی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر بەشێکی زۆری خاکی عێراق لە باکوور و باشووری عێراق، پاشان ڕودانی ڕاپەڕینی کوردستان لە بەهاری 1991 و لێکەوتەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لەناوچەکەدا بوونەتە سەرەتایەکی باش بۆ گۆڕانکاریی لە ژیانی کوردەکانی هەردوو پارچەی کوردستان، بەتایبەتی سەرەتایەکی باش بوو بۆ دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان(سەرەڕای هەموو کەم و کوڕیەکان).
هەرچەندە جەنگ بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەردوو وڵاتی نیگەران و پەشێوو نابووت کردبوو، توانا سەربازی و ئابوری و ئەمنیەکانی بەچۆکدا هێنابوون، چەندین جار ئاگربەستی تاک لایەنە ڕادەگەیەنراو ئەوی دیکە قبووڵی نەبوو، وەفدی وڵاتان و ڕێکخراوو کەسایەتیە دیارەکانی جیهان یەکی چەند جارێک بەختی خۆیان بۆ ڕاوەستانی جەنگ تاقیکردەوە بەڵام هەموویان بێوەڵام مانەوە.
لە ساڵی1987دا نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری 598ی دەرکرد وتا ساڵی 1988 نەهاتە بواری جێبەجێکردن، لە ڕۆژی 1988-08-08 بە ڕەزامەندی هەردولا جەنگەکە ڕاوەستاو بۆ ڕێکخستنەوەکانی سنوور گەڕانەوە سەر ڕێکەوتن نامەی 1975-03-06ی جەزائیری نێوانیان، پرۆسەی ئاسایی کردنەوە لە هەموو بوارەکاندا دەستیان پێکرد و تا ساڵی 2003 ش گۆڕینەوەی دیلی هەردوولا بەردەوام بوو. ڕێبەری ئێران کە زۆرینەی جارەکان ڕاوەستاندنی جەنگی ڕەتدەکردەوە لەسەر تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی گوتی : ئەگەر وەستانی جەنگ خواردنەوەی پیاڵەیەک ژەهر بێت من دەیخۆمەوە. جەنگەکە بە جۆرووک کۆتایی پێهات کە هیچ لایەک براوە یان دۆڕاوە نەبوون. هەرچەندە هەردولا خۆیان بەر براوەش زانیبێت..
ئەوەی جێگەی سەرنجە: سەرەتای جەنگەکە بە هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتن نامەی جەزائیری نێوان هەردوو وڵات دەستی پێکرد و کۆتاییەکەشی بە گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە کۆتایی هات، ئیتر ماڵوێرانی هاوڵاتیان و لەناودانی ئابوری و ئاسایشی وڵات و دواکەوتن و لەناوبردنی ئەو هەموو توانا مرۆییە بە واژۆی نێوان دوو وەزیری دەرەوە کۆتایی هات[1].