کتێبی #تیرۆری نێودەوڵەتی؛ سەرەتا و پەرەسەندن# لە نووسینی ساڵح عوسمان خزرە.
نووسەر ئامانج لە نووسینی ئەم کتێبەی بۆ ڕوونکردنەوەی چەمک و واتای تیرۆر و باکگراوندی مێژوویی تیرۆر و تیرۆری نێودەوڵەتی دەگەڕێنێتەوە وەک سەرەتا و پەرەسەندنی لە سەردەمی ئێستادا.
ئەم کتێبە لە یەک پێشەکی و چوار بەش پێکهاتووە. لە بەشی یەکەمدا نووسەر باس لە واتای تیرۆر لەڕووی چەمک و یاسایی و مێژوویی، دەکات و هەر له و بەشەدا پێناسەی تیرۆر و مێژووی تیرۆر و تیرۆر لە یاسای وڵاتاندا دەکات.
بەشی دووەمی کتێبەکە بۆ هۆکار و پاڵنەرەکانی تیرۆر، بڵاوبوونەوە و جۆر و شێوەکانی تیرۆر تەرخان کراوە.
بەشی سێیەم مەترسییەکانی تیرۆر و پەرەسەندنی تیرۆر و ئەگەرەکانی ئایندەی تیرۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ستراتیژییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر باس دەکات.
بەشی چوارەم کە بەشی کۆتایی کتێبەکەیە بۆ لێکەوتەکان و داهاتووی تیرۆریستان و ڕێنماییەکان و کۆتایی و دەرئەنجامەکان تەرخان کراوە.
تیرۆر
تیرۆر چەمکێکە بۆ هەر کارێکی توندوتیژی بەکاردێت، کە لەلایەن ڕێکخراوێک یان کەسێک یان گروپێکەوە ئەنجام دەدرێت، کە ئامانجی تێکدانی ئەمنی وڵاتێک یان گەیشتن بە ئامانجە سیاسیی و تایبەتیەکانە، یان بە مەبەستی گۆڕینی حوکمی وڵاتێک پەنا بۆ ئه و کارە دەبرێت.
مرۆڤایەتی بەدرێژایی سەردەمە جیاوازەکان، بە شێوەیەک لەشێوەکان تیرۆری بەخۆیەوە بنییوە، بەڵام لەڕووی مێژووییەوە وەک چەمک، مێژوونوسان پێیان وایە تیرۆر لەگەڵ شۆرشی فەرەنسی سەری هەڵداوە، ئه و کاتەی ئەوروپا بە گشتی و فەرەنسا بەتایبەتی بە بارێکی قورسی سیاسیدا تێدەپەڕی و حکومەتەکانیش دژی هاوڵاتیان ترس و تۆقاندنیان بەکاردەهێنا، ئه و کات چەمکەکە بە(ترساندنی حکومەت - government by intimidation) ناوزەند دەکرا، بەڵام تیرۆر بە کردار مێژوویەکی درێژی هەیە و ناتوانرێت کاتێکی بۆ دیاری بکرێت، هەروەها بەهۆی ئه و مێژووە درێژاییەوە ئێستا تیرۆر پانتایەکی فراوانی لە سەرانسەری جیهاندا داگیرکردووە، هەموو جۆرەکانی بەپێی مەبەست و بەرژەوەندی بەکاردەهێنرێت.
ئەوەی ئێستا مرۆڤایەتی ڕوبەڕوی بۆتەوە کەوتۆتە سەروو هەموو پێشبینیەکانەوە، تیرۆر شپرزەیی و ڕاڕایی هێناوەتە کایەوە، لەهەموو کات و شوێنێکدا مرۆڤ دەخاتە نیگەرانییەوە، لەوانەیە ئه و مرۆڤەش بگرێتەوە کە لەبنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی به و بابەتانەوە نەبێت، کە تیرۆریستان هەوڵی بۆ دەدەن، وەکچۆن ئه و کەسە دەگرێتەوە کە تیرۆریستان باوەڕیان وایە کە پەیوەندی پتەوی به و ئامانجانەوە هەیە کە ئەوان هەوڵی بۆ دەدەن، هەروەها هەر بە هۆی تیرۆرەوە هەندێک لەدەوڵەتانیش کەوتونەتە دۆخێکی نەخوازراوەوە، وەک عیراق و سوریا و یەمەن و چەندین وڵاتی دیکە، لەبەرئەوەی ڕوبەڕووی دوژمنکارییەک دەبنەوە کە سەرچاوەکەی نەزانراوە، بۆیە لەهەر کات و شوێنێکیشدا بێت دەشێت تیرۆر دەستی خۆی بوەشێنێت، بە ئاراستەی هەر مرۆڤێک کە مەبەستی بێت، ئەمەش بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و هێنانەدی ئامانجێکی دیاریکراوی تیرۆرستانە.
تیرۆر بەگشتی بەتۆقاندنی جەماوەر زەمینەسازیی بۆ کارەکەی دەکات، یاخود ترس دەخانە ناو دڵی هەندێک کەس دوای ئەوەی پەیامەکەیان پێ دەگات، تیرۆر لەرابردودا تەنها غافڵکوژیی (اغتیال) یاخود بریندارکردنی هەندێک کەسایەتی گشتی یان دیپلۆماتکارەکانی دەگرتەوە، بەڵام لەئێستادا شێوەی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، وەک ڕفاندنی فڕۆکە، گرتنی بارمتە، پەکخستن و تەقاندنەوەی ڕێگاکانی هاتوچۆ و هۆکارەکانی جوڵە، تەقاندنەوەی باڵەخانه و سەنتەرە بازرگانیەکان، کاری خۆکوژی، تاڵانکردنی جبەخانەی چەک، داگیرکردنی باڵیۆزخانەکان و هێرشکردنە سەر بارەگاکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و شوێنی کۆبونەوەکان.
ئەم قۆناغەی ئێستا کە جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەتایبەتی پێیدا تێدەپەڕێت، بابەتی تیرۆری کردۆتە یەکەمین کێشە لەنێوان سەرجەم ئه و کێشانەی کە هەلومەرجە جیهانیەکانی ئەمڕۆیان پێ وەسف دەکرێت، تیرۆر بەدزێوترین تاوانەکانی سەردەم و دڕندەترینیان دادەنرێت، چونکە کار بۆ لەناوبردنی موڵک و سامانە گشتی و تایبەتیەکان دەکات، دەیەوێت دەستکەوتە ژیاریەکانی زۆرێک لەوڵاتانی جیهان لەناو بەرێت، هەروەها گوێ بەمافەکانی مرۆڤ نادات، ئه و بەهایانەش کە ئاینە ئاسمانیەکان خەڵکی بۆ هاندەدەن لەلای تیرۆرستان گرنگ نیە، بەتایبەت ئاینی ئیسلام کە لەسەر لێبوردەیی و وازهێنان لەتوندوتیژی و دورکەوتنەوە لە خوێنڕشتن و وێرانکاری و تۆقاندن بەندە.
ئێستا تیرۆر هەڕەشە لەئاشتی جیهانیش دەکات، ئاسایشی هەرێمی نەتەوەکان و بەرژەوەندییە زیندووەکانیان دەخاتە مەترسیەوە، کە ئەمەش لێکدانەوەی خۆی لای هەموو دەوڵەتێک یاخود کۆمەڵگەیەک هەیە.
دەشێت تیرۆری ئەمڕۆ گۆڕابێت و جیاواز بێت لە هی دوێنێ، لە داهاتووشدا گۆڕانکاری دیکە ڕووبدات، بۆیە بەردەوامیی هێرش و کارە تیرۆریستیەکان کارێکی چاوەڕوانکراوە، وەکچۆن زیادبوون و پەرەسەندنی تیرۆریش لەڕووی هۆکارو پاڵنەرەکانیەوە هەر بەردەوامە، هەروەها لەڕووی شێوازو ئامڕازەکانیشیەوە جیاوازە، جا ئەوە تیرۆری دەوڵەت یاخود تیرۆری تاک یان گروپەکان بێت.
داهێنانە تیرۆرستیەکان لەڕووی جۆرێتی ئه و کارانەوە کە ئەنجامی دەدەن و چۆنێتی ئەنجامدانەکانیشی، شێوازو ئامڕازەکانی ئه و جێبەجێکردنە بۆتە ئەمرێکی واقیعی.
لێکۆڵەرەوانی بواری تیرۆر وایدەبینن، کە چارەسەری ئەمنیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دیاردەی تیرۆر بە تەنها بەس نیە، بەتایبەتیش کە کێشەیەکی ئاوێته و ئاڵۆزو خاوەن ڕەهەندی زۆرە، لەبەرئەوە زاڵبون بەسەر تیرۆر و تیرۆریستاندا بەئەنجام ناگات تەنیا لەمیانی چارەسەرکردنی هۆکارە ڕاستەقینەکانیەوە نەبێت.
لەبەرئەوە دەوڵەتان بەپێی توانا خودیی و پێگە و بازنەی گرنگیپێدانیان لەبنبڕکردنی تیرۆردا چالاک بوون، بەڵام سەرەڕای ئه و هەوڵانەش، هێشتا ڕوبەرێکی فراوان لەکارکردن لەئارادایە بۆ لەناوبردنی ئەم بەڵا گەورەیە و هەڵکێشانی لەڕەگ و ڕیشەوە.
ئامانج لەنوسینی ئەم کتێبە، بۆ ڕوونکردنەوەی چەمک و واتای تیرۆر و باکگراوندی مێژوویی تیرۆر و تیرۆری نێودەوڵەتیە، وەک سەرەتاو ئه و پەرەسەندنەی لەماوەی سەردەمی ئێستاماندا بەخۆیەوە دەبینێت، لەگەڵ ئاماژەدان بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی لەسەر ئاستی ئەمنی و کلتوری و ڕۆشنبیری و بەرپرسیارێتی، هەروەها ڕوونکردنەوەی دەرەنجام و ڕێنمایی و پێشنیارەکان و داهاتووی تیرۆر و لێکەوتەکانی ئەم بەڵا جیهانیە، بەشێکی دیکەی ئەم کتێبە پێکدەهێنێت.
ناوی کتێب/ تیرۆری نێودەوڵەتی (سەرەتا و پەرەسەندن)
ناوی نووسەر/ ساڵح عوسمان خزر
بابەت/ لێکۆڵینەوە
دیزاینی بەرگ/ پەروەر کەرکووکی
دیزاین/ جەلیل حسێن
تایپ/ لوقمان عەلی- ئیبراهیم حسێن
چاپی یەکەم2019
چاپخانە/ بینایی
تیراژ/ 2000 دانە
PUKmedia جەواد حەیدەری [1]