با لە مانگی ڕەمەزان تێکۆشانمان بەرفراوان بکەین لەپێناوی پێکەوە ژیان و ئاشتی برایەتی گەلان
بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە :
گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو موسوڵمانانی جیهان بە گشتی و موسوڵمانانی کوردستان بە تایبەتی دەکەین و هیوادارین ئەم مانگە ببێتە مانگی خێرو بەرەکەت، ئاشتی و پێکەوە ژیان.
مانگی ڕەمەزان، مانگی نزیکبونەوەیە لە خودا و مانگی خۆ پەروەردەکردنی ڕۆحە لەگەڵ ڕاستیەکاندا، تا مرۆڤ لەئاست کەموکوڕیەکانی خۆی چاک بکات و زیاتر لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگا بە تەبایی و ئاشتی و پێکەوە ژیان بەبێ جیاوازی کاری بۆ بکات.
لەم مانگە پیرۆزەدا تێکڕای موسوڵمانانی ڕاستگۆ لەگەڵ پەیامی پەروەردگاردا وێڕای پابەند بوون بە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ حەقیقەت و دەستی برایەتی و هاوکاری و تەبایی و نەفرەت کردن لە شەڕ و توندوتیژی و ئازاری مرۆڤ و سروشت تا بتوانین ژیانێکی ئازاد لە تەواوی جهان بنیاد بنێن.
زۆربەی کۆمەڵگای کوردستان گرێدانی لەگەڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەیە و زۆر ڕاستگۆیە لەگەڵیدا، ئەمڕۆ لەژێر ناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا زۆر بە بێ شەرمانە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە بە هاوکاری کردنی چەتەکانی #داعش# و بەکرێگیراوەکانی تەواوی ناوچەکەیان خستۆتە ژێر هەڕەشەی داگیرکاریی و قڕکردن و لەناوبردنەوە، هێرشەکانیان بۆسەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و گرتنی هەزاران سیاسەتمەدار و ئازادیخواز و کوشتن و قڕکردنی کولتوری گەلەکەمان لە باکوری کوردستان و کاری تیرۆریستی و دروستکردنی ناکۆکی وپارچەکردنی گەلان لەگەلێک وڵاتی جیهاندا.
لێرەدا پێویستە بڵین کە لەم مانگە پیرۆزەدا هەموو هەوڵ و تێکۆشانمان تا ویژدانمان ئاسودەبێت و خواپەرەستیمان قبوڵ بێت تێکۆشان بکەین لەپێناوی پێکەوە ژیان و ئاشتی برایەتی گەلان، وە بەرامبەر بە هەموو ناعەدالەتی و خوێن ڕشتن و توندوتیژیەکان ڕاوەستین، کەئەمەش پایە جوانەکانی ئیسلام و تەواوی ئاینەکانی تر بەرز ڕادەگرێ کە ئەمەش بە یەکڕیزی و خۆ ڕێکخستن بۆ دروستکردنی یەکێەتیەکی نەتەوەیی لەپێناو گەیشتن بە ئایندەیەکی باشتر و پێکەوە ژیان و ئاشتی و دور لە شەڕ و توندوتیژی.
دەستەی باوەڕی
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان
#23-04-2020#