$ژیاننامە$
ساڵی 1941 لە شاری #سلێمانی# و گەڕەکی کانی ئاسکان هاتۆتە دنیاوە.
خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە، پاشان بڕوانامەی بکالۆریۆسی بەدەست هێناوە لە کۆلێژی بازرگانی لەشاری بەغدا.
خزمەتی کار کردنی لە نیوان ساڵەکانی1971 بۆ 2006 دایە کە خۆی دەبینیتەوە لە کار کردن وەک ژمێریار لە (مواد غذائی)، هەروەها وانەبێژ بووە بە خۆبەخش لە دواناوەندی بازرگانی سلێمانی.
بەهۆی نەبوونی بە ئەندام لە حزبی بعث نووسەر ناچار دەکریت خۆی خانەنشین بکات لە ساڵی 1988 دا، بەڵام ئەمە ساردی ناکاتەوە لە هەوڵدان و لە هەمان ساڵدا دەبێتە بریکاری سەرەکی کۆمپانیای بیمە(شرکة تٲمین) پاشان وەک ژمێریار لە نەخۆشخانەی کوردستانی ئەهلی کاری کردووە. بەهۆی بوونی هەلی گەڕانەوە بۆ کاری حکومی، ناوبراو دووبارە دەگەڕێتەوە سەر کار لە نێوان ساڵانی 2004-2006 وەک بەڕێوەبەری ژمێریار لە بەڕێوەبەرەیەتی بازرگانی گشتی کە پاشان لە هەمان ساڵدا دووبارە خانەنشین دەبێت.
$دەربارەی نووسینەکانی$
خاوەنی دوو پەڕتووکی ئەدەبییە بە ناوەکانی(ونبوون) کە بریتیە لە ڕۆمانێکی خۆماڵی لە بواری ڕووداو و بەسەرهاتە دڵتەزێنەکانی بەسەر میلەتەکەماندا هاتووە لە پڕۆسەی ئەنفالدا. ئەم ڕۆمانە هاوشێوەی چاویلکەی کامێرایەک تۆماری ئەو تراژیدیا ستەمکارانە دەکات. ڕۆمانەکە شەش بەشی بەیەکەوە بەستراو لەخۆ دەگرێت بە شێوەیەک کە خوێنەر هاندەدات هەتا کۆتایی بەردەوامبێت لە خوێندنەوەی.
پەرتووکی دووەمی نووسەر بریتیە لە ڕۆمانێکی ناوازە بە ناونیشانی(لەناو لاپەڕە تووڕدراوەکاندا) کە ژمارەیەک کورتە چیرۆک و بەسەرهاتی بینراو و بیستراو و خنکاو لەخۆ دەگرێت. ئەم بەرهەمە مشتێکە لە خەروارێک لە مێژووی شاری سلێمانی و دەرگایەکە بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی سادە و ساکار و پڕ لە یادگاری ساڵانی ڕابردووی ئەم شارە.
لە ناویاندا باس لە خۆشەویستییەکی شەرمن دەکات لەنێوان دوو گەنجی جواندا لە کاتی لافاوەکەی سالی 1957ی شاری سلێمانیدا.
نووسەر دەڵیت:
لەکۆتایی ئەم کتێبەدا بەڵێنم بە خۆم دابوو دەست هەڵنەگرم لە نووسین، ئەمووت هەر ئەنووسم هەتا زامەکانم ساڕێژ ئەبن و دەڕوونم ئاسوودە ئەبێت یان ئەمرم و خەمەکانم بۆ نیشتیمان لەژیر بەردێکا دائەنێم بەلکو ڕێبواریک بەلایدا بێت و هەڵیگرێ و بەکۆڵیخۆیدا شار بە شار و دێ بە دێ بیانگێڕیت تا ئەویش لەژێربەردێکدا دایدەنێت هەتا ئەوڕۆژەی نەوەکانمان بە ئاواتی خۆیان دەگەن.
بەڵام ئەمڕۆ تەمەن زۆری بۆ هێناوم، چاو کز بووە و پێنووس وشک هەڵهاتووە. دەست و پەنجە وەک کۆڵەوژ گرژ بووە، هەرچەند دەکەم خەیاڵە ئاڵۆزکاوەکانم بۆ ناخرێتە سەر لاپەڕەیەک لە لاپەڕە تووڕدراوەکاندا.[1]