سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی هێزە ئەمنییەکانی #کەرکووک# تیمی کەناڵی ئاسمانی کوردستان 24یان لە کاتی کارکردنیان دەستبەسەر کردووە، کە پێکهاتوون لە هاوکارمان پەیامنێر هێمن دەلۆ و کامێرامانەکەی، نەوزاد محەمەد.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق، هێمن دەلۆ گوتی: دوای ڕووماڵی ڕاستەوخۆی کاریگەرییەکانی سووتاندنی گەنمی جووتیاران لە گوندی زەنقەڕی سەر بە شارەدێی داقووق لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە گەڵ کامێرامانەکەی لەلایەن هێزەکانی لیوای 20ی سەر بە فیرقەی 5ی سوپای عێراقەوە دەستبەسەر کراون و دەستیشیان بەسەر مۆبایل و کامیرا و کەلوپەلەکانیاندا گرتووە.
دەلۆ گوتیشی: لەکاتی لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیان، کەریم حەسیب شەمەری، فەرماندەی لیوای ناوبراو قسەی بێڕێزی پێ گوتوون و داوای لێ کردووە ڕاستەوخۆ داخڵی بڵاوکراوەی دەنگوباسەکانی کوردستان 24 ببێتەوە و هەواڵی پێشووی لەبارەی سووتانی دەغڵودانی جووتیاران بە درۆ بخاتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ماوەی 4 کاتژمێر بە دەستبەسەرکراوی ماونەتەوە و فەرماندەی لیواکە ڕەتی کردەوە ئازادیان بکات، تەنیا به و مەرجە نەبێت، کە دەبێت بەڵێننامەیەک بە دەستوخەتی خۆیان بنووسن، کە هەرگیز جارێکی دیکە بۆ ڕووماڵی ڕووداوەکان ناگەڕێنەوە ئه و ناوچانە.
کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسە هاوکارەکانی بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن شەرمەزار دەکات و بە پێشێلکارییەکی زەقی ئازادی ڕۆژنامەوانی دەزانێت، نیگەرانی خۆشی لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکانی فەرماندە ئەمنییەکان بۆ سەر کادیرانی میدیایی لەکاتی کارکردن ڕادەگەیەنێت.
کۆمەڵەکەمان داوا لە وەزیری ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووک دەکات، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوی دەستبەسەرکردنی تیمی کوردستان 24 بکاتەوە و فەرماندەی لیواش کە دەستدرێژی و بێڕێزی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسی کوردستان 24 کردووه و سەرپێچی یاسای کردووە، بە سزای خۆی بگەیەندرێت.[1]
#16-05-2020#