بەشێک لە هاونیشتمانیان لە ڕۆژی جیهانیی خوێن بەخشین بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا، چوون خوێن ببەخشن.
سلێمان عەوڵا کاسبکارێکی شاری #هەولێر#ە، جۆری خوێنەکەی (O+)ە، زیاتر لە 60 یەکەی خوێنی بەخشیوە، یارمەتیدەر بووە لە ڕزگارکردنی ژیانی چەندین نەخۆش، دەڵێ زۆر ئاسوودەم کە خوێن دەدەمە کەسێک بۆئەوەی بگەڕێتەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی، لە ساڵی 1991ەوە من خوێن دەبەخشم، 60 بۆ 65 بوتڵ خوێنم بەخشیوە، ئامادەم هەرکاتێک نەخۆشخانەیەک پێوسیتی بە خوێن بێت، خوێنی پێ ببەخشم.
کاسبکارێکی دیکەی هەولێر بەناوی محەممەد کامەران پێشتر دایکی پێویستی بە خوێن بووە، دەڵێ، ئێستا کە دایکی باش بووە، خوێن دەبەخشێت بە هەمان ئەو شوێنەی خوێنی داوە بە دایکی.
بانکی خوێنی هەولێر بە پێی ستانداردی جیهانی کاردەکات، تاکە بانکە کە خوێن وەردەگرێت لە هەولێر و بەردەوام یەکەی خوێنی پێویست ڕەوانەی 39 نەخۆشخانە لە هەولێر دەکات، لە ساڵی 2019 زیاتر لە 62 هەزار یەکەی خوێنیان وەرگرتووە؛ لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێستا پلازمای خوێنیش بۆ چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسەکە وەردەگرن بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا.
د. هۆشیار یاسین، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر دەڵێ لە هەموو جۆرەکانی خوێن هەم زائید و هەم ناقس بڕێکی باشمان لە خوێن هەیە، هەرگیز ناگاتە ئەو ئاستەی نەخۆش پێویستی پێبێت و نەتوانین بۆی دابین بکەین، لە دەستپێکی ئەم پەتایە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی تەندورستیمان ئاگادارکردووە کە ئامێری پێویست و سێتی پێوستمان هەیە بۆ دابینکردنی پلازما، خۆشبەختانە چەند حاڵەتێک هەبوون لەوانەی چاکبووەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان، هاتوون و پلازمامان لێیان وەرگرتووە.
کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان لە ساڵی 2002 دامەزراوە، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی خوێنبەخشی خۆبەخشیان هەیە، تەنیا لە ماوەی کەرەنتین و قەدەخەی هاتووچۆدا زیاتر لە دوو هەزار بوتڵ خوێنیان بەخشیوەتە بانکی خوێنی هەولێر. سەرجەم ئەو بوتڵە خوێنانەش لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا بەخشراونەتە بانکی خوێنی هەولێر زیاتر لە 10 هەزار و 200 بوتڵە.
عەبدولقەهار عەلی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات خزمەتی ئەو کۆمەڵگایەمان کردووە و ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە خوێن بووە، یان نەخۆشانی تالاسیما، لەلایەن پارێزگار و قایمقام و چەند باجێکی ڕێگەپێدانمان دەستخست تاوەکو خوێنبەخشان بگوازینەوە بۆ بانکی خوێن بە پێگیرکردن بە ڕێنمایی تەندورستی، بۆئەوەی باڵانسی خوێن دانەبەزێت لە بانکی خوێن.
لە ساڵی 2005 ڕێکخراوی تەندورستیی جیهانی 14ی حوزەیرانی وەکو ڕۆژی جیهانیی خوێن بەخشین دیاریکردووە، دروشمی ئەمساڵیان خوێن ببەخشە، ژیان بپارێزە یە.[1]
#15-06-2020#