جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی پێشووی ئەمریکا لە کتێبەکەیدا باس لە یادەوەرییەکانی لە کۆشکی سپی دەکات و 28 جار ناوی #کورد# لە کتێبەکەدا هاتووە. جۆن بۆڵتن بەکەسێکی هاوسۆزی کورد ناسراوەو، دوای ئەوەی لە پۆستی نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا نەما، لەلایەن ترەمپەوە لە ڕۆژی 9ی نیسانی 2018 کرایە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و تاوەکو 10ی ئەیلوولی 2019 لەو پۆستەدا مایەوە.
کتێبەکە بەناوی (ئەو ژوورەی کە زۆر شت تێیدا ڕوویدا)یە و پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و مامەڵەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕۆژئاوای کوردستان، وایکردووە پرسی کورد زۆرجار لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە، بەرگری و دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا باسبکرێت.
کتێبی بۆڵتن لەسەر ترەمپ و کۆشکی سپی بووەتە ڕۆژەڤی ئەمریکا و مژارێکی گەورەی جیهانیش. ئەوەی لە خوارەوەدا دەیخوێننەوە، وەرگێڕدراوی کوردیی ئەو بڕگانەی کتێبەکەیە کە باسی ڕاستەوخۆی کورد دەکەن.
ترەمپ: کوردەکان لەبەر عێراقییەکان و تورکەکان هەر هەڵدێن
جۆن بۆڵتن لە بەشێکی کتێبەکەیدا باس لە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت شەڕی #داعش# و مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە سووریا دەکات و دەڵێت، ڕۆژێکی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ گوتیدەمەوێ لە شەڕە زۆر خراپەکان (ی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست) بێمە دەرەوە. ئێمە چەکداری داعش بۆ ئەو وڵاتانە دەکوژین کە دووژمنی ئێمەن. من بەوجۆرە تێگەیشتم مەبەستی ڕووسیا، ئێران و سووریای ئەسەدە. ترەمپ گوتی، ڕاوێژکارەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون. گرووپێک دەیانەوێ ئەمریکا لەوێ بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و گرووپێکی دیکەشیان دەیانەوێت بۆ ماوەیەک بمێنێتەوە. ترەمپ تێڕوانینێکی پێچەوانەی هەبوو و گوتی نامەوێ بەهیچ شێوەیەک بمێنمەوە. حەزم لە کوردەکان نییە. ئەوان لە عێراقییەکان هەڵدێن، لە تورکەکان هەڵدێن. تەنیا کاتێک هەڵنایێن کە چواردەوریان بە ئێف 18 بۆردوومان بکەین و، هەر بۆیە ئەو پرسیارەی لێکردم دەبێ چ بکەین؟ مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی کەمێک کات بدە جۆن بۆڵتن و من، بەڵام ڕوونبوو کە ترەمپ دەیەوێ ئەمریکا لە سووریا بکشێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا، جۆن بۆڵتن باسی ڕووداوێکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ ڕۆژی شەممە و 8ی مانگ بوو. گرووپە میلیشیا عێراقییەکان، بێگومان بە پشتیوانی ئێران، هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەمان لە بەسرە. هەروەها ئێران هێرشی مووشەکی کردبووە سەر ئامانجەکانمان لە نزیک #هەولێر# لە کوردستانی عێراق. هێرشەکان چەند ڕۆژێک پێش ساڵیادی هێرشەکەی 11ی سێپتەمبەر بوون و بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەکەی ساڵی 2012ی سەر نووسینگەی دیپلۆماسییمان لە بنغازی لیبیا، دەبووایە بەشێوەیەکی ستراتیژی بیر لە وەڵامدانەوەمان بۆ ئەو هێرشانە بکەینەوە، بەڵام بەوجۆرە نەبوو.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و #ڕەجەب تەیب ئەردۆغان#، سەرۆککۆماری تورکیا چەند جارێک کۆبوونەتەوە و یەکێک لەوانیش لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2018دا بوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی جی 20. هەروەک چۆن لە کتێبەکەی جۆن بۆڵتندا هاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە چەند پرسێک کرا و یەکێک لەوانیش بابەتی #شەڕڤان#ان بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و تێیدا ئەردۆغان سکاڵای لای ترەمپ کرد لەوبارەیەوە.
جۆن بۆڵتن زیاتر لەبارەی ئەم بابەتە دەدوێت و دەڵێت، کۆبوونەوەکە لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە سەرکەوتنی گەورە لە شەڕی داعشدا بەدەستهاتبوون، بەشار ئەسەدیش ناوچەیەکی زۆری سووریای کۆنتڕۆڵکردبووەوە. ئەوروپاییەکان نیگەرانی ئەوەبوون تورکیا هێرشبکاتە سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، واتە ئەو سێگۆشەیەی دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، باشووری تورکیا و ڕۆژئاوای عێراق. بەشی زۆری ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا بوو و شەڕڤانەکانی کوردیش پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەی ئۆپۆزیسیۆنن. ئەوە لەکاتێکدابوو، چەند هەزار سەربازێکی ئەمریکی و هاوپەیمانان گوێزرابوونەوە ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی یارمەتی هێرشە بەردەوامەکان بدەن بۆ سەر خەلافەتەکەی داعش.
پشتیوانی لە دەسەڵاتی زیاتر و سەربەخۆیی کورد لە ئەمریکا
جۆن بۆڵتن دەڵێت، وا دەردەکەوت کە ئەردۆغان پێیباشبوو داعش لەنێوبچێت، بەڵام دووژمنە ڕاستەقینەکەی ئەو کورد بوو. ئەردۆغان باوەڕی وابوو کوردەکان هاوپەیمانیی پارتی کرێکارانی کوردستان- #پەکەکە#ن و هەندێک پاساویشی بۆ ئەوە هەبوون. ئەوە لەکاتێکدایە ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە پەکەکە وەک گرووپێکی تیرۆریستی دادەنێت. زۆربەی لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی داعش دژی داعش بوون، بەڵام تاران سەرنجی لەسەر شەڕی داهاتوو بوو، واتە شەڕی دوای تێکشکاندنی داعش. لەگەڵ کەمبوونەوەی سنووری ژێر دەسەڵاتی داعش، ئێران سنووری ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکرد و ئەوەش ئەمریکای لەگەڵ گرووپێکی دیاریکراو لە هاوپەیمان بەجێدەهێشت. ماوەیەکی درێژبوو ئەمریکا پشتگیری لە هەوڵەکانی کورد دەکرد بۆ هەبوونی دەسەڵاتێکی زیاتر یان تەنانەت پشتیوانی لە سەربەخۆیی کورد لە عێراق دەکرد و دەوڵەتێکی کوردییش پێویستی بەوە هەبوو سنووری وڵاتانی ئێستای ناوچەکە بگۆڕدرێت. ئەوە شتێکی ئاڵۆز بوو، بەڵام ئەوەی ڕوونبوو بریتیبوو لە هەستێکی بەهێزی دڵسۆزی بۆ کوردەکان، کە لەگەڵ ئێمە شەڕی داعشیان کردبوو و ترسی ئەوەشیان هەبوو بەجێهێشتنیان لەلایەن ئێمەوە نەوەک تەنیا واتای نەبوونی دڵسۆزی بێت، بەڵکو کاریگەری خراپی لە سەرانسەری جیهاندا هەبێ بۆ هەر هەوڵێکی داهاتوو بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانەکان لە دەوری یەکتر.
ترەمپ بە ئەردۆغانی گوت شەڕی داعش لە سووریا بۆ تورکیا بەجێدەهێڵین
بۆڵتن دەڵێت، ڕۆژی 14ی کانوونی یەکەم ترەمپ و ئەردۆغان لەرێگەی تەلەفۆنەوە قسەیانکرد. پێش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، زانیاری وردم دایە سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بارودۆخی سووریا و ئەویش گوتیدەبێ لەوێ دەربچین و ترسی ئەوەم هەبوو ئەو قسەیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ئەردۆغان بڵێت. ترەمپ و ئەردۆغان باسی چەند بابەتێکیان کرد و یەکێک لەوانیش سووریا بوو.
ئەردۆغان نیگەرانی خۆی لە درێژەدان بە ڕاهێنانی هێزەکانی #یەپەگە# دەربڕی و باسی لە جیاوازییەکان کرد لەنێوان ویستی سیاسی ترەمپ و چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا، کە وایکردووە پرسیار لە مێشکیدا دروستبکەن. ئەردۆغان گوتی، تورکیا دەیەوێ لەدەست داعش و پەکەکە ڕزگاری بێت، بە بۆچوونی من، مەبەستی ئەردۆغان لە پەکەکە بریتیبوو لە شەڕڤانە کوردەکان بەگشتی. ترەمپ گوتی، ئەو ئامادەیە سووریا جێبهێڵێت، ئەگەر تورکیا ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە. ترەمپ گوتی، ئێمە دەتوانین لە سووریا دەربچین و ئەو شەڕەی داعش کە ماوە بۆ تورکیای بەجێبێڵین. ئەردۆغان لەوبارەوە بەڵێنیدا، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی تورکیا پێویستیان بە پاڵپشتی لۆجیستییە. ترەمپ بە ئەردۆغانی گوت داوا لە من دەکات بۆئەوەی زوو دەست بە کارکردن بکەم لەسەر پلانێکی تایبەت بە کشاندنەوەی سوپای ئەمریکا لە سووریا و ئیدی شەڕی داعشیش بە تورکیا بسپێردرێت. دواتر، ئەردۆغان سوپاسی ترەمپی کرد و بە سەرکردەیەکی پراکتیکی ناوی برد. کەمێک دوای ئەوە، ترەمپ گوتی، دەبێ ڕاگەیێندراوێک ئامادە بکەین و تێیدا باس لەوەبکەین لە شەڕی داعشدا سەرکەوتین، ئەرکەکەمان لە سووریا تەواوکرد و لەو وڵاتە دەردەچین. دوای ئەوە، تەلەفۆنم بۆ جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری کرد و پێویست بە گوتن ناکات کە خۆشحاڵ نەبوو.
کورد دەکەوتنە نێوان بەرداشی ئەردۆغان و ئەسەدەوە
جۆن بۆڵتن دەڵێت، ئەوە کێشەیەکی جیدی بوو بۆ من. پێموابوو کشانەوە لە سووریا هەڵەیەکی گەورەیە، بەهۆی بەردەوامبوونی هەڕەشەی جیهانیی داعش و زیادبوونی کاریگەریی ئێران. لە مانگی حوزەیرانەوە لەگەڵ پۆمپەیۆ و ماتیس قسەم کردبوو کە دەبێ کۆتایی بە سیاسەتی هەڵبەز و دابەزی خۆمان لە سووریا بێنین، چونکە هەر جارێک سەیری پارێزگا و ناوچەیەکی ئەو وڵاتەمان دەکرد، لەوانەش مونبیج و ئیدلب، ئاماژەم بەوە دەکرد کە پێویستە سەیری دیمەنە گەورەکە بکەین. بەشی زۆری سنووری داعش کۆنتڕۆڵکرابووەوە و هەربۆیە دیمەنە گشتییەکە وەستاندنی ئێران بوو. بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە بگاتە ئەوەی کە ئەمریکا کوردەکان جێبهێڵێت، ئەوکاتە دەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ ئەسەد بکەن دژی تورکیا یان بەتەنیا شەڕ بکەن. کورد دەکەوتنە نێوان بەرداشی ئەسەد و ئەردۆ غانەوە، هەربۆیە پرسیارەکە ئەوەبوو کە دەبێ چ بکەین؟
ماکرۆن بۆ ترەمپ : تورکیا شەڕ لەگەڵ کورد و سازش لەگەڵ داعش دەکات
رۆژی 18ی کانوونی یەکەم ماتیس، وەزیری بەرگری، دەنفۆرد، سوپاسالار، دان کەوتس، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی، جینا هەسپڵ، بەرپرسی سی ئای ئەی، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوە و من لە پێنتاگۆن کۆبووینەوە. من، ماتیس، دەنفۆرد و پۆمپەیۆ ڕێککەوتین لەسەر پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانەکانمانەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ڕووداوێکی چاوەڕوانکراو ئامادە بکەن، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی پاڵپشتیمان دەستنەکەوت. فلیپ ئیتیان، ڕاوێژکاری سیاسیی ئیمانوێل ماکرۆن پێیگوتم کە سەرۆکی فەرەنسا لەوبارەوە لەگەڵ ترەمپ قسە دەکات و ئەو هەڵوێستەش جێگەی سەرسوڕمانی من نەبوو. کاردانەوەکانی دیکەش هاوشێوەی کاردانەوەی فەرەنسا چاوەڕوانکراو بوون. دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە لە کۆشکی سپی بووم و ماکرۆن پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی کرد و دیاربوو کە بە بڕیارەکە خۆشحاڵ نییە، بەڵام ترەمپ وەڵامیدایەوە و گوتی، ئیدی شەڕی ئێمە لەگەڵ داعش کۆتایی هاتووە و ئەو چەکدارانەی داعش کە ماون تورکیا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ماکرۆن وەڵامیدایەوە کە سەرنجی تورکیا لەسەر هێرشکردنە بۆ سەر کورد و سازشیش لەگەڵ داعش دەکات. ماکرۆن تکای لە ترەمپ کرد سوپای ئەمریکا لە سووریا نەکشێنێتەوە و پێی ڕاگەیاند کە لە ماوەیەکی کورتدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین و هەربۆیە دەبێ کارەکە تەواو بکەین. ترەمپ ڕازیبوو کە جارێکی دیکە لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی قسە بکات و پێیگوتم دەبێ لەگەڵ ستافی ماکرۆن قسە بکەم و پێویستە ماتیس و دەنفۆردیش لەگەڵ هاوشانەکانیان قسە بکەن. کەمێک دوای ئەوە، ماتیس تەلەفۆنی کرد بۆ ئەوەی پێمان ڕابگەیێنێت کە فلۆرێنس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا بە بڕیارەکەی ترەمپ خۆشحاڵ نییە. ڕۆن دێرمەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا پێیڕاگەیاندم کە ئەوە خراپترین ڕۆژی بووە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا.
بۆڵتن لە کتێبەکەیدا باس لە هەڵوێستی ئەندامانی کۆنگرێس دەکات و دەڵێ کۆمارییەکان دژی ئەو بڕیارە بوون، بەڵام دیموکراتەکان ئەو هەستەیان نەبوو.
ترەمپ بۆ ئەردۆغان: ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییەکان کوردیان خۆشدەوێت
دوای ئەو بارودۆخە، ترەمپ بڕیاریدا قسە لەگەڵ ئەردۆغان بکاتەوە و دوو خاڵ ڕوونبکاتەوە. یەکەم، هێرش نەکاتە سەر هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە سووریا. دووەم، دڵنیابێ کە هێرش دەکاتە سەر داعش، نەوەک کوردەکان، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییەکان کوردیان خۆشدەوێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵ شانبەشانی یەکتری دژی داعش شەڕیان کردووە. ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێ تورکیا و کورد پێکەوە شەڕی داعش بکەن و دانی بەوەش دانا کە دەکرێت ئەو ستراتیژییە گۆڕانێک بێت بۆ ئەردۆغان. دواتر، ترەمپ بیرۆکەیەکی بە مێشکدا هات، ئەویش هەبوونی پەیوەندی بازرگانی زیاتری ئەمریکا لەگەڵ تورکیادا.
ئەردۆغان زۆری لە خۆی کرد تاوەکو ئەوەندەی بە دەمدا هات کە بڵێت کوردی خۆشدەوێت و کوردیش ئەویان خۆشدەوێت، بەڵام گوتیشی، یەپەگە- پەکەکە- پەیەدە خراپ کورد بەکاردەهێنن و نوێنەرایەتی کورد ناکەن. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە لە حکومەتەکەیدا وەزیر و پەرلەمانتاری کورد هەن و کوردیش خۆشەویستی و هاوسۆزییەکی زۆریان بۆ ئەو هەیە و گوتیشی، ئەو تەنیا سەرکردە بوو کە بانگەشەی گەورەی لە ناوچە کوردییەکان ئەنجامدا و نایەوێ کەس بکوژێت، جگە لە تیرۆریستەکان.
سوپاسالاری ئەمریکا: تورکیا دەیەوێت پەنابەرەکان لەسەر سنوور نیشتەجێ بکات
جۆن بۆڵتن لە لاپەڕە 184دا دەڵێت: فەرماندە لاکامێرا پرسیاری کرد و گوتی: ئێمە دەتوانین چ بکەین تاوەکو کوردەکان بپارێزین؟ منیش پێمگوت سەرۆک ترەمپ بە ئەردۆغانی گوتووە نایەوێ زیان بە کورد بگەیێندرێت، چونکە هاوکاری ئەمریکایان کردووە لە سووریا.
بۆڵتن دواتر دەڵێت، ترەمپ لەگەڵ ئەوەی دەیویست بە زووترین کات کۆتایی بە داعش بهێندرێت، چەند ئامانجێکی دیکەی سەرەکی هەبوو، لەوانەش کشانەوە لە سووریا، پاراستنی کورد، بڕیاردان لەسەر شێوازی ڕێکخستنی بابەتی بنکەی سەربازیی تەنەف، ئازادنەکردنی داعشە زیندانییەکان و درێژەدان لە گوشار خستنە سەر ئێران.
لەدرێژەی باسکردنی کورددا، بۆڵتن دەڵێت: ئەردۆغان ئەو بۆچوونەی هەیە کە باشترین مرۆڤی کورد ئەو کوردەیە لە ژیاندا نەماوە و مردووە. جەنەڕاڵ دەنفۆردیش دەیزانی کە ئامانجی تورکیا ئەوەیە کورد لە ناوچەکانی سەرسنوور دەربکات و پەنابەرە سوورییەکانی نێو تورکیاش بگەڕێنێتەوەو بە درێژایی سنوور نیشتەجێیان بکات.
لە لاپەڕە 188دا، بۆڵتن باس لە گەشتەکەی بۆ ئیسرائیل لە 6ی کانوونی دووەمی ساڵی 2019 دەکات و دەڵێت: ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین، ئەوانەی هاوشانی ئێمە شەڕیان کردووە، بەتایبەتی کوردەکان، بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نەخرێنە بارودۆخێکی مەترسیدارەوە، ئەوە خاڵێک بوو کە سەرۆک ترەمپ بەڕوونی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان باسیکرد.
بۆڵتن نووسیویەتی: کاتێک گەیشتمە ئەنقەرە، پۆمپەیۆ پەیوەندی پێوەکردم و پێیگوتم کە ترەمپ لە بابەتێکی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) خۆشحاڵ نییە کە تێیدا چەند هەڵەیەک لە قسەکانی ترەمپیان داناوە و هەندێک لە سیاسەتی دژ بە یەکی ئێمەیان سەبارەت بە سووریا نووسیووە، کە لە زاری چەند بەرپرسێکی نێو ئیدارەی ترەمپەوە وەریانگرتووە.
بۆڵتن دەنووسێتبێگومان بەشێکی زۆری ئەو لێدوانە دژ بەیەکانە لەلایەن خودی ترەمپەوە بوون، بەڵام پۆمپەیۆ هاوڕابوو کە ڕاستە هەندێ لێدوانی تووندی داوە، وەک ئەوەی کە گوتبووی، ڕێگە نادەینە تورکیا کورد کۆمەڵکوژ بکات.
گۆڕینی نەخشەکەی جێمس جێفری و تووڕەبوونی ئەردۆغان
بۆڵتن لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا دەنووسێت، لە هەمانکاتدا جەیمس جێفری نەخشەیەکی ئامادەکردبوو و تێیدا ئەوە دەردەکەوت کە پێشنیاز دەکات چ ناوچەیەکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات لەلایەن تورکیاوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و چ ناوچەیەکی دیکەی دەکرێت لەژێر دەسەڵاتی کورد بمێنێتەوە. جۆزێف دەنفۆرد، سوپاساری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکاش بەهیچ شێوەیەک ئەوەی بەلاوە پەسند نەبوو کە لە نەخشەکەدا هاتبوو. من ئەو پرسیارەم کرد، ئایا نابێ مەبەستی ئێمە بریتیبێ لە هێشتنەوەی تورکەکان لە دیوی ناوەوەی سنووری وڵاتەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات؟ دەنفۆردیش گوتی، ئەوەش هەڵوێستی منە. منیش ئاماژەم بەوەکرد کە دەمەوێ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک ئێستا بمێنێتەوە، بەڵام بەبێ هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا. دەمزانی کە ئەوەی من داوای دەکەم ئاسان نابێت، بەڵام بۆچوونم وابوو کە دەبێ ئەوە ئامانجی ئێمە بێت، تەنانەت ئەگەر جێبەجێش نەکرێت. دەنفۆردیش هاوڕابوو لەگەڵ من. دواتر، سەیرێکی ئەو ڕەشنووسی بنەمایانەمان کرد کە دەکرا بیدەینە تورکەکان و ڕستەیەکی نوێم بۆ زیادکرد بۆ ئەوەی ڕوونبێت کە نامانەوێ خراپ هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردەکان بکرێت و لامان ئاسان نەبوو کە بوونی سەربازییانە یان هەر جۆرە بوونێکی دیکەی تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا قبووڵ بکەین. دەنفۆرد و جێفریش ڕەشنووسەکەیان بەلاوە پەسەند بوو.
پۆمپەیۆ بە چاوشئۆغلۆ دەڵێم : یەک بژاردەتان هەیە
جێگەی سەرسوڕمان نەبوو کە زانیمان ئەردۆغان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ من هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە پلانی دانابوو لە پەرلەمان قسە بکات. بەڵام دواتر زانیمان کە گوتارەکەی ئەردۆغان هێرشێکی پێشوەختە بووە لەسەر ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا کە من پێشنیازم کردبوو. ئەردۆغان سووربوو لەسەر ئەوەی کە تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئازادی تەواوی هەبێ و منیش پێموابوو ئەگەر بمانەوێ ڕێگە لە تۆڵەسەندنەوە لە کورد بگرین، ئەوا نابێ ڕێگە بەو سیاسەتەی تورکیا بدەین. ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی سازش ناکەین. لە گەڕانەوەمدا لەگەڵ پۆمپەیۆ قسەم کرد و هاوڕابووین کە بۆچوونەکانمان لەگەڵ تورکیا سەبارەت کورد زۆر جیاوازن. پۆمپەیۆ گوتی کە مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەوڵدەدات پەیوەندی پێوەبکات و ئەویش هەوڵدەدات پێی بڵێ یەک بژاردەتان هەیە. یان ئێمەتان لەسەر سنوور دەبێت، یان ڕووسەکان و ئێرانییەکان (چونکە دوای کشانەوەی ئێمە بەدڵنیاییەوە ئەوان دەگەنە سەر سنوور). منیش لەگەڵ ئەو بۆچوونە بووم.
بۆڵتن دەڵێ دواتر پەیوەندییم بە ترەمپەوە کرد و ئەویش پێیوابوو کە تورکەکان چەندین مانگ پێشتر ئامادەکارییان بۆ چوونە ناو سووریا کردووە و هەربۆیەش ئەمریکا دەیەوێت بکشێتەوە، پێش ئەوەی تورکیا هێرشبکات و سەربازانی ئەمریکی لەوێبن. ترەمپ زیاتر دوا و گوتیئەردۆغان زۆر داعشی بەلاوە مەبەست نییە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا دەتوا نێ هێرشبکاتە سەر داعش، تەنانەت دوای کشانەوەی لە سووریاش.
سوپاسالاری ئەمریکا: فەرماندەکانی تورکیا هاوڕای ئەردۆغان نین
بۆڵتن دەنووسێت لە هەمانکاتدا زانیم کە دەنفۆرد پێیوایە فەرماندە سەربازییەکانی تورکیا هێندەی ئەردۆغان پەرۆشی ئەوە نین بچنە ناو سووریا و بۆ هۆکار دەگەڕان بۆ ئەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئەنجام نەدەن. دەنفۆرد سەبارەت ڕاگەیێندراوی بنەماکان قسەی کردبوو، لەوانەش ناوچەیەکی ئارامی 20 تاوەکو 30 کیلۆمەتری بە جۆرێک چەکە قورسەکانی هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە بکشێنرێنەوە و هێزێکی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیەبێ و هێزەکە بە زۆری لە هێزەکانی ناتۆ پێبکبێت و دڵنیایی بدات لەوەی کوردەکان ناچنە ناو تورکیا و تورکەکانیش ناچنە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان. لە هەمانکاتیشدا، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا یارمەتیدەری ئەو هێزە نێودەوڵەتییە دەبێ کە لەوێ جێگیر دەکرێت و من و دەنفۆردیش باوەڕمان وابوو، ئەو هەنگاوە یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی ئاسمانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادابێت.
بۆڵتن دەڵێت، بیرۆکەکە بەوجۆرە بوو جێفری ئەو بیرۆکەیە بداتە ژەنەڕال مەزڵووم عەبدی فەرماندەیان بۆ ئەوەی بزا نێت کاردانەوەی چۆن دەبێت. دەنفۆرد پێیوابوو بژاردەکانی بەردەم مەزڵووم زۆر سنووردارن و دەکرێت داوای هەندێک دڵنیاییشمان لێبکات.دواتر لەگەڵ پۆمپەیۆ قسەم کرد و ئەویش پشتیوانی لە بیرۆکەکە کرد و جەختیکرد کە پێداگیری لەسەر بکەین. وڵاتە عەرەبییەکان تورکیایان خۆشناوێت و توانای داراییشیان هەیە، ئەوەش وادەکات هاوپەیمانەکانی ناتۆ و هێزەکانی دیکە لەو هێزە نێودەوڵەتییەدا بەشداربن کە دەکرێت لەوێ جێگیربن. ڕۆژی 9ی مانگی کانوونی دووەم، دەنفۆرد بە وردی باسی لەوەکرد کە بەڵێ دەکرێت هێزێکی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیە جێگیربکرێت و پلانەکەش سەردەکەوێت.[1]