بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای #سلێمانی#
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ (2020-7-3)، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (42)ی ساڵی (2020)ی #وەزارەتی ناوخۆ#، بڕیاریدا بە:
1- هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تردا لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (2020-7-10)بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆ بکات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دیاریکراون و لە دوای ئەو کاتەشەوە وەزارەتی ناوخۆ ئەم بابەتە دیاریدەکات.
2- ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆو کەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان بەپێی سروشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، درێژ دەکرێتەوە بۆ ڕۆژی 2020-7-10.
3- هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بە داخراوی دەمێننەوە.
4_ هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەکی تایبەتیی و ئەهلیی پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
5_ چێشتخانە و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەکان، کافتریاو و ڕێستورانتەکان (بەبێ پێشکەشکردنی نێرگەلە)؛ لە ڕۆژی 2020-7-4ە وە بەم مەرجانە دەکرێنەوە:
- هەر یەکێک لەم شوێنانە تەنها نیوەی مێزو شوێنەکانی دانیشتنی بەکاربهێنێت.
- پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنمایی و مەرجە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان بێت.
- هەر شوێنێک پابەندنەبێت به و مەرجانەی سەرەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
6_ جیمەکان، شوێنی چارەسەرکردنی سروشتیی؛ بەپێی ڕێکارو ڕێنمایی و مەرجە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان دەکرێنەوه و هەر شوێنێک پابەندنەبێت به و مەرجانەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
7_ نێرگەلەخانەو هەر کافتریایەک کە نێرگەلە پێشکەش بکات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیک، یانە شەوانەکان، مەیخانەکان، شوێنەکانی کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن، هۆڵی بۆنەو کۆڕو کۆبوونەوەکان، بەداخراوی دەمێننەوە.
8_ پرسەو پرسەی گەڕەکەکان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو کۆبوونەوەیەکی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێک قەدەغەن.
9_ پێویستە گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس و تەکسی) بەپێی ڕێکارو ڕێنمایی و مەرجە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان کاربکەن و هەر شۆفێرێک پابەندنەبێت بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.
10_ قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا بەردەوام دەبێت و هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان تەنها بە پێ دەتوانن هاتووچۆو بازاڕ بکەن.
11_ لە دابەشکردنی موچەدا فەرمانگاو خەزێنەو بانکەکانی سەر بە #وەزارەتی دارایی# دەوامی خۆیان دەکەن بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان و، فەرمانگەکان بەپێی لیستی موچە بەهەمان ڕێکارو ڕێنمایی تەندروستیی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاریدەکرێت موچە دابەشدەکەن.
12_ لە هەر شوێنێک، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
13_ هەر کۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێکی کەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
14_ پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆبوونەوەیەک بەدوور بگرن.
15_ بەشێوەیەکی گشتیی پشتیوانیی و پەیڕەویی لە سیستمی خۆپاراستن و چارەسەرکردن لەماڵەوە بە (خۆچارەسەرکردن و هاوچارەسەرکردن) دەکەین و داوا لە هاووڵاتیانی بەڕێز دەکەین پشتیوانمان بن بۆ خزمەتکردنی باشترو دەرفەتدان بە چارەسەرکردنی حاڵەتە توند و قورس و مەترسیدارەکان.
16_ داوا له و هاووڵاتییە بەڕێزانە دەکەین کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابوون و چاکبونەتەوه و مەرجە تەندروستییەکانیان تێدایە؛ بەشداربن لە بەخشینی خوێن بۆ پاراستنی ژیانی هاونیشتمانییەکانمان، هەر مامەڵه و بازرگانیکردنێک بە خوێن و پلازمای خوێنەوە قەدەغەیه و بەدەرە لە بنەما ئاینیی و یاسایی و مرۆیی و ئەخلاقییەکان.
17_ هەر کەسێک بە هەر هۆیەک هێرش و سوکایەتیی بکاتەسەر پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی و دامەزراوە تەندروستییەکان ڕێکاری یاسایی توندی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
18_ لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان بەردەوامدەبن لەسەر لێپرسینەوەو گرتنەبەری ڕێکارەکان و هەر فەرمانگەو لیژنەیەک کەمتەرخەمیی بکات، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
19_ دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن.
د. #هەڤاڵ ئەبوبەکر#
#پارێزگاری سلێمانی#
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
2020-7-3