هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم 102 حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی 2720، لانیکەم 102 حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛
کۆڵبەران (30 حاڵەت)
لەماوەی مانگی ڕابردوودا 30 کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە 7 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و هەر 7 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. هەروەها 23 کۆڵبەر بریندار بوون کە 12 حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە.
سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (8 حاڵەت)
لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لاینکەم 8 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی برووجێرد، سنە، نەغەدە، ئورمیە و ڕەشت لەسێدارە دراون کە هەموویان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپابوو.
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا گیان لە دەست دانی بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران تۆمار نەکراوە.
کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (4 حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، 2 هاووڵاتیی لە سنوورەکانی سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.
هەروەها، دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە شارەکانی کرماشان و سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.
دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (55 حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم 48 هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها، 7 هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی سەرجەم حوکمی 58 ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
کرێکاری (5 حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانیکەم پێنج کرێکاری خەڵکی شارەکانی ئیلام، شنۆ، کیەڵان، سەقز و دیواندەرە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە.[1]