نووسەر و وەرگێڕ و زمانەوان: (محەمەد ساڵح پێندرۆیی-جگەرسۆز-).
پاش تەواوکردنی قۆناخی ناوەندی لە ناوەندی بەحرکە، ساڵی 1983 لە خانەی مامۆستایان وەردەگیرێت لە شاری هەولێر، ساڵی 1987 تەواوی دەکات و بڕوانامەی دیبلۆم بەدەست دێنێت.
دوای تەواوکردنی خوێندن ڕوو دەکاتە وڵاتی ئێران و بۆ ماوەی یانزدە ساڵ خەریکی کار و کاسپی دەبێت و ساڵی 1998 دەگەڕێنەوە کۆمەڵگەی بەحرکە لە شاری هەولێر.
ساڵی 2003 وەک مامۆستا لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە دادەمەزرێت و لە قوتابخانەی بەحرکەی هاوچەرخی بنەڕەتی دەستبەکار دەبێت و ئێستا یاریدەدەرە لە قوتابخانەی ناوبراو.
بە نووسینی شیعر دەستی پێکردووە، یەکەمین هەڵبەستی ساڵی 1987 لە گۆڤاری بەیاندا بڵاوکراوەتەوە، چەندین نووسین و بابەتی پەروەردەیی و هەمەڕەنگی لە ڕوپەڕی بەشێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکراوەتەوە، بە تایبەت: گۆڤارەکانی: (سروە، بەیان، ئاسۆیی پەروەردەیی، پەیڤ، هەرێم، هەنگی منداڵان، تەندروستی، هاواری ئەنفال، زریمۆک، پەیامی ڕاستی، کاروان، ڕامان، خۆری ئیسلام، ئاوێنە، هەڵەبجە، ئاڕاستەی پەروەردەیی، کەپر، ...)، ڕۆژنامەکانی: (هاوڵاتی، برایەتی-خەبات-، کوردستان ڕاپۆرت، جەماوەر، پەرجان، یەکگرتوو، میدیا، ...).
بەشداری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی کردووە بۆ تاوتوێکردن و گفتوگۆکردنی نووسین و بەرهەمەکانی، زیاتر لە 15 سوپاسنامە و ڕێزلێنانی وەرگرتووە لە لایەن دەزگا و فەرمانگە حکومی و ناحکومی و چەند کەسایەتییەکەوە.
ئەندامی کارای لقی هەولێری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە.
ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە.
ئەندامی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کوردە.[1]