ناو: غازی
نازناو: غازی بامەڕنی
ناوی باوک: عەبدوڵڵا
ساڵی لەدایکبوون: 1942
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #15-12-2020#
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #بامەڕنی# شاری #دهۆک#
شوێنی کۆچی دوایی: پاریس، فەڕەنسا
$ژیاننامە$
غازی عەبدوڵڵا بامەرنی، ناسراو بە غازی بامەرنی لە ساڵی 1942 لە شارۆچکەی بامەرنێ-ی سەربە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە #ئامێدی# تەواوکردووە، دواتر چووەتە بەغدا و لەوێ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە و لە ساڵانی 1971 تاوەکوو 1977 لە شاری #سلێمانی# ژیاوە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی نواندنی سلێمانی، کە بەشێک لەباشترین و بەناوبانگترین شانۆگەری و دراما تەلەڤزیۆنییە کوردییەکانیانی بەرهەمهێناوە.
هونەرمەند عومەر دڵپاک، کە لەو ڕۆژگارەدا لەهەڕەتی گەنجێتیدا بوەو ئەندامی ئەم تیپە بوەو کاری نواندنی کردووە، لە نزیکەوە غازی بامەڕنی ناسیوە و کاری لەگەڵ کردووە، دڵپاک بەئاوێنەی وت غازی بامەڕنی پاش ئەوەی هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواو کرد، هات لەئامادەیی سلێمانی بوو بە مامۆستای هونەر و لە تیپی نواندنی سلێمانیش بوو بە ئەندام، هاتنی ئەو بۆ سلێمانی جوڵەیەکی بەرچاوی هەر لە سەرەتای هاتنییەوە خستە نێو شانۆی کوردییەوە، کە یەکێک بوو لەو هونەرمەندە دەگمەنانەی لەو کاتەدا خوێندنی ئەکادیمیایی لەهونەرە جوانەکانی بەغدا تەواو کرد بوو.
وتیشی غازی تەنیا کاری دەرهێنانی دەکرد، نەک کاری نواندن و ئەکتەری، لەو ماوەیەدا کە لە سلێمانی مایەوە لە ساڵی 1971ەوە تاوەکوو ساڵی 1977، شانۆی کوردی پێشکەوتن و گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، کە چەندین شانۆگەری و درامای تەلەڤزیۆنی دەرهێنا و تا ئێستاش زۆربەیان لە یادەوەری ئەو نەوەیەدا ماوەتەوە کە لەو سەردەمەدا ژیاون و بینیویانە.
دڵپاک ئاماژە بەوە دەکات یەکەم کاری دەرهێنانی غازی بامەڕنی شانۆگەری نرخی ئازادی بووە لە ساڵی 1971دا، کە پاشان لە ساڵی 1972دا لە تەلەڤزیۆنی بەغدا وەک درامای تەلەڤزیۆنی تۆمار کراوە، هەر لە ساڵی 1972شدا کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری داوی مەرگ کردووە، هەر هەمان ساڵیش کاری دەرهێنانی بۆ درامای تەلەڤزیۆنی من کێم؟ کردووە، لە ساڵی 1973دا کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری چاوی کوردستان کردووە، هەمان ساڵیش شانۆگەری کۆتایی زۆرداری دەرهێناوە، دواتر لە تەلەڤزیۆنی بەغدا وەک درامایەکی تەلەڤزیۆنی تۆمار کراوە.
ساڵی 1974 کاری دەرهێنانی بۆ درامای تەلەڤزیۆنی دزی زۆرزان کردووە، لە ساڵی 1974یشدا کە تیپی نواندنی سلێمانی بەشانۆگەری شاخەوانی مەزن بەشداری لەیەکەم فستیڤالی شانۆی کوردی لەسەر شانۆی خولد و غازی بامەڕنی دەرهێنەری بووە، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. لە ساڵی 1975دا کاری دەرهێنانی بۆ درامای تەلەڤزیۆنی فیلەکەی خاوەن شکۆ کردووە و هەر هەمان ساڵیش کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری ڕێرەوی گەل کردووە، دواتریش هەر لە هەمان ساڵدا شانۆگەری مانگرتنی دەرهێناوە، هەموو ئەم شانۆگەری و درامایانەش لەو ڕۆژگارەدا دەنگدانەوەی گەورەیان هەبووە، هەرچەندە بەشێکی زۆریان کاری وێنەگرتن و ئەرشیف کردنیان بۆ نەکراوە.
دڵپاک وتی ساڵی 1976 کە تیپی نواندنی سلێمانی چووە #کەرکووک# بە مەبەستی تۆمار کردنی مانگرتن وەک درامایەکی تەلەڤزیۆنی، دەسەڵاتدارانی #بەعس# داوایان لەغازی بامەڕنی دەرهێنەری کرد کە درووشمەکانی حیزبی بەعس وەک وەحدە و حریە و ئیشتراکییە لە کۆتایی دراماکەدا بوترێت کاتێک کرێکارەکان مان دەگرن، بەڵام غازی بامەڕنی هەڵوێستێکی جوامێرانەی هەبوو کە ڕازی نەبو، هەرچەندە دوو دیمەنیشی تۆمار کرابوو، بەڵام وازمان لێناو گەڕاینەوە سلێمانی.
وتیشی بەبڕوای من ئەم تەگەرەیەی کەوتە بەردەمی لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک لە کاتی درامای مان گرتندا، کە داوای لێ کرا بۆ مۆڵەتدان بەتۆمار کردنی دراماکە درووشمەکانی حیزبی بەعس بەرز بکاتەوە، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ بیرکردنەوە لەبەجهێشتنی وڵات و ئەوە بوو لە سەرەتای 1977دا ڕویکردە وڵاتی فەرەنسا بە مەبەستی خوێندن.
غازی بامەڕنی پاش ئەوەی لە ساڵی 1977دا دەچێتە فەرەنسا، لە پاریس بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە بواری شانۆدا بەدەستدێنێت، لەو ماوەیەشدا چەندین پەرتووک سەبارەت بە ئەحمەدی خانی و دەروێشی عەبدی و چیرۆکی عەیشا بێتاری دەنووسێت.
بامەڕنی لە ساڵی 2008دا بەیەکجاری دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە بەشی شانۆی کۆلیژی ئادابی زانکوی دهۆک دەبێتە مامۆستا. لەو ماوەیەشدا لەبەرهەمهێنانی چەند کارێکی هونەریدا چالاک دەبێت و شانۆگەری مەم و زینی دەرهێناوە.
عومەر دڵپاک سەبارەت بەمەرگی غازی بامەڕنی، وتی هونەرمەندی شانۆکار غازی بامەڕنی، خزمەتێکی گەورەی بەهونەری شانۆی کوردی کردووە، کارە هونەرییەکانی و ناوی ئەو هەمیشە بەزیندوێتی دەمێنێتەوە، بامەڕنی مامۆستای هەمومان بوو.
بۆ چارەسەر دەچێتە شاری پاریس و لە ڕێکەوتی 15-12-2020 بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە.[1][2]