شانۆگەری کێچ
وەک ئاشکرایە، کە بیبلۆگرافیایەک، کە بۆ شانۆی کوردی تەرخانکرا بێت، دەبێت بەرلەهەمووشتێک نووسەرەکەی بیر لەوە بکاتەوە، کە ئەو کارەی لە داهاتوودا دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ شارەزایان و نەشارەزایانی مێژووی شانۆی کوردی و خوێنەران لێێ ورد دەبنەوە و هەڵدەسەنگێندرێت، تا ڕادەیەکی زۆریش وەک ژێدەرێک بۆ شانۆی کوردی هێمای پێدەکرێت، کارێک دەبێت، کە کۆکردنەوەی سەرجەم کار و چالاکیەکانی ساڵانی ڕابردووی هونەر و شانۆی کوردیی بە بەڵگەنامەوە دەبێت تێیدا تۆمار کرابێت. دەبێتە بەڵگەنامەیەکی زانیاریی بۆ هونەرمەندان وخوێنەران و لێکۆڵەران.
بەداخەوەم، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە لەلای من کەڵەکە بوون و لەبەر دەستمدان، کتێبی (بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، 1969 – 2019 کە لە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی هونەرمەند مامۆستا غەفور عەبدوڵلا) یە، کۆمەڵێک هەڵەی مێژوویی و زانیاریی ناتەواوی تێدایە، کە پێویستی بە پێداچوونەوە و شەنوکەوکردن هەیە. من بەپێی توانا و لە ڕووی ئەو بەڵگانەوە، کە لەبەر دەستمدان، هەوڵ دەدەم تیشکیان بخەمە سەر. ئەم کارەشم تەنیا بە مەبەستی گەیاندنی ڕووی ڕاست ودروستیی شانۆی کوردییە، کە دووبارە بەداخەوە شانۆی کوردی وەک موزیک و گۆرانی تۆمار نەکراون و بۆ چەند ڕۆژێک پێشکەش کراون و بێجگە لە چەند وێنەیەکی ناپیشە (ئەماتۆر)، هیچی تری لێنەماوەتەوە و تا ئێستاش زۆر لایەنی درەوشاوەی ئەو ڕابردووە ڕەنگینە نەخراوەتە ڕوو. لە ڕێی ئەم نووسینەشمەوە ڕووی دەمم لە مامۆستایان، نووسەران، ڕۆشنبیران و ئەکتەرکارانی شانۆی کوردی دەکەم و داوای ئەوەیان لێدەکەم، کە هەر یەکەیان و لەلای خۆیەوە ئەو زانیارییانەی، کە هەیانە بیخەنە ڕوو، تا ڕووی گەش و درەوشاوەی شانۆی کوری لە ڕابردوودا بخرێتە بەر چاو و مافی هیچ هونەرمەندێکی لێهاتووی ئەو بوارە نەفەوتێت و جێی شایستەی خۆیان پێببەخشرێت.
ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانە بە ژمارە زۆرن، کە ڕەوانشاد هونەرمەندی شانۆکاری کورد ڕەوف یەحیا بە سەرقافڵەچی کاری هونەری شانۆ لە سلێمانی و لە کوردستاندا دادەنێن.
لە سۆراخکردن و بە دواداچوونماندا، بۆئەوەی گەڵاڵەیەکی بیروڕای ئەو مامۆستا و شارەزایانەی، کە لەو بیرەدان، وەک وتمان ئەم هونەرمەندە شانۆکارە ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی بینیووە و تەوژمێکی گەرموگوڕی بە بزووتنەوەی شانۆی کوردی داوە.
گوتەی کۆمەلێک لە پسپۆر و دکتۆر و شاعیر و هونەرمەند و مۆسیقاژەن لەوانە زانای کورد ئەکادیمیکاردکتۆر فەریاد فازیل عومەر، هونەرمەندی پایەدار یاسین قادر بەرزنجی، ڕووناکبیری گەورەی گەلی کورد ڕەوانشاد مستەفا ساڵح کەریم و مۆسیقا ژەنی مەزن ئەنوەر قەرەداخی و دکتۆر توانا ی کوڕی هونەرمەندی نەمر عبدالقادر حسین محمد و زۆر لە هونەرمەندان و شاعیرانی بەتوانا و خۆشەویستی گەلی کورد وەک هونەرمەند تاها بابان، هونەرمەند عەبدولی حەمە جوان، شاعیر لەتیف هەڵمەت، شاعیر وشیار بەرزنجی، شاعیر خاتوو لەیلا و چەندانی تر، ئەمانە هەموویان وەک گوتمان هونەرمەند ڕەوف یەحیا بە یەکێک لە خەباتکارانی قۆناغی دووەمی بزوتنەوەی شانۆی کوردیی لە داڕشتن و کۆڵەکە و پەیکەری شانۆی نوێی کوردیی دادەنێن.
هونەرمەند ڕەوف یەحیا پێی وابوو هونەر لەهەموو سەردەمێکدا ڕێنیشاندەری گەلە و بڕوای بە داهێنان وگۆڕانکاری هەمیشەیی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەبوو، بەتایبەتی لە بواری هونەردا یەکێک لەو گۆڕانکاریانە، پێی باشبوو پێش دەستپێکردنی شانۆ و لەکاتی پشوەکانیشیدا دەبێت ئاهەنگی مۆسیقاو گۆرانی پێشکەش بکرێت، واتە بابەتە هونەرییەکان بەتایبەتی شانۆ و مۆسیقا بەیەکتری ئاوێتە بکرێن و لێک دوور نەخرێنەوە.
بۆئەم مەبەستەش لە ڕۆژی 19/6/1957 لەگەڵ کۆمەڵیک هاوڕێی هونەری مۆڵەتی فەرمی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی لەشاری سلێمانیدا وەرگرت. یەکەم بەرهەمی شانۆییشیان شانۆگەریی عەلە ورگەی شوتی دز بوو لە نوسینی ڕەوانشاد ڕەوف یەحیا کە لە مانگی نۆی ساڵی 1957 دا بەهاوکاری دیلان ی نەمر بە ئاهەنگی مۆسیقاو گۆرانی پێشکەش کرا و دواتر پیسکەی مۆلێر و بووکی ناکام بوو کە لە مانگی دەی ساڵی 1957 دا بەهەمانشێوە پێشکەش کرا. دوای ئەوەش شانۆی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بوو، کە لە ساڵی 1958دا وەک لەو وێنەیەدا دەبینرێت، کە هەریکە لە نەمران دیلان و شەماڵ سایب و هاوڕێکانی تێدایە.
شایانی باسە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لە سێ کۆمیتەو یەک دەستەی بەڕێوبەر پێک هاتبوو کەبریتیبوون لە:
یەکەم: کۆمیتەی نواندن
1- ڕەفیق چالاک
2- ڕەئووف یەحیا
3- نوری وەشتی
4- طەها خلیل
5- نامیق محی الدین
دووەم: کۆمیتەی مۆسیقاوگۆرانی
1- ولیم یوحنا
2- بەهجەت ڕەشید
3- نەجات عەبدە
سێیەم: کۆمیتەی وێنەو کۆڵین
1- خالید سەعید
2- جەمال بەختیار
3- ئازاد شەوقی
دەستەی بەڕێوەبەر:
1- ڕەفیق چالاک (سەرۆک)
2- ولیم یوحنا (جێگری سەرۆک)
3- رەئووف یەحیا (سکرتێر)
4- نوری وەشتی (ژمێریار)
5- بەهجەت ڕەشید (ئەمین سندوق)
.
کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی چۆن دامەزرا...؟
ساڵی 1969 لە دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە و دانیشتن لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردوستان و ڕژێمی بەغدادا و نزیک بوونەوەیان لە ڕێکەوتن و تاڕادەیەک دروست بوونی متمانە و ئاسایش لە نێوان بزووتنەوەی کورد و بەغدادا، کە دواتر و تاڕادەیەکی زۆر باڵی بەسەر دنیای ئەدەب و ڕۆشنبیری و هونەردا کێشا، لەو دۆخە سیاسیەدا و لە کەش و هەوایەکی تاڕادەیەک ئارامدا هەردوو هونەرمەند ڕەوانشاد نووری وەشتی و ڕەوف یەحیا بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردییان دا.
بۆئەو مەبەستەش پێویستییان بە پارێزەرێک بوو، کە ئەدیبێکی زمانپاراو بێت. هەردوو هونەرمەند بۆ ئەو مەبەستە لە ناوەڕاستی ساڵی 1969 دا ڕوویان لە پارێزەر ڕەوانشاد محمد سديق محمود ناسراو بە حەمە صدیقی محامی نا.
لەدوای پێچ مانگ و لە ڕۆژی 31/12/1969 دا کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی وەک دەزگایەکی خۆبەخش و سوود بەخش بە ڕەسمی دامەزرێنرا.
لەدوای دامەزراندنی کۆمەڵەکە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵی هونەرووێژەی کوردی و دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕوپڕیان، بڕیاریاندا، کە تا ڕۆژی هەڵبژاردنی دەستەی یەکەمی بەڕێوبەری کۆمەڵ بەم شێوەیەی خوارەوە کارەکانیان دابەش بکەن:
حەمە سدیقی محامی کاری ڕاوێژکاریی یاسایی و داڕشتن و بێژەری وتاری کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی بە زمانی عەرەبی پێسپێررا.
نووری وەشتی کاری ئیداری و بێژەری وتاری کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی بە زمانی کوردی پێسپێررا.
ڕەوف یەحیا ش بەهۆی ئەزمونی هونەرییەوە، کاری هونەریی کۆمەڵی خرایە ئەستۆ.
یەکەم بەرهەمیشیان بەرلە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەر شانۆگەری کێچ بوو، کە لە نوسینی حەمە سدیقی محامی و پیاداچونەوە و ڕێکخستنی نووری وەشتی و لە دەرهێنانی نەوزاد مەجید و پاڵەوانی شانۆگەرییەکەش هونەرمەند ڕەوف یەحیا بوو.
بڕیار وا بوو، کە شانۆگەرییەکە بۆ نەورۆزی ساڵی 1970 لە شاری سلێمانی نمایش بکرێت، بەڵام پارێزگاری ئەوکاتەی شاری سلێمانی (شکری صبری الحدیثی) داوا دەکات، لە ژێر چاودێری خۆیادا شانۆگەرییەکە، پێش جەژنی نەورۆز نمایش بکرێت و ئەمانیش وا دەکەن و شانۆگەرییەکە بەرلە جەژنی نەورۆز پێشکەش دەکەن.
شانۆگەری کێچ لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی #05-03-1970# لە قوتابخانەی ئامادییی سلێمانی کوڕان پێشکەش کراو نمایش تا جەژنی نەورۆز بەردەوام بوو.
شانۆگەری کێچ باس لە کێشە کۆمەڵایەتی و دیاردە دزێوەکانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری دەکات، کە ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای بیری ڕۆشنی ئەو سەردەمەی شاری سلێمانی تێدا بەرجەستە کرابوو. پاڵەوانی شانۆگەرییەکە (هونەرمەند ڕەوف یەحیا) ڕۆڵی پیاوێکی چەوساوە، ستەملێکراو و بەرگریکار دەبینێت، بەو ڕۆڵەی کە دەیبینێت ڕووی ڕەشی چەوساندنەوەی چینایەتی دەخاتە بەرچاو و لە هەوڵی ڕیسواکردنی ستەمکاران و پشتیوانیی زۆرینەی بەشخوراواندا دەبێت.
ئەکتەرەکانی شانۆگەرییەکە :
ڕەوف یەحیا، تەها خەلیل (لە تەلەفزیۆندا هونەرمەند عومەر چاوشین)، فوئاد محەمەد ئەمین ئاغا، نووری وەشتی، عەبدولی حەمە جوان، ماجیدی حەمە جوان، مستەفا ئەحمەد (وەستا عەلی)، ئەحمەد سالار، عەلی توانا، عومەر کەریم ئاغا، بێستون عەبدول قادر، سالار عومەر، ماجید عەبدوڵڵا، ئازاد حەمە بچوک، مارف ناسراو، پەیمان ماجد، حاجی بەکر سدیق محی الدین.
لەدوای دامەزراندنی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەکە ئەندامانی (دەستەی یەکەمی بەڕێوەبەر) ی کۆمەڵەکەیان لە ڕۆژی 4/ 5/1970 دا بەم شێوەیە ی خوارەوە هەڵبژارد:
نوری محەمەد ئەمین: سەرۆک
شیێرکۆ فائق: جێگیر
ئەمین میرزا کەریم: سکرتێر
فایەق نووری سەعید: ژمێریار
رەوف یەحیا ئەحمەد : بەڕێوبەری هونەری
محەمەد سدیق مەحمود، تەها خەلیل حسێن، مەحمود زێوەر، عەلی ئەحمەد جۆڵا، تەها باراوی، جیهان عومەر، نەوزاد مەجید کەریم، عبدولقادر نوری، حەسیبە ئەحمەد، شەوکەت ڕەشید، سەڵاح ڕەشید، خالید زامدار بوونە ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی مەڵبەندی گشتی سلێمانی.
کۆمەڵی هونەرو وێژەیی کوردی لقی بەغداد
لە مانگی پێنجی ساڵی 1971 دا دامەزرا
لە پەیرەوی کۆمەڵە و دامەزراندنی کۆمەڵەدا هاتووە، ئەوانەی کە کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی دادەمزرێنن، مەرج نییە هەرئەوانە ببن بە ئەندامی دەستەی بەڕێوبەر و هەر ئەوانیش ببن بە سەرۆک یان بەڕێوبەری هونەریی کۆمەڵەکە.
بۆ نمونە ڕەوانشاد مامۆستا ڕەفیق چالاک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغداد نەبوو، بەڵکو مامۆستا چالاک دوای دامەزراندی کۆمەڵەکە بوو بەئەندامی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغدا.
ئەندامانی کۆمەڵەکە دەستەیەکی هەڵبژاردەی نووسەران و ڕۆشنبیرانی لاوی ئەو سەردەمەی کورد بوون لە بەغدا بۆ مەبەستی وتووێژ دەربارەی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری یەکەمی کۆمەڵە لە ماڵی دکتۆر فەریاد فازیل عومەر لە گەڕەکی وەزیرییە لە شاری بەغدا کۆبوونەوە، ئەو کاتە ئەویش وەک زووربەی زۆری هاوڕێکانی تری خوێندکار بوو، تەمەنی 21 ساڵ بوو، لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ مێژوو دەیڵێین: وەک خۆی ئاگاداری کردینەوە، کە پێشنیازی ئەوەی کرد، کە هونەرمەند ڕەفیق چالاک بە سەرۆکی کۆمەڵەکە هەڵببژێردرێت، بەڵگەشی بۆئەمە لێهاتوویی و شارەزایی هونەرمەند ڕەفیق چالاک بوو، نەک تەنیا لە کاری ڕۆشنبیری و هونەریدا بەڵکو لە کاری یاساییشدا، کە گەلێک شارەزا بوو. دکتۆر فەریاد فازیل وەک خۆی ئاماژەی پێدەکا، بە خۆیدا ڕاپەرمووە تا ئەم پێشنیازە بکات، چونکە وەک مرۆڤێکی سەر بە سیاسەتی حیزبایەتی ئەو سەردەمە نەبووە، لە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەردا، کە شەست وحەوت کەس بەشدار بوون، زۆربەی زۆری دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکەی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەدا هێنابوو. ئەو ئێوارەیەی کە کۆبونەوە کرا بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەر، تەنانەت هونەرمەند ڕەفیق چالاک لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوو، بەڵام وەک ئەندامێکی کۆمەڵەکە ناوەکەی پێشنیاز کراو، لە ئانجامدا بە کەمترین دەنگ بوو بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر.
دوای ئەوەی کە دەستەی بەڕێوەبەری یەکەمی کۆمەڵە هەڵبژێردرا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمەڵە، جێگرەکەی، بەڕێوەبەری بەشی هونەر و بەڕێوەبەری کاروباری ئیداری. لەو کۆبوونەوەیەدا ڕەوانشاد مامۆستا ڕەفیق چالاک و مامۆستا جیهان شاوەیس برای دکتۆر جەوهەر شاوەیس و نوری شاوەیس مامی دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس کە پیاوێکی زیرەک و بەتوانا بوو، شارەزاییەکی زۆری لە زماندا هەبوو خۆیان بۆسەرۆکی کۆمەڵی هونەرو وێژەیی کوردی لقی بەغداد پاڵاوت.
لەهەڵبژاردنەکەدا مامۆستا ڕەفیق چالاک زۆرینەی دەنگی گەنجانی بەدەست هێنا و بووە سەرۆکی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغداد.
دوای پێشکەشکردنی شانۆگەری(دکتۆری دێم) کە لە سەر شانۆی هۆلی زانکۆی موستەنسرییە لە شاری بەغداد پێشکەشکرا، کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغداد هیچ جۆرە چالاکیەکی هونەری لای ئێمە ئاشکرانییە.
نەمری بۆ هەموو ئەو ڕەوانشادانە و هیوای تەمەن درێژی و لەشساغی بۆ ئێوەی ئازیز.
سەرچاوە:
- هونەرمەند ڕەوف یەحیا : ئەکتەر، نوسەر و دەرهێنەر
- دکتۆر فەریاد فازیل عومەر: دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی بەرلین
- بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد 1969 – 2019، ئامادەکردن و کۆکردنەوەی هونەرمەند مامۆستا غەفور عەبدوڵلا
- بیبلیۆگرافیای بڵاوکراوەو بەڵگەنامەی هونەری شانۆی شاری سلێمانی، ئامادەکردن و کۆکردنەوەی ڕۆشنبیر و ڕووناکبیر مامۆستا بوار نوورەدین
- ئەو زانیاری و بەڵگانەی، کە لەبەر دەست وئەرشیفی نووسەری ئەم باسەدایە
بە سوپاسەوە، ساڵی 2020 ئەکادیمیکاردکتۆر فەریاد فازیل عومەر دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی بەرلین کتێبی (بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، 1969 – 2019 کە لە کۆکردنەوەی هونەرمەند مامۆستا غەفور عەبدوڵلا) یە. لە یادی 31 ساڵەی کۆچی دوایی هەنەرمەندی گەورە و زیندوو ڕەوانشاد ڕەوف یەحیا زەنگەنەدا، پێشکەشی کردم و بۆی ناردم.
.
هەندێک لەو کەموکوڕی و هەڵە مێژوویییانەی، کە لە کتێبی بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد 1969 – 2019 دا بە زەقی دەبینرێن
یەکەم: کتێبەکە، کە لە ڕاستیدا بۆئەوە تەرخانکراوە، کە باسی کۆمەڵی هەنەرو وێژەی کوردی بکات، کەچی لە ناوەرۆکی کتێبەکەدا نووسەر نایەتە سەر ئەو باسە گرنگەی، کە پەیوەندی بە چۆنێتی دامەزراندنی ئەو کۆمەڵەیەوە هەیە و لێینادوێ.
دووەم: نووسەری کتێبەکە لە لاپەڕە 39 و 40 ی کتێبەکەدا باسی شانۆگەری کێچ دەکات. لە لاپەڕە 39 شدا وێنەیەک تۆمار دەکات، کە وێنەی پاڵەوانی شانۆگەرییەکە (ڕەوانشاد ڕەوف یەحیا) یە، بەڵام جێی داخە لەکاتێکداکە لە لاپەڕەی 40 ی کتێبەکەیدا ناوی ئەکتەرە بەشداربووەکانی شانۆگەرییەکە دەبات و ناویان تۆمار دەکات. ناوی پێنج هونەرمەندی بەشداربوو لە شانۆگەرییەکەدا تۆمار ناکات. یەکێک لەوانەی، کە ناوی نەبراوە، پاڵەوانی شانۆگەرییەکەیە.
ئەو پێنج هونەرمەندە بەشداربووەی شانۆگەریییەکەش، کە ناویان نەبراوە:
ڕەوف یەحیا: لە دەوری خولەی سواڵکەر دا
مستەفا ئەحمەد (وەستا عەلی): لە دەوری میرزا کەریم دا
علی توانا: لە دەوری مام تەپل دا
ئەحمەد سالا: لە دەوری مام غەریب دا
حاجی بەکر سدیق محی الدین.: کۆمبارس
سێیەم: لە لاپەرە 78 دا نوسەر باسی شانۆیی ئۆپەرێتی بوک و زاوا دەکات، بەداخەوە کە ناوی ئەکتەرە بەشداربووەکانی شانۆگەرییەکە تۆمار دەکات، ناوی هونەرمەند ڕەوف یەحیا تۆمار ناکات.
جوارەم: لە لاپەرە 43 دا نووسەر نوسیویەتی، کە هونەرمەند ئەحمەد سالار بە سەرۆکی کۆمەلی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغدا هەڵبژێرراوە. لە ڕاستیدا و بۆ مێژوو سەرۆکی کۆمەلی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغدا ڕەوانشاد ڕەفیق چالاک بووە
لە کتێبێکی دۆکۆمێنتاری وادا دەبێت نووسەر زۆر وریا بێت و بایەخێکی گرنگ بەو مێژووانە بدا، کە تۆماریان دەکا. بەداخەوە لە گەلێ شوێنی کتێبەکەدا ئەو وردبینییە بەدی ناکرێ. بۆ نموونە لە لاپەڕە 66 دا نووسراوە، کە هونەرمەند ڕەفیق چالاک لە 1933 دا لە دایک بووە، بەڵام بەپێی پێناسی باری شارستانی هونەرمەند ڕەفیق چالاک، کە وێنەیەکی لەبەر دەستی مندایە، دەبێ ڕەفیق چالاک لە ساڵی 1925 لە دایک بووبێ.
هەڤاڵ ڕەوف یەحیا
12/12/2021